رووداو دیجیتاڵ
هەزاران گەشتیار لەنێو ئاوە سازگارەکەی هاوینەهەواری بێخاڵ لە سنوری قەزای رواندز کات بەسەر دەبەن.
هەر بێخاڵ نا بەڵکو تەواوی شوێنە گەشتیارییەکانی سنووری سۆران، رواندز و چۆمان پڕبوون لە گەشتیار. پشووی جەژن و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما هۆکاری هاتنی ئەو ژمارە زۆرەی گەشتیارانە.
سارا ئەحمەد، گەشتیارێکە و دەڵێت: کەشێکی خۆشە، ئێمە کەشی کوردستانمان پێ خۆشە، ئاو و هەوای بێخاڵ زۆر خۆشە و شوێنی مانەوەشمان لە بێخاڵ دابینکردووە.
کەڕاڕ شاهین، گەشتیارێکی دیکەیە و گوتی: خۆشترین شوێنە، پارێزراوە و کەس لێمان ناپرسێت تۆ عەرەبی یان کوردی یان لە کوێ هاتووی خەڵکەکە هەمووی تێگەیشتوو و رۆشنبیرن.
ئەحمەد فەرید، گەشتیارێکی دیکەیە و دەڵێت: شوێنەکان هەموو جوانن، ئەو سەرمایەی ئێرە ماندوبوونی شەش مانگت لەبیردەباتەوە.
فێنکی ناوبانگی شوێنە گەشتیارییەکانی سۆران تەنها بۆ گەشتیارانی عەرەب جێی سەرنج نین، خێزانی کوردیش هەن و لە شارەکانی دیکەوە هاتوون و رۆژانی جەژن لەو ناوچەیە بەڕێدەکەن.
شادی یوسف، گەشتیارێکە و دەڵێت: هەموو ناوچەکانی کوردستان خۆشە، زۆر دێین بۆ ئێرە بە راستی زۆر خۆشە، جەژن پیرۆز دەکەم.
بەگوێرەی ئامارەکانی گەشتوگوزاری سۆران، لە رۆژانی یەکەم و دووەمی جەژن زیاتر لە 70 هەزار گەشتیار چوونەتە شوێنە گەشتیارییەکانی سنووری سۆران، رواندز و چۆمان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ