رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، پێویست بوو بەغدا بۆ شەش مانگی ئەمساڵ، ترلیۆنێک و 200 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت، بەڵام تەنیا 400 ملیار دیناری ناردووە، دەشڵێت، بەڵام حکومەت مووچەی هەموو مانگێکی لە داهاتەکانی نەوت و ناوخۆی هەرێمی کوردستان دابین کردووە و "هەموو مانگ مووچەمان دابەشکردووە."
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 30ـی حوزەیرانی 2022، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی ئەنجوومەنی هەرێمی بۆ کاروباری نەوت و گاز، بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنەکە، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی هەرێمی بۆ کاروباری نەوت و گازی کرد کە یەکەمین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنەکەیە لە دوای هەموارکردنی یاسای نەوت و گاز.
بەپێی راگەیێندراوێکی حکومەت کە لەبارەی کۆبوونەوەکە بڵاویکردووەتەوە، کۆبوونەوەکە جەختی لە چارەسەرکردنی کێشەکان لە سەر بنەمای دەستوور کردووەتەوە و، "شاندی دانوستانکاری هەرێمی کوردستان ئامادەیە سەردانی بەغدا بكات بۆ گفتۆگۆكردن لەسەر كێشەكانی تایبەت بە نەوت و گاز."
بەهۆی دوو سکاڵای وەزیری نەوتی عێراق و ئەندامێکی ئەنجوومەنی پێشووی پارێزگای بەسرە، کە لە ساڵانی 2012 و 2019 تۆماریان کردوون، دادگەی فیدراڵیی عێراق، لە 15.2.2022، بڕیاریدا کە یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستان 'نادەستوورییە'، بۆیە هەڵیوەشاندەوە.
دادگەکە هەروەها بڕیاریدا کە دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان تێکڕای نەوتی بەرهەمهێندراوی خۆی رادەستی وەزارەتی نەوتی عێراق بکات. دادگەکە هاوکات مافی دایە وەزارەتی نەوتی عێراق لە یاسایی و راستی و دروستی گرێبەستە نەوتییەکان و گرێبەستە گازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتان و کۆمپانیا بیانییەکان بکۆڵێتەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی داهات و خەرجییەکانی نەوت بۆ شەش مانگی یەکەمی ساڵ کراوە. بەپێی راگەیێندراوەکە، "حکومەتی هەرێمی کوردستان لە داهاتی نەوت پارەی پێویستی بۆ دابینکردنی مووچەی تەواوی شەش مانگی ئەمساڵی دابین کردووە."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، حکومەتی فیدراڵیی عێراق بۆ شەش مانگی ئەمساڵ، پێویست بوو ترلیۆنێک و 200 ملیار دینار بۆ دابین کردنی مووچە بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت، بەڵام تەنیا دوو مانگ لەو ماوەیەدا بڕە پارەی ناردووە کە تەنیا 400 ملیار دینارە. "بەڵام حکومەت [حکومەتی هەرێمی کوردستان] مووچەی هەموو مانگێکی لە داهاتەکانی نەوت و ناوخۆی هەرێمی کوردستان دابین کردووە و هەموو مانگ مووچەی دابەشکردووە."
لەبارەی پەیوەندیی نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان، تایبەت بە ناکۆکیی نەوت و گاز، لە کۆبوونەوەکەدا دوایین پێشهاتەکانی پەیوەندیی نێوانیان خراوەتەڕوو و، "کۆبوونەوەکە جەختی لە چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور کردەوە و دووپاتیشی کردەوە کە؛ شاندی دانوستانکاری هەرێمی کوردستان ئامادەیە سەردانی بەغدا بكات بۆ گفتۆگۆكردن لەسەر كێشەكان."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ