کەسێک لە هەولێر خوشکێکی و زاوایەکی دەکوژێت


رووداو دیجیتاڵ 

بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە یەکێک لە گەڕەکەکانی هەولێر رووداوێکی تەقەکردن روویدا و بەهۆیەوە دوو کەس کوژران کە هاوژینی یەکدین. کەسی تەقەکەریش برای ژنە کوژراوەکەیە.

 

پەیام سەربەست، پەیامنێری رووداو لە شوێنی رووداوەکە قسەی لەگەڵ کەسوکاری کوژراوەکان کرد، ئەوان باسیان لەوە کرد، بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە بووە.
 
رۆستەم جوبرائیل، باوکی ئەو کوڕەی کوژراوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی بوو، کێشەکە ساڵێکە روویداوە و بەهۆی کێشەکەوە سێ ژنم داوەتە ئەو ماڵە [ماڵی بکوژ]."

لەبارەی چۆنییەتیی رووداوەکەش، باوکی کوڕە کوژراوەکە گوتی، "بەیانیی ئەمڕۆ ئەو کەسە [بکوژ] چووەتە ماڵەکەیان و کەسمان لەماڵ نەبووە. هەردووکیان لەماڵەوە پێکەوەژیاون و بەتەنیا بوون." گوتیشی، "کوڕەکەم لەدایکبووی 2001ـە و هاوژینەکەیشی تەمەنی لە ئەو کەمترە."
 
موقەدەم هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە سیداد لەشکری، پەیامنێری رووداوی راگەیاند، ئەو دوو کەسەی کوژراون هاوژینی یەکدین و ناویان (زەکەریا رۆستەم جوبرائیل) و (سومەیە. س. ئـ)ـە. "دوای لێکۆڵینەوەش دەرکەوتووە کە تۆمەتباری بکوژ برای سومەیەیە و ناوی (س. س. ئـ)ـە."
 
شایەدحاڵێک لە گەڕەکەکە قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی، ئەو سێ ژنەی ماڵی کوڕەکە بە ماڵی کچەکەیان داوە، دووانیان گوێزراونەتەوە و لە ماڵی خۆیانن، ئەوەی دیکەیشیان بڕیاربوو لە مانگی داهاتوودا بگوێزرێتەوە. 
 
 
 
 
هادی سەلیمی، پەیامنێری رووداو گوتی، هاوژینی ئەو کوڕە کە دەکاتە خوشکی "بکوژەکە" تەمەنی 18 ساڵانە، ساڵی رابردوو کاتێک رێککەوتوون ژیانی هاوژینی پێکبهێنن، کوڕەکە 20 ساڵان بووە و کچەکەش تەمەنی 17 ساڵان بووە. 
 
خێزانی کوڕە کوژراوەکە ئاماژە بەوە دەکەن، هیچ کێشەیەک لەنێوانیاندا نەمابوو. یەکێک لە خزمەکانی قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی، "چەند رۆژێک پێش ئێستا کەسی بکوژ چووەتە ماڵی خوشکەکەی و سەردانی کردوون، هەندێک کەلوپەلیشی بۆ بردوون."
 
بەپێی زانیارییەکانی خاڵێکی کوڕە کوژراوەکە کە بۆ رووداو قسەی کرد، تەقەکەرەکە بە هەڕەمەکی تەقەی کردووە، "یەکەمجار کوڕەکەی کوشتووە، پاشانیش خوشکەکەی هەڵاتووە و لە دەرەوە تەقەی لێکردووە و کوشتوویەتی."
 
تاوەکو ئێستا هێزە ئەمنییەکان دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکەیان رانەگەیاندووە. گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر دەڵێت، لێکۆڵینەوەکانمان بەردەوامن.