تووشبوویەکی کۆرۆنا منداڵێکی تەندروستی دەبێت؛ ئێستاش شیری پێدەدات

 
رووداو - کەرکووک

سارای تەمەن سێ رۆژە، دوای لەدایکبوون، دەرکەوت هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنا نییە، منداڵەکە و دایکیشی تەنیا چەند کاژێرێک لە نەخۆشخانە مانەوە و گەڕانەوە ماڵەوە، دایکی ئێستا لە نیشانەکانی کۆرۆنا تەنها کۆخەی هەیە و باری تەندروستیی جێگیرە.
 
باوکی منداڵەکە دەڵێت، سەرەتا پشکنینی کۆرۆنایان بۆ هاوژینەکەی کردووە، ئەنجامەکەی پۆزەتیڤ بووە، هەربۆیە لە ماڵەوە خۆی کەرەنتین کردووە بۆ ماوەی نزیکەی 20 رۆژ، کاتی منداڵبوونەکەش بردوویانەتە نەخۆشخانەی گشتیی کەرکووک.
 
منداڵەکە ئێستا لە ماڵەوە لە دایکی دابڕێنراوە، تەنیا بۆ شیردان نەبێت، کە بەپێی رێنمایی تەندروستی، رێگەدراوە شیری دایکی بخوات، بەپێی بڵاوکراوەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانییش، شیردان هۆکار نییە بۆ تووشبوون بە کۆرۆنا.
 
بە گوتەی باوکی منداڵەکە، هاوژینەکەی لەکاتی شیرپێدانی منداڵەکە، دەستی دوو سێ جار بە ئاوی گەرم دەشوات و پێداویستییەکانی خۆپارێزی دەپۆشێت، کێشی منداڵەکەش سێ کیلۆ و 665 گرامە.
 
پێش لەدایکبوونی منداڵەکە، دایکی سەردانی نەخۆشخانەیەکی کردووە و هەر لەوێ دەرکەوت کە تووشی کۆرۆنا بووە، دوای لەدایکبوونی منداڵەکەش، پزیشکەکان کە زانییان دۆخیان جێگیرە، رێگەیانداوە بچنەوە لە ماڵەوە دایکەکە خۆی کەرەنتین بکات.
 
د. حسێن ئیبراهیم، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ژنان و منداڵبوونی کەرکووک دەڵێت "دڵنیابووین کە تووشبووی کۆرۆنایە، گواستمانەوە بۆ شوێنی جیاکراوە لەپاڵ نەخۆشخانەکەمانەوە، پزیشکی پسپۆڕمان ئاگادارکردەوە پشکنین و سۆناریان بۆی ئەنجامدا، هەروەها نموونەی خوێنی لێ وەرگیرا، بۆیە زانیمان کە ژنەکە پێویستی بە چەند رۆژێکە تاوەکو منداڵی دەبێت، گواستمانەوە نەخۆشخانەی گشتیی کەرکووک، رێکاری منداڵبوونەکە جێبەجێ کرا، منداڵەکە و ژنەکەش تەندروستییان باشە".
 
تائێستا تووشبوونی منداڵان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کەرکووک دەگمەنە، بەپێی ئامارەکانی تەندروستیی عێراقیش رێژەی تووشبوونی منداڵانی خوار تەمەن 10 ساڵان بە کۆرۆنا 5% تێپەڕی نەکردووە، رێژەی مردنیش "ئێجگار کەمە".