مەسرور بارزانی و سوودانی کۆبوونەوە؛ حکومەت دەڵێ 'بۆ هەموو گفتوگۆیەکی بونیادنەرانە دەستپێشخەرین'

30-05-2024
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
مەسرور بارزانی و محەممەد شیاع سوودانی لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیاندا
مەسرور بارزانی و محەممەد شیاع سوودانی لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیاندا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

مەسرور بارزانى، سه‌رۆكى حکومەتی هه‌رێمى كوردستان ئەمڕۆ لە بەغدا، له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د شياع سوودانى، سه‌رۆكوه‌زيرانى عێراق كۆبووه‌وه، حکومەتی هەرێمی کوردستانیش دەڵێ "بۆ هەموو گفوگۆیەکی بونیادنەرانە، دەستپێشخەرین."
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بارودۆخى عێراق به ‌گشتى و گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور تاووتوێ کرا. هەرودوولا هاوڕابوون له‌سەر پێویستیی به‌رده‌وامبوونی گفتوگۆى بنياتنه‌رانە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان کە لە بەرژەوەندیی سەرجەم پێکهاتە و هاووڵاتییانی عێراقدا بێت."
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان: بۆ هەموو گفتوگۆیەکی بونیادنەرانە، دەستپێشخەرین
 
هەر لەبارەی سەردانەکە و کۆبوونەوەکانی مەسرور بارزانی لە بەغدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "چارەسەری ریشەیی کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، مووچەی نەهاتووی هێزە ئەمنییەکان، پرسی دووبارە دەستپێکردنەوەی ناردنە دەرەوەی نەوت، گەنمی جووتیاران و چەند دۆسیەیێکی دیکە لەسەر مێزی گفتوگۆی مەسرور بارزانی دەبن لە بەغدا."
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوەکەی ئەمڕۆی (پێنجشەممە، 30-5-2024) هەروەها دەڵێ "هەرێمی کوردستان نیەتی جدی و راستگۆیانەی هەیە بۆ چارەسەری سەرجەم کێشەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور، هەروەها پاراستنی مافەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان باوەڕی تەواوی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانییە لە یەکەم رۆژی دەستبەکاربوونی کابینەکەی، لەم روانگەیەشەوە بۆ هەموو گفتوگۆیەکی بونیادنەرانە دەستپێشخەرین."
 
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە بەغدا و لەدوای کۆبوونەوەی لەگەڵ قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی رایگەیاند "بۆ چارەسەرکردنی هەموو ئەو کێشە و گرفتانەی تائێستا ماون، زۆر ئاساییە بێین لە بەغدا لەگەڵ هەموو ئەو برادەرانەی پەیوەندیدارن گفتوگۆ بکەین، یەکەم دیدارمان لەگەڵ قاسم ئەعرەجی بوو، کە برایەکی خۆشەویست و ئازیزمانە."
 
سەرۆکی حکومەت رایگەیاند، لە بەغدا هەروەها "لەگەڵ سوودانی، سەرۆکوەزیران و بەرپرسە باڵاکانی دیکەی حکومەت و حیزبە سیاسییەکان دیدار و گفتوگۆمان دەبێت لەسەر کۆمەڵێک لەو گرفتانەی تاوەکو ئێستا ماون، لەلایەکی دیکەوە بۆ پتەوکردنی ئەو پەیوەندییە باشانەی ئێستا خەریکە دەکەونە سەر سکەی خۆیان (گفتوگۆ دەکەین)."

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە