بەدواداچوونی رووداو: ئەوانەی بە ڤیزەی یەک ساڵی چوونەتە سعودیە لە مەککە دووردەخرێنەوە
رووداو دیجیتاڵ
دەنگۆی دەستگیرکردنی ژمارەیەک هاونیشتمانیی هەرێمی کوردستان لە سعودیە بڵاوبووەتەوە، بەڵام بەگوێرەی بەدواداچوونێکی رووداو، ئەو هاونیشتمانییانە تەنیا لە شاری مەککە دووردەخرێنەوە.
جگە لەو کەسانەی لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستانەوە چوونەتە سعودیە بۆ حەجکردن، ژمارەیەک هاونیشتمانی بە ڤیزەی یەک ساڵی سعودیە چوونەتە وڵاتەکە و دەیانەوێت حەج بکەن.
رووداو لە زیاتر لە دوو سەرچاوەوە پشتڕاستی کردەوە کە "هیچ کەسێکی وەرگری ڤیزەی یەک ساڵی دەستگیرنەکراوە؛ ئەوانەی ئەو ڤیزەیەیان هەیە ئەگەر پۆلیس پێیان بزانێت، بە پاس دەیانباتە دەرەوەی شاری مەککە و لەوێ ئازادیان دەکات."
بەرپرسێک لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێمە هیچ کاتێک پشتگیری ئەو جۆرە حەجە ناکەین و بەرپرسیش نین لەو کەسانە، چونکە پێشتریش هۆشداریمان دابوو کە کاری لەو جۆرە نایاساییە."
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، لەم مانگەدا پۆلیسی سعودیە ژمارەیەک هاونیشتمانی لە شەقام و هۆتێلەکانی مەککە راگرتووە و گواستوونیەتییەوە بۆ ئەودیو خاڵی پشکنینی چوونە نێو شاری مەککە و لەوێ ئازادی کردوون.
بە گوێرەی یاساکان، ئەو کەسانەی بە ڤیزەی یەک ساڵی چوونەتە سعودیە دەتوانن تاوەکو یەک ساڵ لەو وڵاتەدا ئازادبن؛ بۆیە پۆلیس هیچ کەسێکی دەستگیرنەکردووە و دیپۆرت نەکردووەتەوە.
هاونیشتمانییەک کە بە ڤیزەی یەک ساڵی لە سعودیەیە و دەیەوێت حەج بکات بە رووداوی گوت: "ئەو کەسانەی دەبرێنە خاڵی پشکنینی دەروازەی مەککە پاسپۆرتیان لێ وەرناگیرێت و دەستگیریش ناکرێن، تەنیا دەڵێن مافتان نییە لەو کاتەدا بچنە نێو مەککە کە کاتی بەجێهێنانی حەجە."
بەرپرسەکەی وەزارەتی ئەوقاف گوتی: "ئەم ساڵ 4 هەزار و 685 هاونیشتمانی لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەوە لە سعودیە حەج دەکەن. ئێمە تەنیا پشتیوانی لەو کەسانە دەکەین و بۆ کەسانی دیکە هیچمان پێ ناکرێت."
ئەو هاونیشتمانیانەی بە ڤیزەی یەک ساڵی چوونەتە سعودیە بۆ حەج دەڵێن، "جگە لە خەڵکی هەرێمی کوردستان و عێراق، خەڵکێکی زۆری وڵاتانی دیکەش بێ رێکارەکان و بە ڤیزەی یەک ساڵی چوونەتە سعودیە. تەنانەت خەڵکی وڵاتانی دەوروبەری سعودیە بێ ڤیزە و بە قاچاخیش چوونەتە وڵاتەکە بۆ حەجکردن."
26ی ئەم مانگە یەکەم کاروان لە زیارەتکارانی حەجی ئەم ساڵ لە رێگەی هەردوو فڕۆکەخانەی هەولێر و سلێمانییەوە گەیشتنە سعودیە و بڕیارە ئەمڕۆ دوایین کاروان بە رێگەی ئاسمانی بگاتە ئەو وڵاتە. ئەو کەسانەشی بە رێگەی وشکانی دەچن، دوێنێ بەڕێکەوتوون و بڕیارە سبەی بگەنە سعودیە.
ئەم ساڵ لە پاڵ زمانە جیهانییەکانی وەکو عەرەبی، پاکستانی و ئینگلیزی، بە تابلۆی کوردی و بە "بەخێربێن" پێشوازی لە زیارەتکارانی کورد دەکرێت و بەشێکی رێنوێنی شوێنەکانیش بە کوردی لەسەر تابلۆکان نووسراوە.
ئەوانەی لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان ئەم ساڵ حەج دەکەن، تیکتی فڕۆکە، هۆتێل لە سعودیە، خشتەی کاری رۆژانە، پاسی هاتووچۆ و باجیان بۆ ئامادە کراوە.
ئەم ساڵ 4685 هاونیشتمانی بۆ حەجکردن دەچنە سعودیە؛ لەو ژمارەیە 1460 کەسیان بە رێگەی وشکانی بەڕێکەوتوون.
بەگوێرەی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، حەجکردن ئەم ساڵ بە دینارە؛ بە رێگەی ئاسمانی شەش ملیۆن و 350 هەزار دینار و بە رێگەی وشکانیش پێنج ملیۆن و 300 هەزار دینارە.
لە حەجی ساڵی 2023ـدا چوار هەزار و 685 هاونیشتمانی بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج چوونە مەککە کە 720ـیان بە رێگەی وشکانی و ئەوانی دیکە بە رێگەی ئاسمانی چوون و تێچووی حەج بە رێگەی ئاسمانی چوار هەزار و 500 دۆلار بە وشکانیش سێ هەزار و 800 دۆلار بوو.