عەممار حەکیم لە بێستوون تۆک: لە خورماتوو پێکهاتەی دیاریکراو تووشی کێشە کراوە
رووداو دیجیتاڵ
رێبەری رەوتی حیکمەی نیشتیمانی رایگەیاند، ئاگەداری دۆخی قەزای خوورماتووە و ئاماژەی بەوەش کرد، "ساڵانێک هەندێک کێشە تووشی پێکهاتەی دیاریکراو کراونەتەوە".
مێوانی ئەمجارەی بەرنامەی بێستوون تۆک-ی تۆڕی میدیایی رووداو عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە بوو کە شەوی پێنجشەممە(30-05-2024) پێشکێشکرا. عەممار حەکیم رایگەیاند، ئەوان بەرگریی لە مافی هەموو پێکهاتەکان دەکەن و پێویستیان بە هەندێک کاتە بۆ ئەوەی کێشەی قەزای خورماتوو چارەسەر بکەن.
عەممار حەکیم دەڵێت: "بێگومان ئێمە لە بەغدا، سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی و ئەوانی دیکەش، سەرکردەکانی شیعە، هیچ ساتێک وا بیرناکەینەوە کە گوشار بخەینە سەر ئەوانی دی، بەپێچەوانەوە ئێمە بەرگری لە پێکهاتەکانی دیکە دەکەین، کام پێکهاتە گەورەتر بوو، بە حوکمی قەبارەی و رووبەری، وا بیردەکاتەوە کە بەرپرسیارێتییەکەی گەورەترە لەڕووی نەهێشتنی ئەم جۆرە کەلێنانە و پاراستنی پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتەکان.
لە دوای ساڵی 2010 و رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017، زیاتر لە پێنج هەزار خێزانی کورد لە قەزای خوورماتوو ئاوارەبوون و ماڵی سەدان خێزانیش سووتێندرا. بەشێک لەو خێزانانە توانیویانە بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان و بەشێکی دیکەشیان تاوەکو ئێستا لە دەرەوەی قەزای خوورماتوو دەژین و دەرفەتی گەڕانەوەیان بۆ نەڕەخساوە.
زیاتر لە شەش ساڵە خورماتوو لە دۆخێکی نائاساییدایە و کورد پۆستە کارگێڕییەکانی لەدەستداوە.
لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق کە 18-12-2023 بەڕێوەچوو، یەک نوێنەری بۆ ئەنجوومەنەکە دەرچوو کە بەربژێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو.