دامەزراوەیەک: پەرلەمانتارانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان 80 خانوو و شوقەیان نەگەڕاندووەتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

دامەزراوەیەک دەڵێت، دەبێ ئەندامانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان زیاتر لە چوار ملیار و 265 ملیۆن دینار بۆ حکومەت بگەڕێننەوە کە دوای بڕیاری هەڵوەشانەوەی خولەکە لەلایەن دادگەی فیدراڵییەوە بە نایاسایی وەریانگرتووە، جگە لە 80 خانوو و شوقە کە هێشتا پەرلەمانتاران نەیانگەڕاندووەتەوە.
 
دامەزراوەی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان، راپۆرتێکی لەبارەی ئەندامانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بەناونیشانی "سەرۆكایەتی و ئەندامانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان لەنێوان بەجێگەیاندنی ئەرك و دەستگرتن بە ئیمتیازاتەوە"، بڵاوکردەوە.
 
دامەزراوەکە بۆ تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی بەسەر هەڵوەشاندنەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمان راپۆرتەکەی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، پەرلەمانتارانی "خولی پێنجەمی پەرلەمان سەرباری ئەوەی لەکاتی ئاسایی خولەكە كەمترین ئەركە یاساییەكانیان ئەنجامداوە و زۆرترین پێشێلكاری یاسایی و پەیڕەوییان كردووە، دوای تەواوبوونی ماوەی یاسایی خولەكەش دەستبەرداری ئیمتیازەكانیان نەبوون و بەشێوەیەكی نایاسایی درێژەیان پێداوە، لەلایەن دەسەڵات و دامەزراوەكانی تریشەوە یا پشتگیری كراون، یان لە ئاستیاندا بێدەنگی هەڵبژێردراوە."
 
دامەزراوەکە بە پێنج خاڵ باسی لە "پێشێلکارییەکان" کردووە و دەڵێت: "بەپێی بڕیاری دادگەی فیدراڵی، ئەندامان و دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان لە 6ـی 11ـی 2022ـەوە وەكو پەرلەمانتار نەمان و كۆتایی بە خولەكە هات. بەڵام بۆ ماوەی هەشت مانگ مووچە و ئیمتیازاتی پەرلەمانتارییان وەرگرتووە، كە هەر یەكێك لە پەرلەمانتارەكان بە تێكڕا بڕی زیاتر لە 30 ملیۆن دیناریان بە زیادە و بە نایاسایی وەرگرتووە، كە كۆی گشتی دەکاتە چوار ملیار و 265  ملیۆن دینار."
 
ئەوەشی روونکردووەتەوە بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو پارەیەی وەریانگرتووە پێشنیازیان کردووە لەو ئیکرامییەی دراوەتە پەرلەمانتاران کە 52 ملیۆن دینارە ببڕدرێت، بەڵام نەکراوە.
 
لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەیدا، دامەزراوەکە ئاماژەی بەوەکردووە: "لەدوای بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی، هیچ کەس لە ئەندامانی دەستەی سەرۆكایەتی و پەرلەمانتاران خەسڵەتی یاساییان نەماوە، بۆیە دەبووایە هەموو ئەو ئیمتیازاتانەی بەو ناوەوە وەریاندەگرت رابگیرێت، بەڵام تا ئێستاشی لەگەڵدابێت زۆرینەیان شوقە و خانووەكانی پەرلەمانیان چۆڵنەكردووە."
 
هەروەها هاتووە :" ئەندامانی دەستەی سەرۆكایەتی، دوای تەواو بوونی ماوەی یاساییان ڤیلاكانی پەرلەمانیان چۆڵنەكرد، ئۆتۆمبێلەکانیان رادەست نەکردەوە، پاسەوان و فەرمانبەرانی پەرلەمانیان بۆ خزمەتی خۆیان لە حزبەکانیاندا بەکار دەهێنا، (لەم هەفتەیەدا سکرتێر ڤێللا و ئۆتۆمبێلەکان و جێگری سەرۆکیش ئۆتۆمبێلەکانی رادەستکردەوە، بەڵام هێشتا ڤێللاکانی رادەست نەکردووەتەوە)."
 
دەڵێت: "تائێستا سەرۆكی پەرلەمان هیچ کام لە ڤێللاکان و ئۆتۆمبێلی رادەست نەکردووەتەوە، جگە لەمانە تەنانەت ئەندام پەرلەمان هەبووە لە دەستەی سەرۆكایەتی نەوەك هەر خۆی، بەڵكو (هاوسەر)ـەكەشی كە هیچ پەیوەندییەكی بە پەرلەمانەوە نەبووە، لە ماوەی پێنج ساڵ و نیوی رابردوودا ئۆتۆمبێلێكی گرانبەهای پەرلەمانی لابووە، بەكاری هێناوە و لەم هەفتەیەدا دوای گوشارێکی زۆر لێی وەرگیراوەتەوە!" 
 
لەبارەی ئەو بەربژێرانەی دوای تەواوبوونی ماوەی یاسایی پەرلەمان سوێندی یاساییان خواردبوو، دامەزراوەکە روونیکردووەتەوە: "تەنیا سێ مانگ لە ماوەی نایاسایی پەرلەماندا دەستبەكاربوون، بەنایاسایی هەوڵی خانەنشینكردنیان درا، هەرچەندە وەكو دامەزراوەی پەی لە راپۆرتێكدا رای گشتیمان لێ ئاگاداركردەوە و نووسراوی فەرمیمان ئاراستەی سەرۆكایەتی هەرێم و سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی كرد، بڕیاربوو پرۆسەكە رابگیرێت، بەڵام جارێكی دیکە نووسراویان بۆ كراوەتەوە و ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی خەریكی خانەنشینكردنیانن!"
 
سەروەر عەبدولڕەحمان، سەرۆکی  دامەزراوەی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان، لەبارەی راپۆرتەکەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو مووچەیەی ئەو پەرلەمانتارانە لەو هەشت مانگە وەریانگرتووە دەبێ بگەڕێندرێنەوە بۆ گەنجینەی حکومەت، مووچەکان نایاسایی وەرگیراون و هی مانگەکانی 11، 12ـی ساڵی  2022 و مانگەکانی یەک بۆ شەشی ساڵی 2023یە."
 
روونیشیکردەوە: "جگە لەوە نزیکەی 80 شوقە و ڤێللای پەرلەمان هەیە هێشتا لەلایەن پەرلەمانتارانەوە بەکاردەهێندرێت و چۆڵیان نەکردووە، پیشتر بەشێک لە پەرلەمانتاران رادەستیان کردبووەوە." 
 
ئەو دەڵێت: "هێشتا ژمارەیەک ئۆتۆمبێلیش هەن کە لەلای دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانن و نەگەڕێندراونەتەوە."
 
محەممەد ئیلخانلی، بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە خولی پێنجەمی پەرلەمان، هەموو ئەو کارانەی لە راپۆرتەکەدا هاتووە بە یاسایی دەزانێت و پاساو بۆ هەندێکیان دەهێنێتەوە و هەندێکیشیان بە نادروست ئەژمار دەکات.
 
ئیلخانلی بە رووداوی گوت: "لەبارەی مووچەوە، پەرلەمانتار لەو هەشت مانگەی باسکراوە دەوامی خۆی کردووە، کۆبوونەوەی هەبووە، ئێمە چووزانین دادگە بڕیارێکی وا دەردەکات، بابەتی مووچە لە بڕیارەکەی دادگە باسنەکراوە، ئەوە بابەتێکی کارگێڕییە."
 
دەشڵێت: "لەبارەی شوقە و ڤێللاکانەوە ئەو ژمارەیە دروست نییە و زۆرینەیان گەڕاندوویانەتەوە، بەڵام من پێمباشە نەگەڕێندرێتەوە تاوەکو ئەندامانی خولی داهاتوو دەستبەکار دەبن، چونکە ئەو خانوو و شوقانە تێکدەچن ئەگەر ماوەیەکی زۆر چۆڵ بن."
 
لە 30ى ئایار دادگەى باڵاى فیدراڵى عێراق درێژکردنەوەى تەمەنى خولی پێنجەمی پەرلەمانى کوردستان بە "نادەستوورى"هەژمارکرد و خولەکەی هەڵوەشاندنەوە.
 
لە 9ى تشرینى یەکەمى 2022  پەرلەمانى کوردستان یاسای ژمارە 12ى درێژکردنەوەى خولى پێنجەمی پەسندکرد لەدواى ئەوەى تەمەنەکەى کۆتایی هات. لە 22ى ئایارى 2023 پەرلەمان بڕیارى کاراکردنەوەى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمى کوردستانی دا، بەڵام بەگوێرەى بڕیارەکەى دادگەى باڵاى فیدراڵى عێراق، ئەو کاراکردنەوەیەش "نایاسایی"یە.