رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغداوە رایگەیاند "پەیوەندییە باشەکانمان خەریکە دەکەونە سەر سکەی خۆیان"، سەردانەکەی ئەمڕۆی و کۆبوونەوەکانی لە بەغدا، بەشێکی تایبەتە بە پتەوکردنی پەیوەندییەکان.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 30-5-2024) گەیشتە بەغدا و یەکەم کۆبوونەوەی لەگەڵ قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بوو.
لە دوای کۆبوونەوەکە مەسرور بارزانی قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و رایگەیاند "بۆ چارەسەرکردنی هەموو ئەو کێشە و گرفتانەی تائێستا ماون، زۆر ئاساییە بێین لە بەغدا لەگەڵ هەموو برادەرانی بەرپرس، دیدار و گفتوگۆ بکەین، یەکەم دیدارمان لەگەڵ قاسم ئەعرەجی بوو، کە برایەکی خۆشەویست و ئازیزمانە."
سەرۆکی حکومەت رایگەیاند لە بەغدا هەروەها "لەگەڵ سوودانی، سەرۆکوەزیران و بەرپرسە باڵاکانی دیکەی حکومەت و حیزبە سیاسییەکان دیدار و گفتوگۆمان دەبێت لەسەر کۆمەڵێک لەو گرفتانەی تاوەکو ئێستا ماون، لەلایەکی دیکەوە بۆ پتەوکردنی ئەو پەیوەندییە باشانەی کە ئێستا خەریکە دەکەونە سەر سکەی خۆیان."
لەبارەی مووچەی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان، کە نزیکەی دوو مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە، مەسرور بارزانی رایگەیاند "ئیشەڵڵا ئەوەش باس دەکەین و چارەسەر دەبێت."
قاسم ئەعرەجی، بەهەمان شێوە قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و گوتی "لێکتێگەیشتنی بەغدا و هەولێر، هێزێک و سوودی بۆ عێراق دەبێت، خاڵی هاوبەش زۆرن و هەردوولا بەیەکەوە کاردەکەین بۆ دابینکردنی دەستکەوتە دەستوورییەکان. سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا ئەرێنی دەبێت."
نووسینگەی سەرۆکوەزیران ئەمڕۆ رایگەیاندبوو لە کۆبوونەوەکانیدا سەرۆکی حکومەت "جیا لە تاوتوێکردنی دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی دۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق، گفتوگۆ لەبارەی پێویستیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور، بەتایبەتی دابینکردنی مووچە و ماف و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان دەکرێت."
نووسینگەکەی هەروەها رایگەیاند، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانی تایبەت دەبن بە "برەودان بە هاریکاری و هاوئاهەنگیی نێوان هەردوولا لەپێناو پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ