رێکخەرانی شەڕە کەڵەشێر لە ئامەد بە زیاتر لە 9 هەزار دۆلار سزادران


رووداو دیجیتاڵ

لە ئامەد حەوت کەس دەستگیرکران، بەهۆی ئەوەی شەڕە کەڵەشێریان رێکخستبوو. 46 کەسیش بە 295 هەزار و 470 لیرە (9150 دۆلار) سزادران.
 
تیمەکانی سەر بە ئاسایشی شارۆچکەی باغڵار لە پارێزگای ئامەد، دوای چاودێریکردن بۆیان دەرکەوت کە سەرەڕای قەدەخەکردنی، ژمارەیەک هاونیشتمانی لە درێژەدان بە شەڕە کەڵەشێر بەردەوامن. ئەو گرووپە کۆبوونەوەی تایبەتیان بە شەڕە کەڵەشێر رێکدەخست و ئامادەبووانیش گرەوی جۆراوجۆریان لەسەر دەکرد.
 
تیمەکانی پۆلیس خۆیان وەک تەماشاکار نیشاندا و چوونە شوێنەکە و ئەو کەسانەیان دەستنیشان کرد کە کۆبوونەوەکان رێکدەخەن؛ هەروەها ئەوانەش کە گرەو لەسەر شەڕە کەڵەشێر دەکەن.
 
هێزەکانی پۆلیس دەستیانگرت بەسەر 16 کەڵەشێر و ئەو جامەی بۆ پاڵەوانییەکە دیاری ئامادەکرابوو.
 
هەروەها حەوت کەس لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکران؛ هاوکات 46 کەسی دیکە کە تۆمەتیان بەسەردا ساخ بووەوە کە شەڕەکەڵەشیریان رێکخستووە و بڕیاریان لەسەر بڕی گرەوەکە داوە، بە 295 هەزار و 470 لیرە (9 هەزار و 165 دۆلار) سزادران.
 
لە ئامەد و زۆربەی پارێزگاکانی دیکەدا شەڕەکەڵەشێر، شەڕە پەلەوەر و ئاژەڵ قەدەخەیە.