قایمقامی کرماشان: باج دەخەینە سەر 8,000 خانووی چۆڵکراو
رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی شاری کرماشانی ناوەندی پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، بۆ رێگری لە گرانبوونی کرێی خانوو، ئەگەر خانووە چۆڵەکان بەکرێ نەدرێن، باجیان دەخرێتە سەر.
محەممەد رەزا ئامویی، قایمقامی شاری کرماشان بە وەکالەت رایگەیاند لە شاری کرماشاندا نزیکەی 8 هەزار یەکەی نیشتەجێبوونی چۆڵ هەیە.
بەگوتەی محەممەد رەزا ئامویی، ئێستا کاتی نوێکردنەوە و بەکرێ گرتنی خانووە و بەرزبوونەوەی کرێی خانوو و پێشینەی خانوو، نیگەرانیی بۆ خەڵک دروستکردووە، بۆیە بە سەرنجدان بە بارودۆخی ئابووری دەبێت رەچاوی دادپەروەریی و مرۆڤدۆستی بکرێت.
قایمقامی شاری کرماشان بە وەکالەت گوتی: "یەکەی نیشتەجێبوون و خانووە چۆڵەکان دەبێت بفرۆشرێن، یان دەبێت بەکرێ بدرێن، ئەگەر ئەمە نەکرێت باجیان دەخرێتە سەر و باجەکەش لە ساڵی یەکەمدا 6٪، لە ساڵی دووەمدا 12٪ و لە ساڵی سێیەمدا 18٪ دەبێت."
بەپێی بڕیاری ئەنجوومەنی باڵای یەکەکانی نیشتجێبوون، دەبێت کرێی خانوو لە شارێکی وەک کرماشان 20٪ زیاد بکرێت، بۆ ئەوەی نووسینگەکانی خانووبەرە سەرپێچی نەکەن، قایمقامیەتی کرماشان لەڕێی پۆلیس و دادگە و دامودەزگاکانی دیکەوە چاودێرییان دەکات.
حکومەتی ئێران ساڵی 2020 و لە سەردەمی کۆرۆنادا بڕیاریدا سەقفێک بۆ کرێ دیاریی بکات، بۆ ئەوەی کرێچییەکان رووبەڕووی کێشە نەبنەوە، بۆیە جگە لە کرێ، سەقفی پێشینەی خانووبەرەشی دیاریکرد و بەو پێیە پێشینەی خانوو لە تاران 100 ملیۆن تمەن، واتە دوو هەزار دۆلار، لە شارە گەورەکان 70 ملیۆن تمەن و لە شارە بچووکەکانیش 40 ملیۆن تمەن، واتە 800 دۆلار دەبێت. کرێ خانووش بەپێی کرێی ساڵی پێشتر دەبێت 20٪ زیاد بکرێت.