وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی هەلی کار بۆ دەرچووانی دانەمەزراو رادەگەیەنێت

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان بە هاوکاریی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان هەلی کار بۆ دەرچووانی دانەمەزراو بەشێوەی گرێبەستی ناحکومی رادەگەیێنێت. 
 
رۆژی سێشەممە، 30-05-2023 وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "لەسەر بڕیاری کوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، رەخساندنی هەلی کار بەشێوەی گرێبەستی ناحکومی بۆ کۆمەڵێک لە دەرچووانی دانەمەزراو رادەگەیێنین، بە هاوبەشی لەگەڵ ئەو رێکخراوە نێودەوڵەتییانەی کار و چالاکی هاوبەش لەگەڵ وەزارەتدا دەکەن".
 
وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لەم دامەزراوانە هەلی کاری راگەیاندووە: خانەکانی منداڵانی بێسەرپەرشت، پیر، پەککەوتان، سەنتەرەکانی منداڵان، ماڵەکانی داڵدەدانی ژنانی ھەڕەشەلێکراو و سەنتەرەکانی راھێنان، کە بە گوتەی وەزارەت بۆ زیاتر خزمەتکردنی دامەزراوەی کۆمەڵایەتییەکانە.
 
ئاریان ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "لەمڕۆوە خوازیار دەتوانێت داواکاری پێشکێش بکات و تاوەکو یەک هەفتە سیڤیی خوازیاران وەردەگیرێت. بۆ ئەوەش هیچ ژمارەیەک دیاری نەکراوە، چونکە چەند فەرمانبەرێکمان دەوێت و تائێستاش هیچ ژمارەیەک دیاری نەکراوە".
 
بەگوتەی ئاریان ئەحمەد، ژمارەی فەرمانبەرانی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی زۆر کەمە، بۆ پڕکردنەوەی ئەوەش، فەرمانبەر بە گرێبەست دادەمەزرێنن، "خەڵكانێک هەن شایەنی دامەزراندنن بۆیە بە هاوکاری رێکخراوەکان و بە گرێبەست دایان دەمەزرێنین".
 
پێویستە ئەو کەسانەی داوای دامەزراندن دەکەن، ئەم مەرجانەیان تێدا بێت:
 
- تەمەنی لە 40 ساڵ زیاتر نەبێت.
- دانیشتووی سەنتەری شاری ھەولێر بێت.
- زانیاری راست و دروست پێشکێش بکات و لە ئەگەری تۆمارکردنی زانیاریی هەڵە و نادروست، داواکاریی دامەزراندنی رەتدەکرێتەوە.
- نابێت لە هیچ دامودەزگایەکی حکومی و کەرتی تایبەت مووچەخۆر بێت.
- پێویستە بەڵگەنامەکانی رەسەن و کۆپیکراو لە رۆژی سەردانکردنی ئامادە بکات (کارتی نیشتمانی، کارتی زانیاری، پشتگیری موختاری گەڕەک، بڕوانامە یان پشتگیریی دەرچوون.
- پێویستە خوازیار زمانی ئینگلیزی بزانێت و توانای نووسین، خوێندنەوە و قسەکردنی ھەبێت.
- پێویستە خوازیار توانای بەکارھێنانی کۆمپیوتەری ھەبێت.
 
بەپێی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، پڕۆسەی پێشکێشکردنی داواکاریی دامەزراندن (سیڤی) بە چەند قۆناخێک دەبێت. قۆناخی یەکەم؛ دەرگای پێشکێشکردنی داواکاری دامەزراندن راستەوخۆ لە نووسینگەی تایبەتی وەزیر بۆ ماوەی یەک ھەفتە دەبێت، کە لەمڕۆوە دەستپێدەکات. قۆناخی دووەم؛ لە لایەن لیژنەی تایبەتمەند چاوپێکەوتن و خاڵبەندی دەکرێت بۆ دەستنیشانکردنی کەسانی شایستە.