خاوەنی ژمارەیەک زەوی لە سلێمانی داوا دەکەن مۆڵەتی دروستکردنی خانوویان پێبدرێت

31-05-2023
نزار جەزا
یەکێک لەو گەڕەکانەی سلێمانی کە دانیشتووانەکەی داوا دەکەن مۆڵەتی دروستکردنی خانوویان پێبدرێت
یەکێک لەو گەڕەکانەی سلێمانی کە دانیشتووانەکەی داوا دەکەن مۆڵەتی دروستکردنی خانوویان پێبدرێت
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

ژمارەیەک هاونیشتمانی لەبەردەم شارەوانیی سلێمانی گردبوونەتەوە و داوا دەکەن زەوییەکانیان لەسەر تاپۆ بکرێت. 
 
بەیان، پاش شەهیدبوونی هاوژینەکەی لە شەڕی داعش پارچەیەک زەوی وەرگرت، بەڵام شارەوانی رێگری لێدەکات بیکاتە خانوو.
 
بەیان نەسرەدین دەڵێت: کوڕەکەم تەمەنی 15 ساڵە و کچەکەم 12 ساڵە، منداڵەکانم گەورەبوون هێشتا ئەم زەوییانە یەکلایی نەکراونەتەوە، نە دەتوانین بیفرۆشین، نە دەتوانین بیکەینە خانوو، هەر دەستی بە دەستیمان پێدەکەن. 
 
بەشێک لە خاوەن زەوییەکان کڕین و فرۆشتنیان بە زەوییەکانەوە کردووە، کێشە لەنێوان ئەوانیش دروستبووە.
 
هێمن حەمەڕەشید، خۆپێشاندەرێکە و دەڵێت: کێشەی زەوییەکانی هەولێر تەواوبووە، داوا لە شاهۆ ئەمین و رەنج سەنگاوی دەکەم دەنگی ئەم خەڵکە بگەیێنن بە بەرپرسانی ئەم شارە. 
 
هاوبەش حوسێن، خۆپێشاندەرێکە و دەڵێت: من زەوییەکەمم کردووە بە خانوو تەنیا دەرگە و پەنجەرەی ماوە، بەڵام رێگریم لێدەکرێت بچمە ناویەوە، لەکاتێکدا خانووەکانی نزیک ماڵەکەی من خەڵکی تێدا دەژی. 
 
بۆ چارەسەری کێشەکەیان خاوەن زەوییەکان چوونە لای سەرۆکی شارەوانیی سلێمانی، بەڵام بێ وەڵام گەڕانەوە، بۆیە بەڕێکەوتن بۆ مەڵبەندی یەکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و لەگەڵ بەرپرسی مەڵبەندەکە کۆبوونەوە. 
 
جەزا سەید مەجید، بەرپرسی مەڵبەندی یەکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان گوتی: هەوڵدەدەین ئەم بابەتە بە رێگەیەکی یاسایی و شەرعی چارەسەر بکەین و داواکارییەکەیان بگەیێنین بە شارەوانی و سەرکردایەتیی یەکێتی و لەپێش هەمووشیانەوە بافڵ تاڵەبانی.
 
زەوییەکان دەکەونە گەڕەکەکانی ئاوبارە، عەواڵ، بەکرەجۆ، راپەڕین، کانی گۆمە، خەلیفاوا و چەند گەرەکێکی دیکە.
 
ئەو زەوییانە بە زەوییەکانی دژەتیرۆر و پێشمەرگە ناسراون کە بەشێوەی فۆڕم دابەشکراون، ئێستاش تاپۆکردنیان پێویستی بە بڕیارێکی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانە. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە