بازرگانێکی پاتریی ئۆتۆمبێل: 30٪ بۆ 40٪ـی پاتریی بازاڕ کوالێتیی خراپە


رووداو دیجیتاڵ

لە تاقیگەیەکی سلێمانی پشکنین بۆ 60 پاتریی ئۆتۆمبێل کران، پاش 20 کاژێر ئەنجامەکانی دەرچوون: کێشی پاترییەکان پێویستە لە 14 کیلۆگرام و نیو زیاتر بێت، بەڵام کێشی راستەقینەی ئەو پاترییانەی پشکنینیان بۆ کراوە، 10 کیلۆ و نیو بۆ 12 کیلۆ و نیوە.
 
لە کاتێکدا توانای پاترییەکان دەبێت 95٪ بێت، بەڵام توانای ئەو پاترییانەی پشکنینیان بۆ کراوە لەنێوان 32.05٪ بۆ 56.07٪ بوون، لەو شەش پاترییانەش سێ دانەیان رێکەوتی دوستکردنیان لەسەر نەبوو. هەروەها دوو پاتریی دیکە وەکو نموونە بڕدرایەوە بۆئەوەی بزانرێت ناو پاترییەکان چییان تێدایە، دەرکەوت لەکۆی 72 پلێت، تەنیا 30 پلێتی تێدابوو.
 
عەلی ئەکرەم، پشکنەر لە تاقیگەی کیمیایی و کارەبایی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "پێویستە هەر خانەیەک شەش پلێتی پۆزەتیڤ و شەش پلێتی نێگەتیڤی تێدابێت، بەڵام ئەم پاترییانە دوو پلێتی نێگەتیڤ و سێ پلێتی پۆزەتیڤی تێدایە، بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییەکانیش پلاستیکێکی تێدەکرێت."
 
لە بازاڕدا پاتریی کوالێتیی خراپ بە ئاسانی دەستدەکەوێت، بە نرخی هەرزان و نەبوونی گرێنتی دەناسرێنەوە. شێروان سەلیم، بازرگانی پاتریی ئۆتۆمبێل دەڵێت، "30٪ بۆ 40٪ـی پاتریی بازاڕ کوالێتیی خراپە و جارهەیە زیاتریش دەبێت، ئەمەش بەهۆی داواکاریی خەڵک کە داوای پاتریی هەرزان دەکەن، هەروەها بەبێ کۆنترۆڵ پاتری هاوردە دەکرێت، بۆیە پێویستە لە سنوورەکانەوە رێگری لێبکرێت." 
 
پەرلەمانتارێکی عێراق، بەدواداچوونی بۆ پاتریی ئۆتۆمبێل کردووە و بۆی دەرکەوتووە ئەم جۆرە پاترییانە لە هەموو عێراق هەن و بەبێ پشکنین هاوردە دەکرێن.
 
سۆران عومەر، ئەندامی لیژنەی ئابووری و پیشەسازی و بازرگانیی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی راگەیاند، "ئەم پاترییانە لێیان نوسراوە کۆری، چینی، ئێرانی و تورکی، بەڵام سەرچاوەی سەرەکییان کە کارگەکەیە دیارنییە و لەزگەکانیش زۆرینەیان کۆپین، بەداخەوەش هیچ پشکنینێک نییە، تەنیا پاترییە و لەزگەی پێوەیە و هاوردە دەکرێت."
 
پێشتر چاودێریی بازرگانیی سلێمانی پاتریی ساختەیان دەستبەسەرداگرتووە، بەڕێوەبەرەکەی دەڵێت: هەرکەسێک ساختەکاری بکات، رێگری لێدەکەن.
 
سۆران عەبدولغەفوور، بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی سلێمانی گوتی، "هەزار پاتری بوو لە ماڵێکدا دەستمان بەسەرداگرت و دۆسیەکەی دراوە بە دادگە، ئەمانەی ئێستاش کە دێن پێویستی بە لێکۆڵینەوەی وردتر هەیە و لێکۆڵینەوەمان دەستپێکردووە، بەڵام نەگەیشتووین بە ئەنجام."
 
تەمەنی پاتریی ساختە لە هەفتەیەک بۆ شەش مانگە، بەڵام پاتریی کوالێتیی باش لە ساڵ و نیوێک بۆ سێ ساڵ کار دەکات.
 
لە ئەنجامی بەدواداچوونی هەفتەیەکی تۆڕی میدیایی رووداودا دەرکەوت؛ ئەو پاترییانەی ساختەکارییان تێدا دەکرێت، لەزگەکانیان دەگۆڕدرێت و بە ناوێکی نوێوە دەخرێنە بازاڕەوە بۆ ئەوەی شۆفێران نەزانن کامە کوالێتیی خراپەکەیە، بەگوتەی بازرگانانی پاتری کە ساڵانێکی درێژە کاردەکەن، باشترین چارەسەر ئەوەیە لە سنوورەکان پشکنینی تەواو بۆ پاتری بکرێت پاشان رێگە بە هاوردەکردنی بدرێت.