لە سنە دوو کەس بە تۆمەتی رفاندن و کوشتنی کچێک دەستگیردەکرێن

رووداو دیجیتاڵ

رۆژی شەممەی رابردوو، تەرمی کچێک لە شەقامێکی شاری سنە بە کوژراوی دۆزرایەوە، پۆلیسی سنەش دەڵێ، دوو کەس دەستگیرکراون کە پەیوەندییان بە گیانلەدەستدانی ئەو کچەوە هەبووە.
 
سەرچاوە خۆجێییەکان شەوی هەینی گرتەیەکی ڤیدیۆییان بڵاوکردەوە کە تەرمی کچێک لە شەقامێکی سنەدا کەوتووە، سەرچاوەکان گوتیان فڕێدراوە.
 
رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ رۆژی یەکشەممە 29ـی ئایاری 2022 بڵاویکردەوە، ئەو کچە ناوی 'سۆما رەزاییە' و تەمەنی 34 ساڵە و خەڵکی دیواندەرە بووە، دوو کەس رفاندوویانە و ئەویش لە سەرەتای رێگای کامێران خۆی فڕێداوەتە خوارەوە و دەستبەجێ گیانیلەدەستداوە.
 
بەپێی ئەو راپۆرتە، سۆما خوێندکاربووە و کاتێک ویستوویەتی بۆ بەشەنێوخۆیی زانکۆ بگەڕێتەوە، رفێنراوە.
 
عەبدوڵڵا فاتحی، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سنە گوتی، ئەو دوو کەسە خۆیان وا نیشانداوە کە گەشتیار دەگوازنەوە، دوای ئەوەی تۆمەتبارەکان گوشاریان بۆ ئەو ژنە هێناوە لە خێراییەکی زۆردا دەرگەی ئۆتۆمبیلەکەی کردووەتەوە و خۆی فڕێداوەتە خوارەوە.
 
محەممەد جەباری، داواکاری گشتیی سنە گوتی: دوو کەس بە تۆمەتی کوشتنی ئەو ژنە دەستبەسەر کراون و بۆ لێکۆڵینەوەی زیاتر رادەستی پۆلیس کراون.
 
بەگوتەی محەممەد جەباری، ئەو دوو کەسە تەنیا چەند کاژێرێک دوای ئەو رووداوە دەستبەسەر کراون.