حیزبەکان داوای دابەشکردنی کورسیی کۆتاکان دەکەن و پارتیش دەڵێت کارێکی قبوڵکراو نییە
رووداو دیجیتاڵ
پرسی هەڵبژاردنی داهاتووی هەرێمی کوردستان و کورسی کۆتا بۆ پێکهاتەکان، حیزب و لایەنە سیاسییەکانی دابەشی دوو بەرە کردووە، پارتی دیموکراتی کوردستان وەکو گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی کوردستان، پێیوایە کە پشکی پێکهاتەکان مافی رەوای خۆیانە. بەڵام چەند حیزبێکی دیکە داوا دەکەن هەڵبژاردن بکرێتە چەند بازنەیەک و پێکهاتەکانیش بەسەر بازنەکاندا دابەشبکرێن.
زانا مەلا خالید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کۆتای پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان نموونەیەکی جوان و سەرکەوتوو و پرۆسەی یاساییە لە هەرێمی کوردستان، دەستبردن بۆ کورسی کۆتای پێکهاتەکان و کەمکردنەوەی کورسی کۆتاکان بەهیچ شێوەیەک قبوڵکراو نییە و پارتی بەوە رازی نابێت".
زانا مەلا خالید گوتی :"ئەگەر پرۆژەیەک هەیە بۆ فرەبازنەیی هەڵبژاردن، ئامادەی گفتوگۆین لەوبارەیەوە و ڤیتۆمان لەسەر پرۆژەی هیچ لایەنێک نییە."
بەڵام لوقمان وەردی، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان نایشارێتەوە کە حیزبەکەی داوای دابەشکردنی کورسی کۆتاکان دەکات بەسەر بازنەکانی هەڵبژاردندا. بەڵام دەڵێت "ئەمە سازان و رێککەوتنی دەوێ".
لوقمان وەردی بە رووداوی گوت: "یەکێتی دەیەوێ هەموو پێکهاتەکان بە دەنگی خۆیان کورسییان بەربکەوێت و ئەوانیش مافی خۆیانە نوێنەری راستەقینەی خۆیان هەبێت".
عەبدولستار مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان دەڵێ:"یەکێکی دیکە لە گرفتی بەشێک لە لایەنەکان، کورسی کۆتایە کە ئێستا لە پەرلەمان خاوەنی 11 کورسین، دەمانەوێت کورسی کۆتا بەگوێرەی ژمارەی دانیشتووانیان بێت. هەروەها ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانیش زۆرە و 111 پەرلەمانتار بۆ هەرێمی کوردستان زۆرە."
هەر لەو بارەوە گوڵستان سەعید، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان، گوتی: "لەگەڵ ئەوەدا نین کورسی کۆتاکان کەمبکرێتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەداین کورسی ناوچە جیاوازەکان بۆ کۆتاکان هەبێت، واتا کۆتاکانیش دابەشبن بە سەر بازنەکاندا."
گوڵستان سەعید ئاماژەی بەوەش کرد، کۆتاکان لەگەڵ پارتی هاوپەیمانێتییان هەیە و ئەوەش وا دەکات هەمیشە کورسییەکانی ئەوان لەسەر پارتی دیموکراتی کورستان هەژمار بکرێت.، ئەوەش گرفتێکە دەبێت چارەسەر بکرێت.
هاوکات شێرکۆ جەودەت، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، ئەوانیش دەیانەوێت فرە بازنەیی بێت بۆ ئەوەی ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان بتوانن نوێنەری خۆیان هەڵبژێرن لە پەرلەمانی کوردستان، هەروەها دەشڵێت: " کێشەمان لە ژمارەی کورسیی پێکهاتەکاندا نییە، کێشەمان لەگەڵ نوێنەری راستەقینەیان هەیە، دەبێ نوێنەرەکانیان نوێنەری راستەقینەی پێکهاتەکان خۆیان بن".
بەڵام پێکهاتەکان، رای جیاوازیان هەیە و پێیانوایە کە ئەو ژمارەی بۆ کۆتا دیاریکراوە مافێکی نەتەوەیی خۆیانە. ئازاد ئەکرەم، سەرۆکی فراکسیۆنی میللەت (تورکمان) لە پەرلەمانی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، ئێمە لەگەڵ کەمکردنەوە و دابەشکردنی پێکهاتەکان نین بۆ سەر بازنەکان، چونکە ئێمە کۆتاین".
ئازاد ئەکرەم دەڵێت: "تورکمان قورسایی لە هەولێر و کفرییە، رەنگە لە ناوچەیەکی دیکە دەنگی نەبێ. ئەو کورسییانەش نەتەوەیین نەک حیزبی، بۆیە ناکرێ نەتەوەکان بەسەر بازنەکاندا دابەشبکرێن".
هەر لەوبارەوە فەرید یەعقووب، سەرۆکی لیستی رافیدەین (کریستیان) بە رووداوی گوت: ئێمە وەکو کریستیانەکانی هەرێمی کوردستان، لەبەر سێ هۆ پێمان باش نییە کۆتامان لێ بسەنرێتەوە و بخرێینە ناو بازنەکانی هەڵبژاردنەوە. یەک: پرۆژەیاسایەکمان داوەتە پەرلەمان کە پێکهاتەکان تۆماری تایبەتی دەنگدانیان هەبێ. دوو: ئێمە داوای زیادکردنی کورسیی کۆتا دەکەین لەبەر دوو هۆکار، چونکە خەڵکی رەسەنی کوردستانین و نەتەوەین. سێ: دەبێ هەڵبژاردن یەک بازنە بێت، ئەگەر بکرێتە فرەبازنە دەنگەکانی ئێمە پەرت دەبێ و دەفەوتێت.
کۆتاکان 11 کورسییان لە پەرلەمانی کوردستاندا هەیە؛ پێنج کورسی بۆ تورکمان، پێنج کورسی بۆ کلدان و ئاشووری و کورسییەکیش بۆ ئەرمەن.