تورکیا سێ رێگەی نوێ بۆ بڕینەوە و بردنی دارەکانی هەرێمی کوردستان بەکاردەهێنێت

 
رووداو دیجیتاڵ

چەند وێنەیەک کە بۆ تۆڕی میدیایی رووداو نێردراون، دەریدەخەن تورکیا لە سێ شوێنی باکووری کوردستانەوە لە سنووری ئامێدی و زاخۆ دەستی بە کردنەوەی سێ رێگە کردووە و زیاتر لە ساڵێکیشە دارستانەکانی بەرزاییەکان دەبڕن و دارەکانیان دەبەن و دەیانفرۆشن.
 
هاونیشتمانییەکی گوندی ئاشیتێ، کە دەکەوێتە بەرامبەر زناری کێستە لەنێو باکووری کوردستان، ئەو وێنانەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو ناردوون، کە دەریدەخەن تورکیا لە سێ شوێنەوە خەریکی کردنەوەی رێگەیە بۆ نێو هەرێمی کوردستان، لەوانەش لە سنووری چەلێ لە باکووری کوردستانەوە بۆ نێو گوندی دوتازا لە سنووری ئامێدی لە هەرێمی کوردستان. دروستکردنی ئەم رێگەیە لە ساڵی 2018 دەستیپێکردووە و 12 کیلۆمەتریشی لەنێو هەرێمی کوردستان دروستکراوە.
 
ساڵی رابردوو رێگەیەک لە گوندی رۆبۆسکێوە لە باکووری کوردستان دروستکراوە کە نزیکەی 20 کیلۆمەتر دەبێت و دەگاتە گوندی بانکێ و کەشانێ لە سنووری باتیفا و دەرکارێ سەر بە زاخۆ لە هەرێمی کوردستان.
 
هەروەها نزیکەی چوار مانگە تورکیا لە گوندی ئاشیتێ لەنێو باکووری کوردستانەوە دەستی بە دروستکردنی رێگە بۆ ناوچەکانی نزدورێ لە نزیک زناری کێستە لەنێو هەرێمی کوردستان کردووە و تاوەکو ئێستا 10 کیلۆمەتر رێگە دروستکراوە و بەو جۆرەش گەیێندراوەتە ئەو ناوچانەی ئێستا ئۆپەراسیۆنی تورکیای تێدا بەڕێوەدەچێت.
 
ئەو هاونیشتمانییەی باکووری کوردستان کە نەیویست ناوی خۆی ئاشکرا بکات، گوتی، ساڵێک زیاترە سوپای تورکیا لەڕێگەی چەند کۆمپانیایەکی باکووری کوردستانەوە هەوڵی لەنێوبردنی دارستانەکانی کوردستان دەدات و کۆمپانیاکانی سوپای تورکیا رێککەوتوون 30%ی پارەی کردنەوەی رێگەکە لە سوپای تورکیا وەربگرن.
 
هاونیشتمانییەکە باسی لەوەش کردووە، بەردەوام دارستانەکان دەبڕدرێن و دارەکان رەوانەی شارەکانی هەکاری، شرناخ، گەڤەر و وان دەکرێن و لەوێ دەفرۆشرێن.
 
لای خۆیەوە کاوە سەبری، بەڕێوەبەری دارستانی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەوان ئاگادارن کە نزیکەی ساڵێکە تورکیا دارستانەکانی هەرێمی کوردستان لەنێودەبات.
 
کاوە سەبری ئاماژەی بەوەش کرد، چەند بەڵگەیەکیان لەبەردەستدایە و خەریکی کۆکردنەوەی زانیاریی دیکەن بۆئەوەی بتوانن تەواوی لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان لەو کارەی سوپای تورکیا ئاگاداربکەنەوە.