قوتابخانە و بنکەی تەندروستی گوندەکانی باتیفا و دەرکار لە زاخۆ داخراون

رووداو دیجیتاڵ 

جگەلەوەی بەهۆی شەڕی پێنج هەفتەی رابردووی نێوان سوپای تورکیا و پەکەکە ژمارەیەک گوند لە سنووری کانی ماسێ و باتیفا و دەرکار چۆڵکراون، ئێستا زیاتر لە 50 گوند مەترسییان لەسەرە. 
 
نەبوونی خزمەتگوزاری لە گوندەکانی سنووری باتیفا و دەرکار، خەڵکی ناچارکردووە دەست لە ماڵ و حاڵیان هەڵگرن و بچنە نێو شار بژین. 
 
لە گوندی پەرەخ و گوندی دیکە دەرگەی سێ قوتابخانە و بنکەی تەندروستی تەنانەت مزگەوتیش بەهۆی هەڕەشەی شەڕ داخراون، شەڕی هەردوولاش لە ناوچە سنوورییەکان بەردەوامە و دۆخی خەڵکیش خراپتر بووە.
 
حسنی ساڵح فارس، جووتیارێکی گوندی پەرەخە لە سنووری قەزای زاخۆ و دەڵێت، ئەگەر نەخۆشخانەمان هەبێت پزیشک ناتوانن بێتە ئێرە، مامۆستا ناتوانن لە قوتابخانە دەوام بکەن، لەبەرئەوە ناچارین بۆ خوێندن منداڵەکانمان بنێرینە زاخۆ. 
 
بەپێی ئامارەکان کە لە سنووری زاخۆ دەست رووداو کەوتوون، تاوەکو ئێستا 50 گوند لەو سنوورە شەڕی نێوان پەکەکە و تورکیای تێدایە. 11 مزگەوت کرابوونەوە، بەڵام بەهۆی شەڕ دەرگاکانیان داخراوە. 
 
لە گوندی پەرەخ تەنیا چوار خێزان ماونەتەوە و بەپێی ئامارەکان، لە سنووری باتیفا و دەرکار دەرگەی سێ قوتابخانە و بنکەیەکی تەندروستیی داخراون و قوتابی، دکتۆر و پەرستارەکانیش گواستراونەتەوە سەر میلاکی پەروەردە و تەندروستیی زاخۆ و ئامێدی.
 
ره‌وشه‌ن یوسف، خەڵکی گوندی پەرەخێ بە رووداوی راگەیاند "نەخۆشخانە، مزگەوت و هەمووشتێکی دیکەمان هەبوون، کە تۆپبارانی گوندەکەمان کرا منداڵەکانمان لە گوند نەمان، هەرچی دێت تۆپبارانمان دەکات."
 
قوتابییەک بەناوی هەوار ئاڤدەل دەڵێت، لە گوندی بانکێ بووم و دەچوومە قوتابخانە و پۆلی هەشت بووم. بەڵام دەرگەی قوتابخانەکە بەهۆی شەڕی پەکەکە و تورکیا داخرا.
 
هەر بەپێی ئامارەکان کە دەست رووداو کەوتوون، تاوەکو ئێستا لە سنووری پارێزگەی دهۆک نزیکەی 30 خاڵی سەربازیی سوپای تورکیا جێگیرکراون و بەردەوامیش لە زیادبووندان.