ئاسیاسێڵ بۆ وەرگرتنی خەڵاتی گلۆمۆ دەپاڵێورێت
رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای ئاسیاسێڵ بەربژێر دەکرێت بۆ خەڵاتی گلۆمۆ کە وەکو لە راگەیێندراوەکەیدا دەڵێت، "بە گرنگترین خەڵاتی بواری خزمەتگوازریی مۆبایل دادەنرێت."
ئاسیاسێڵ لە راگەیێندراوێکدا کە رۆژی شەممە 29-5-2021 بڵاویکردووەتەوە باس لەوە دەکات، پاڵاوتنەکەی بۆ خەڵاتەکە لە چوارچێوەی گرووپی "تەکنەلۆجیا لەپێناو چاکەدا"یە کە سیستمی نێودەوڵەتیی پەیوەندییەکانی مۆبایل GSMA لە دیداری ساڵانەی جیهانیی مۆبایل لە بارسێلۆنا پێشکەش دەکات.
پاڵاوتنی ئاسیاسێڵ بۆ وەرگرتنی خەڵاتی گلۆمۆ 2021 بەپێی راگەیێندراوەکەی دوای "کردنەوەی یەکەمین سەنتەری پزیشکی بۆ پێدانی چارەسەر و راوێژی پزیشکی لە دوورەوە بۆ ئاوارەکانی ئەو ناوچانەی شەڕی دژی تیرۆریان تێدایە."
ئاسیاسێڵ ئاماژەی بەوە کردووە، پاڵاوتنی بۆ ئەو خەڵاتە "دوای چەند مانگێک دێت لە خستنەکاری نەوەی چوارەمی ئینتەرنێت، ئەویش دوای جێبەجێکردنی دەستپێشخەرییە تازەگەرییەکەی لە کامپی ئاوارەکانی بەردەڕەش لە هەرێمی کوردستان."
خەڵاتەکانی گلۆمۆ ساڵانە دابەش دەکرێن کە لە رێوڕەسمەکەدا "تازەگەرترین و ترێندی بەرهەمەکانی مۆبایل و خزمەتگوزاریی دیجیتاڵی لەسەر ئاستی جیهان رادەگەیێندرێن" ئەوەش لەپێناو پشتیوانیکردنی تازەگەری و بەرهەم و خزمەتگوزاریی سەردەمیانەتر لە جیهاندا.
بڕیارە خەڵاتەکانیش لە رۆژی چوارشەممە 30-6-2021 دابەش بکرێن.
ئاسیاسێڵ کۆمپانیایەکی بواری خزمەتگوزاریی مۆبایل و خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکانە و لە 1ـی کانوونی دووەمی 2021، ژمارەی بەشداربووانی 7.14 ملیۆنی تێپەڕاندووە.