کوڕ و باوکێک لە بۆردوومانی تورکیا لە دێرەلووک کوژران
رووداو - دێرەلووک
فڕۆکەکانی تورکیا چیای لینکیان لە سنووری شارۆچکەی دێرەلووک بۆردوومان کرد و بەرپرسی ناوچەی پارتی لە دێرەلووک دەڵێت، "دوو کەس شەهید بوون".
محەممەد سەلیم نێروەیی، بەرپرسی ناوچەی پارتی لە دێرەلووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بۆردوومانەکەی فڕۆکەکانی تورکیا کاژێر 09:30 خولەکی بەیانیی ئەمڕۆ بوو.
ئەو دوو کەسەی کوژراون، بە گوتەی بەرپرسی ناوچەی پارتی ناویان سەید جەلال نورەدین، تەمەن 60 ساڵ و ئەحمەد جەلال تەمەن 30 ساڵە، کوڕ و باوکن و خەڵکی دەڤەری نێروەیین.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا لەبارەی بۆردوومانەکەوە دەڵێت، ئەو کەسانەی کوژراون گەریلاکانی پەکەکەن و دوای دەستنیشانکردنی شوێنەکەیان کوژراون.
هاونیشتمانییەکی خەڵکی دێرەلووک بە رووداوی گوت، هێشتا تەرمی ئەو دوو کەسە لە چیان و خەڵکی چوون تەرمەکانیان بهێننەوە.