بەختیار مام شێخ: دەیڤید كامیرۆن كێشەیەكی هەبێ‌، لەڕێی منەوە داوای دەكات

30-05-2018
کوردستان حەسەن
نیشانەکردن بەختیار مام شێخ
A+ A-

رووداو - كینگستۆن

لە ناوچەیەكی هەستیار، پۆستێكی هەستیاری وەرگرتووە، ئەویش جێگری سەرۆكی شارەوانیی كێنزینگتن و چێڵسییە كە خێزانی شاهانەی ئینگلتەرا لەو ناوچەیە دەژین. تەنانەت دەیڤید كامیرۆن، سەرۆكوەزیرانی پێشووی بەریتانیا كە لەو ناوچەیە دەژی، ئەگەر كێشەیەكی هەبێ‌، دەبێ‌ لە رێگەی بەختیار مام شێخەوە داوای بكات.

 
بۆ گەیشتن بە پەرلەمانی بەریتانیا پێویستمان بە پشتگیریی هەرێمی كوردستانە

بەختیار مام شێخ كە كوڕی گوندێكی هەژارنشینی وەكو بیركۆتی شاری هەولێرە، لە ساڵی 1997ەوە لە بەریتانیا نیشتەجێیە. ئەو لە رێگەی پارتی كارەوە تێكەڵ بە سیاسەت بووە، لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكان لەسەر لیستی ئەو پارتە بووە ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانی، بەڵام هەفتەی رابردوو لەلایەن پارتە ركابەرەكەی (پارتی پارێزگاران)ەوە بە جێگری سەرۆكی شارەوانیی كێنزینگتن و چێڵسی دەستنیشان كرا. مام شێخ لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ (رووداو) دەڵێت، دەستنیشانكردنی بۆ ئەو پۆستە لەسەر داوای سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا بووە.
 
رووداو: لای زۆربەی لەندەنییەكان كەسێكی ناسراوی، دەمەوێ خوێنەرانی (رووداو) باشتر بتناسن، تۆ خەڵكی چ ناوچەیەكی باشووری كوردستانی؟

بەختیار مام شێخ: من ناوم بەختیار مام شێخە، خەڵكی گوندی بێركۆتم لە شاری هەولێر، هەرچەندە خۆم لە بێركۆت لەدایك نەبووم، بە شانازییەوە دوو كەڵەپیاوی گەورە لەو گوندەدا هەڵكەوتوون. عەزیز محەممەدی ئامۆزا و مام كە ساڵی رابردوو كۆچی دوایی كرد، لەگەڵ عەبدوڵڵا پەشێوی شاعیر كە بیرمەند و گەورە پیاوی كوردە و رەنگە نزیكترین هاوڕێم بێت. 

رووداو: كەی كوردستانت جێهێشت و لە بەریتانیا گیرسایتەوە؟

بەختیار مام شێخ: من كۆتایی ساڵی 1997 گەیشتمە بەریتانیا.
 
سەرۆكی پارتی كار پەیوەندییەكی بەهێزی لەگەڵ سەركردایەتیی كورد هەیە

رووداو: ئەی كەی تێكەڵ بە كاری سیاسی بووی لە بەرتانیا؟

بەختیار مام شێخ: ئەڵبەتە بە چەند قۆناغێك. لە ساڵی 2002 بوومە ئەندامی پارتی كار، زۆربەی ئەو كوردانەی لە ناوچە هەژارەكانەوە روو لە بەریتانیا دەكەن، دەبنە ئەندامی پارتی كار یان سۆزیان بۆ پارتی كار هەیە. چونكە ئەم پارتە هەمیشە لە خەمی خەڵكی كەمدەرامەتدایە و لە كێشەی نێوان فەلەستین و ئیسرائیل، پشتی فەلەستینییەكان دەگرێ. هەروەها بەرگری لەو خەڵكانە دەكات كە مافیان خوراوە.

رووداو: تۆ لەسەر لیستی پارتی كار سەركەوتی لەو هەڵبژاردنە، بەڵام چۆن لەلایەن پارتی پارێزگارانەوە دەستنیشانكرای بۆ جێگری سەرۆكی شارەوانی كینگستۆن و چێڵسی؟

بەختیار مام شێخ: ئەوە لەسەر داخوازیی پارتی پارێزگاران (پارتی دەسەڵاتدار) بوو. منیان لە مەیدان بینیبوو، دەیانزانی چی دەكەم و چیم پێدەكرێ، بۆیە پێیانوابوو رەنگە بتوانم ئاسانكاری بۆ ئەوان بكەم.

رووداو: گرنگیی پۆستی جێگری سەرۆكی شارەوانی چییە بۆ كوردێك كە لە وڵاتێكی وەكو بەریتانیا وەریبگرێ؟

بەختیار مام شێخ: شارەوانییەكان وەك بەرەی شەڕ وایە. سیاسییەكان لە پایتەخت شەڕ بەڕێوەدەبەن و سەربازەكان لە خەتی پشتەوە، بەڵام هێڵی یەكەمیشە، شارەوانییەكان واتە هێڵی بەرگری و هێرشبردنیشە. ئێمە هەر كارێك دەكەین، لە سەركردایەتی یان لە پەرلەمان، چاوەڕێی كارەكانی ئێمەن و بە چاك و بە خراپ بەسەر ئەواندا دەشكێتەوە، بەهەمان ئەندازەش خراپەكانی ئەوانیش بەسەر ئێمەدا دەشكێتەوە. ئێمە لە رۆژئاواین و دەبێ بزانین كە رۆڵی شارەوانییەكان زۆرە. هەر ئەندامانی شارەوانییەكانن سبەی دەچنە پەرلەمان. لەهەمانكاتدا هێڵی پەیوەندی هەیە لە نێوان پەرلەمان و شارەوانییەكان.
 
50%ی گرێبەستە نەوتییەكانی عێراق لەگەڵ بەریتانیا كراون

رووداو: لە كاتێكدا ژمارەیەكی زۆر كورد لە بەریتانیا دەژین، لە هەڵبژاردندا یەك كورد لە پەرلەمان دەبینینەوە، بەڵام لە وڵاتێكی وەكو سوێد پێنج كورد دەبنە پەرلەمانتار، ئەمە پەیوەندی بە چییەوە هەیە؟

بەختیار مام شێخ: پەرلەمان زۆر سەختە. چونكە ئەگەر بتەوێ ببیتە ئەندامی پەرلەمان، دەبێ ئەو بازنە هەڵبژاردنەی پارتەكەتی لێیە، ئەوان تۆیان پەسەند بێت ببیتە پاڵێوراو، ئەوە قۆناغێكە و بەبێ لۆبیكردن نابێ و پاڵپشتی دەرەكیشی دەوێ. من یەك دوو ساڵ هەوڵم دا لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی كوردستان و گوتم بۆ ئەوەی پرسی كورد ببەینە پێش، دەبێ شتێكی وا بكەین و بەرنامەیەكمان هەبێ. گوتم دەبێ دەزگایەك یان بەرنامەیەكمان هەبێ كە خەڵك پێبگەیێنێ و بیگەیێنێتە پەرلەمان، بەڵام وەڵام نەبوو. ئەگەر بەرنامە و پاڵپشتی هەبێت ئەوە قورس نییە.

رووداو: وا دەردەكەوێ پارتی كار زۆرتر لە هەموو پارتە سیاسییەكانی بەریتانیا بایەخ بە پرسی كورد و رەوەندی كوردی بدات؟

بەختیار مام شێخ: ئەوە راستە. جێرمی كۆربن، سەرۆكی پارتەكە كورد باش دەناسێ و ئاگاداری باشی كێشەی كوردە. زۆربەی ئەوانەشی لە كوردستان لەنێو پەرلەمان و حكومەت و پارتە سیاسییەكانن، جێرمی كۆربن دەناسن و پەیوەندییان لەگەڵی هەیە. لە هەمانكاتدا ئەو شوێنەی كۆربن لێی دەژی، كوردێكی زۆری لێیە. لێرە سیاسەت وا دەكرێ. ئەگەر من بەرژەوەندی خەڵكی گەڕەكەكەی خۆم و ناوچەكەی خۆم نەپارێزم، ئەوان چوار ساڵی دیكە دەنگم پێنادەن.
 
دەیڤید كامیرۆن كێشەیەكی هەبێ‌، لەڕێی منەوە داوای دەكات

رووداو: بەڵام تۆ بەربژێری پارتی كرێكاران بوویت و پارتی دەسەڵاتدار داوای لێكردیت پۆستی گرنگی ئەم ناوچەیە وەربگری؟

بەختیار مام شێخ: من لە چوار ساڵی رابردوودا زۆر چالاك بووم. لە گەڕەكەكەی خۆم دەیڤید كامیرۆنی سەرۆكوەزیرانی پێشوو دەژی. ئەگەر كامیرۆن كێشەیەكی هەبێت ئێستا من نوێنەری ئەوم و لەڕێگای منەوە داوای دەكات.

رووداو: ئەگەر هەڵە نەبم، ئەوە دووەمجار یان سێیەمجارە خۆت بۆ شارەوانییەكان هەڵدەبژێری، ئەمە لەسەر داواكاری خۆت بوو یان حیزبەكەت؟

بەختیار مام شێخ: راستیت پێبڵێم رەنگە لەناو حیزبەكەی خۆشم كەسانێك هەبن كە پێیان ناخۆش بێ ئەو پۆستەم وەرگرتووە. دوای چوار ساڵ ئەندامێتی شارەوانی لە پێنجەمین ساڵدا هەڵبژێردراوم بۆ جێگری سەرۆكی شارەوانی، واتە جێگری پارێزگار. من حەز دەكەم خزمەتی خەڵك بكەم. لەدوای رووداوەكەی گرین فێڵد، ئەو باڵاخانەیەی لە ناوەڕاستی ساڵی رابردوو سووتا و 79 كەس بوونە قوربانی، زۆر چالاك بووم و بەدەم لێقەوماوانەوە چووم و یارمەتی زۆرم دان، هەر كەس دەهاتە لام شتێكم بۆ دەكرد، كاتێك ئەوەیان بینی، داوایان لێكردم یارمەتییان بدەم و ئەو تووڕەییەی دژی ئەوان هەیە كەمێك خامۆشی بكەمەوە.
 
زۆربەی كوردی هەژار هاوسۆزی پارتی كارن


رووداو: ئەو ناوچەیەی تۆ بەرپرسیارێتیت تێدا وەرگرتووە، خێزانەی شاهانەی لێدەژین. پێتوایە وجوودی خێزانی شاهانە لێرە، ئەركی ئێوە قورستر بكات؟

بەختیار مام شێخ: نا، پێموانییە ئەركی ئێمە قورستر بكات. تەنانەت لەنێو پارتی كرێكاران كە حیزبەكەی خۆمە، خەڵكانێك هەن دژی خێزانی شاهانەن و پێیانوایە ئەوان خەڵكێكی شۆڕشگێڕن و دەبێ نەریتی شاهانە نەمێنێ. بەڵام من وەك خۆم تەنیا بیر لە خزمەتكردن دەكەمەوە، بڕوام بە هەرچی هەبێت ئەوە دەكەم. من پێموایە خانەوادەی شاهانە لەم وڵاتە بوونەتە هێمای سەقامگیری و رۆڵێكی زۆر مەزنیان بینیوە. پێموایە دەبێ لە وڵاتی خۆشمان خەڵك وا بیربكاتەوە.

رووداو: بۆ خۆت هەستت چۆنە كە بوویتە جێگری شارەدار، دەتوانی چی بكەیت؟

بەختیار مام شێخ: لێت ناشارمەوە ئەو چركەساتەی پێیانگوتم داوات لێدەكەین ببیتە جێگری شارەدار، لەهەمان چركەساتدا بیرم لەوە دەكردەوە چۆن بتوانم ببمە شارەدار؟ چۆن دەكرێت؟ بە ئیشی زۆر و ماندووبوونی زۆر. من هەر لەئێستاوە تاوەكو مانگی ئەیلوول چوار چالاكیم بەدەستەوەیە. سازكردنی كۆنفرانسێك بۆ پسپۆڕ و شارەزایانی فریاگوزاریی بوارەكانی ئاگركوژێنەوە و لافاو و تەنانەت ئابووری و سیاسیش، ئەوان چۆن دەتوانن پاڵپشتی و هاوكاریم بكەن و منیش پاڵپشتی ئەوان بم. ئەگەر بتوانم، لە كوردستانیشەوە خەڵك بانگ دەكەم بۆ ئەوەی ئاڵوگۆڕی شارەزایی و توانا و ئەزموون بكرێ. چالاكی دووەم لە گەڕەكەكەی خۆم دەكەم، كۆنفرانسێك بۆ رووبەڕووبوونەوەی دەرمان فرۆشتن و كاری خراپ. هەروەها فێستیڤاڵێكیش ساز دەكەم. رۆژی 14ی مانگی داهاتوو گردبوونەوەیەك بۆ پیاوانی ئاینی رێكدەخەم بۆ ئەوەی مەراسیمی نوێژ و پاڕانەوە بۆ قوربانییەكانی توندوتیژی و تیرۆر بكەن، چونكە ئەو رۆژە ساڵیادی یەكێك لە رووداوە ناخۆشەكانە.
 
حیزبەكانی ئێمە رۆڵێكی زۆر خراپیان بینیوە لە لەتوپەتكردنی كۆمەڵگەی كوردی لە دەرەوە



رووداو: هەلی دەركەوتن و سەركەوتن لە وڵاتێكی وەك بەریتانیا چۆنە؟ دەزانم پێشتر باسی رووداوی سووتانی باڵەخانەكەت كرد بۆ زۆرتر ناساندنی تۆ بەخەڵك؟

بەختیار مام شێخ: سەركردە لە رۆژانی سەخت و قەیراندا دەردەكەوێ. لە رۆژانی ئاشتی و ئاسایشدا هەموو كەس دەتوانن وەك سەركردە خۆیان دەربخەن. كاتێك ئەو باڵاخانەیە ئاگری گرت، ئەم ناوچەیە شێوابوو، بەبێ ئەوەی كەسێك بە من بڵێ و بەبێ ئەوەی ئەرك و بەرپرسیارێتی من بێت، من هاتم و دەستمكرد بە یارمەتیدانی خەڵك. ویستم وەك سەركردەیەك لەوێ بم. رۆژانە لەوێ بووم و هاوژینەكەم دەستیكرد بە ئامادەكردنی خواردن بۆ خەڵك. وای لێهاتبوو نانی هەزار كەسی دەدا. بۆ پۆلیس و فریاگوزار و لێقەوماوان. من تەنیا ئەوەم كرد كە دڵم دەیویست.

رووداو: بوویتە جێگری شارەداری ناوچەیەك كە كێشەی نیشتەجێبوون تێیدا بەرزە، پێتوانییە بەو هۆیەوە لە داهاتوودا رووبەڕووی دژواری زۆر ببنەوە؟

بەختیار مام شێخ: كینگستۆن و چێڵسی، ناوچەیەكی كۆنن و دەرفەتی فراوانبوونیان كەمە، ئەگەر بتەوێ ئەو كێشەیە كەم ببێتەوە دەبێت خەڵك بچنە نێو باڵاخانەوە. كاتێك ئەو باڵاخانەیە ئاگری گرت و ئەو ژمارە زۆرەی خەڵك بوونە قوربانی، ئەگەر خوا نەكردە لە كوردستان بووایە حكومەتی هەرێم دەهاتە سەرهێڵ لەگەڵ ئەنجوومەنە خۆجێییەكان و لێی دەكۆڵییەوە. بەڵام لێرە لەبەر ئەوەی شارەوانی هەر سەر بە پارتی دەسەڵاتدار بوو، ئەو حیزبە خۆی زیانی دەكرد. تاكە چارەسەر ئەوەیە، حكومەت ملیارێك دوو ملیارمان بۆ خەرج بكات تاوەكو خانووی دیكەی پێ ئامادە بكەین. ئەگەر بمانەوێ دوو هەزار شوقە بكڕین، دوو ملیار پاوەندمان دەوێ. پێموایە ئەگەر هەڵبژاردنێكی دیكە بكرێ و پارتی كرێكاران بباتەوە، ئەو داوایە جێبەجێ دەكرێ.
 
كوردی باشوور لە بەریتانیا زۆر پەرتەوازەن


رووداو: بۆچی بەریتانیا هێشتا هەر لەگەڵ عێراقێكی بەهێز و یەكپارچەیە و كەمتر پشتیوانی پرسی كورد دەكات؟

بەختیار مام شێخ: لەدوای پرۆسەی ئازادی عێراق، بەریتانیا چووە عێراق و بەتایبەتی چووە بەسرا، چونكە ناوچەیەكی دەوڵەمەندە بە نەوت. تاوەكو ئێستاش 50%ی گرێبەستە نەوتییەكانی عێراق، كۆمپانیا بەریتانییەكان كردوویانە، ئەوان ئەوە دەكەنە بنەمای سیاسەتیش.

رووداو: دەستبەكاربوونی تۆ وەك كوردێك، تاوەكو چ راددەیەك سوودی بۆ پرسی كورد دەبێ، ئەگەر لەڕووی مەعنەویش بێت؟

بەختیار مام شێخ: كە بەختیار پێگەی بەهێز دەبێت لەم ناوچەیە، راستە من دەبێ خزمەتی بەرتانیا بكەم، بەڵام سوودی بۆ كوردستان ئەوەیە ئەو كەسە چالاكە كوردە و بێگومان كاریش بۆ پرسی كورد دەكەین. دەتوانین ببین بە پردێك لە نێوان خەڵكی كوردستان و خەڵكی بەریتانیا، من ناڵێم حكومەتی كوردستان و بەریتانیا. دەتوانین ئەو رۆڵە ببینین. لێرە نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستانمان هەیە، بەڵام سنووری كار و چالاكیی ئەوان سنووردارە، ئێمە رەنگە بتوانین لەوان باشتر كار بكەین. من لە ماوەی رابردوو چەند كۆنفرانسێكم بەدەستەوە بوو بۆ پرسی كورد لێرە، بەڵام بە داخەوە شەڕی داعش و لەدەستدانی كەركووك و نیوەی كوردستان و خیانەتە گەورەكە، هەموومانی سارد كردەوە.

رووداو: ساڵانێكە لە ئەنجوومەنی شارەوانییەكان ئیش دەكەی، ئایا هیچ كوردێك لە باشووری كوردستان بۆ مەسەلەی چۆنیەتی بەڕێوەبردنی شارەوانی داوای زانیاری و راوێژی لێنەكردووی؟

بەختیار مام شێخ: رەوەندی كوردی لێرە بەداخەوە وا دەڵێم، من سێ ساڵە دەمەوێ لەگەڵ رەوەندی كوردی یان حیزبەكان دابنیشم و باسی ئەزموونی خۆمیان بۆ بكەم كە چۆن دەستمانپێكرد و چیمان كرد، بۆ ئەوەی بتوانین لە داهاتوودا ژمارەی كورد لە ئەنجوومەنی شارەوانییەكان زیاتر بكەین، بەڵام بەداخەوە شتەكان ئاوایە. كۆمەڵگەی تاراوگەنشینی باكوور زۆر پێكەوەترن لە باشوور، كوردی باشوور زۆر پەرتەوازەن و بێ متمانەیی سیاسی و كۆمەڵایەتی باشووری كوردستان لێرەش رەنگیداوەتەوە. پارتە سیاسییەكانی ئێمە رۆڵێكی زۆر خراپیان بینیوە لە لەتوپەتكردنی كۆمەڵگەی كوردی لە دەرەوە. ئێمە لێرە ئەگەر 10 هەزار كەسیش بین، ژمارەیەكی زۆر و كاریگەرە ئەگەر پێكەوەبین. دەتوانین گوشار دروست بكەین . ئێمە نابێ چاو لە دابەشبوونی كوردستان بكەین، چونكە ئێمە لێرە دەژین و بەرژەوەندییەكانمان پێكەوەن.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە