لە سنووری شنگال 10 گۆڕی بەکۆمەڵ دۆزرانەوە

30-05-2017
ئاسۆ سەراوی
تەحسین قاسم، پەیامنێری رووداو زانیاری زیاتر دەدات
تەحسین قاسم، پەیامنێری رووداو زانیاری زیاتر دەدات
نیشانەکردن کۆچۆ شنگال
A+ A-

رووداو - شنگال

لە سنووری شنگال 10 گۆڕی بە كۆمەڵ دەدۆزرێنەوە. بەرپرسێكی حەشدی شەعبیش دەڵێت پێدەچێت گۆڕی بەكۆمەڵی دیكەش لە ناوچەكەدا هەبن .

تەحسین قاسم، پەیامنێری (تۆڕی میدیایی رووداو) رایگەیاند، هێزەکانی حەشدی شەعبی لە سنووری شنگال 10 گۆڕی بەكۆمەڵیان دۆزیونەتەوە‌، سێ‌ گۆڕی بەكۆمەڵیان لە كۆمەڵگەی سیبا شێخ خدر، دوو گۆڕی بەكۆمەڵیان لە كۆمەڵگەی گرزرگسێ ‌و پێنج گۆڕی دیكەشیان لە سنووری گوندی كۆچۆن. 

پەیامنێری رووداو لە سنووری شنگال باسی لەوەش كرد، بەپێی قسەی خاڵ عەلی وڵاتی، كە فەرماندەیەكی حەشدی شەعبییە لە سنووری شنگال، پێدەچێت گۆڕی بە كۆمەڵی دیكەش لە ناوچەكەدا هەبن.

خاڵ عەلی گوتووشیەتی: "كاری ئێمە تەنها رزگاركردنی ناوچە داگیركراوەكانە، دەكرێت لایەنی پەیوەندار زیاتر بگەڕێن بۆ دۆزینەوەی گۆڕی بەكۆمەڵی دیكە، چونكە گۆڕە بەكۆمەڵەكان لەو ژمارەیە زیاترن كە تاوەكو ئێستا دۆزراونەتەوە".

رۆژی هەینی 12/5/2017 دەستەی باڵای حەشدی شەعبی دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی ناحیەی قەیرەوان و گوندەكانی دەوروبەری لە رۆژئاوای شاری موسڵ لەدەست داعش راگەیاند. 

لە ئۆپەراسیۆنەكەدا 13 گوند و كۆمەڵگەی كوردانی ئێزدی كۆنترۆڵكرانەوە، ئێستاش سەرقاڵی كۆنترۆڵكردنەوەی قەزای بەعاجن و هێزەكانیان گەیشتوونەتە سنووری سووریا. لە كۆنترۆڵكردنەوەی چەند ناوچەیەكیش هێزەكانی سەر بە پەكەكە بەشداربوون، بەتایبەت سیبا شێخ خدر و گر عزێر.

گوندی كۆچۆ دەكەوێتە سنوری ماددەی 140 و 18 كیلۆمەتر لە سەنتەری قەزای شنگال لە پارێزگای نەینەواوە دوورە، پێشئەوەی داعش هێرشی بكاتە سەر، نزیكەی چوار هەزار كەسی تێدا دەژیا و زۆربەیان كوردی ئێزدی بوون.

رۆژی 3-8-2014 داعش هێرشیکردە سەر شنگال و دەورووبەری و تەنها لە گوندی کۆچۆ هەزار و 300 کەس یان شەهیدکران، یان بەدیلگیران و تاوەکو ئێستا بێسەروشوێنن. دوای کۆنترۆڵکردنەوەشی، حەشدی شەعبی رایگەیاند گوندەکەیان رادەستی کوردانی ئێزدی کردووەتەوە، بەڵام بۆ پاراستنی ناوچەکە و دووبارەنەبوونەوەی ئەو کارەساتەی بەسەریاندا هاتووە، لەوێ دەمێننەوە.

داڕشتنەوە: دەرباز ساڵح

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە