قوتابیان و مامۆستایانی خوێندنی عەرەبی دژی بڕیاری داخستنی قوتابخانەکانیان لە هەولێر گردبوونەوە

01-05-2024
رەنجە جەمال
رەنجە جەمال
گردبوونەوەی قوتابیانی خوێندنی عەرەبی لە هەولێر
گردبوونەوەی قوتابیانی خوێندنی عەرەبی لە هەولێر
A+ A-
 
رووداو - هەولێر

قوتابیان و مامۆستایانی خوێندنی عەرەبی لە هەولێر دژی بڕیاری داخستنی قوتابخانەکانیان لەلایەن وەزارەتی پەروەردەی عێراق، جارێکی دیکە دەنگیان هەڵبڕی و بۆ چوارەم جار گردبوونەوە.
 
غینا سەیف قوتابیی خوێندنی عەرەبییە لە پۆلی یەکەمی ناوەندی، پەیامی بۆ حکومەتی عێراق هەیە و دەڵێت، "ئێمە لە تکریتەوە هاتووین، داوا دەکەین ئەم قوتابخانانە دانەخرێن، چونکە ئێمە ئاوارە نین، خۆمان لێرە نیشتەجێین، نامانەوێت بگەڕێینەوە پارێزگاکانی خۆمان."
 
بچووکەکان بێ ئاگان، بەڵام ترس لە داهاتووی منداڵەکانیان، گەورەکانی هێنایە بەردەم نوێنەرایەتیی پەروەردەی عێراق لە هەولێر.
 
دایکی ئەیمەن، دانیشتووی هەولێر دەڵێت، "بە دڵنیاییەوە دەترسم، داوا لە سەرۆکوەزیران دەکەم لەو بڕیارە پاشگەز ببێتەوە، ئاییندەی منداڵەکانم چیان بەسەردێت؟ من ئەگەر بگەڕێمەوە بۆ کوێ بڕۆم؟ دایک و باوکم مردوون، منداڵەکانم هەتیون، سوپاس بۆ خودا لێرە سەقامگیر بووم، دەژیم و ئاسوودەم."
 
لە هەولێر 166 قوتابخانەی خوێندنی عەرەبیی سەر بە وەزارەتی پەروەردەی عێراق هەن، 68،635 قوتابی تێیاندا دەخوێنن و 3،961 مامۆستا وانەیان تێدا دەڵێنەوە.
 
دوای بڕیاری داخستنی کەمپی ئاوارەکان، حکومەتی عێراق بڕیاری داوە، لە کۆتایی پرۆسەی خوێندنی ئەم ساڵ، سەرجەم قوتابخانەکانی خۆی لە هەرێمی کوردستان دابخات، کە تەنیا 14یان لەنێو کەمپەکانن.
 
کەریم سەید، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی عێراق دەڵێت، "بڕیارەکە پەیوەستە بە گەڕانەوەی ئاوارەکان، ئەوە بڕیاری وەزارەتی پەروەردە نییە کەی ئاوارەکان دەگەڕێنەوە، بەڵام وەزارەتی پەروەردە پەیوەندیدارە بە دابینکردنی پێداویستی بۆیان، چی لەو قوتابخانانەی ئێستا لێی دەخوێنن، یان ئەو قوتابخانانەی بۆی دەگەڕێنەوە."
 
لە کۆبوونەوەی لەگەڵ هەردوو وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان و عێراق؛ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، گرنگە پێداویستییەکان بۆ بەردەوامبوونی خوێندنى قوتابیانى قوتابخانە عەرەبییەکان لە هەرێمى کوردستان دابین بکرێن، جێگرەوەى وایان بۆ ئامادە بکرێت کە بەردەوام بن لە خوێندنى ئەم ساڵ و ساڵانى دواتر.
 
بەهۆی شەڕی داعش و ئاوارەبوونی بەشێک لە عێراقییەکان بۆ هەرێمی کوردستان، ساڵی 2014 نوێنەرایەتیی وەزارەتی پەروەردەی عێراق لە هەولێر، دهۆک و سلێمانی کرایەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان

وەزیری دارایی بۆ نوێنەرانی فەرمانبەرانی گرێبەست: بۆ بەهەمیشەییکردنتان چاوەڕوانی بەغداین

وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دۆسیەی بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست رەوانەی ئەنجوومەنی راژە کراوە بۆ ئەوەی رێکارەکانی تەواو بکرێت. نوێنەرێکی ئەو فەرمانبەرانەش دەڵێت: "بۆ دامەزراندنمان حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی بەغدایە."