لە گەرمیان درەنگ وەرگرتنی گەنم گرفت بۆ جووتیاران دروستدەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرایەتیی توێژینەوەی کشتوکاڵی سلێمانی رایدەگەیێنێت، ئەم ساڵ لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و راپەڕین نزیکەی یەک ملیۆن و 500 هەزار دۆنم زەوی بە گەنم چێندراوە، پێشبینی ئەوە دەکەن بەرهەمی ئەم ساڵ بگاتە یەک ملیۆن تۆن. بەڕێوەبەری کشتوکاڵی کەلاریش دەڵێت، لە گەرمیان دروێنەکردنی گەنم دەستی پێکردووە و 75%ی بەرهەمی سنوورەکە پێگەیشتوون.
 
ئەریڤان جەلیل، لێپرسراوی هۆبەی بەروبوومی کێڵگەیی لە بەڕێوەبەرایەتیی توێژینەوەی کشتوکاڵی سلێمانی میوانی پۆدکاستی "بەکاتی سلێمانی" بوو و رایگەیاند، ئەم ساڵ لە سنووری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەکانی سنوورەکە یەک ملیۆن و 500 هەزار دۆنم زەوی کراوەتە گەنم، پێشبینی دەکرێت بەرهەمی گەنم زیاتر بێت لە ساڵانی رابردوو، بگاتە یەک ملیۆن تۆن.
 
بە گوتەی ئەریڤان جەلیل، پێشبینیی ئەوەی گەنمی ئەم ساڵ بگاتە یەک ملیۆن تۆن بۆ ئەوەیە رووبەرێکی زیاتر لە ساڵانی رابردوو کراوەتە گەنم، چونکە لە هەندێک ناوچە رەنگە بەرهەم کەمتر بێت لە ساڵانی رابردوو، بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و پلەکانی گەرما.
 
ئەو بەرپرسەی بەڕێوەبەرایەتیی توێژینەوەی کشتوکاڵی سلێمانی گوتیشی، یەکێک لە کارەکانی ئێمە دابینکردنی بنەتۆو دەبێت و "95% جووتیاران لە بنەتۆو رازین، کە ئێمە پێیان دەڵێین بیچێنن."
 
هاوکات سامان ئەحمەد، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی کەلار میوانی بەرنامەی مژار بوو لە رادیۆی رووداو، باسی لە دۆخی کشتوکاڵ و وەرزی دروێنە لە سنوورەکەیان کرد.
 
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی کەلار باسی لەوە کرد، لە سنووری کەلار و دەوروبەری نزیکەی 100 هەزار دۆنم زەوی کراوەتە دانەوێڵە، کە زیاتر لە 90%ی گەنمە. گوتیشی، بەگوێرەی خەمڵاندن و پێشبینییەکانی ئەوان بەرهەمی ئەم ساڵی سنوورەکەیان نزیکەی 50 هەزار تۆن دەبێت، بە شێوەیەک بۆ هەر دۆنمێک زەوی 500 کیلۆگرام بەرهەمی هەبێت.
 
لەبارەی دەستپێکردنی دروێنەکردن لە سنووری گەرمیان، ئاماژەی بەوە کرد، ئێستا نزیکەی 75%ی بەرهەمی دانەوێڵەی سنوورەکە لە قۆناخی کۆتایی پێگەیشتندان؛ بەشێکی جووتیارانی سنوورەکەش لەترسی ئەگەری بارانی بەخوڕ و لافاو دەستیان کردووە بە دروێنەکردنی بەرهەمەکانیان.
 
بە گوتەی سامان ئەحمەد، جووتیارانی دەڤەری گەرمیان کێشەیەکیان بۆ دروست دەبێت بۆ بەبازاڕکردنی بەرهەمەکانیان، ئەویش درەنگ وەرگرتنی بەرهەمەکانیانە لە سایلۆکان بەهۆی ئەوەی تاوەکو 1ی حوزەیران سایلۆ گەنم وەرناگریت.
 
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی کەلار دەڵێت، لە سنووری گەرمیان لە مانگی ئایارەوە دروێنەکردن دەستپێدەکات، بەڵام بۆ وەرگرتنی بەرهەمەکانیان دەبێت زیاتر لە مانگێک چاوەڕوانی سایلۆکان بکەن، ئەمە کێشەیەکی گەورە بۆ جووتیاران دروستدەکات، "داوامان کردووە لە بەبازاڕکردنی بەرهەمی جووتیاران رەچاوی ژینگەی کشتوکاڵی گەرمیان بکرێت."
 
لەبارەی ئامادەکارییەکان بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران، باسی لەوە کرد، ئەوان ناوی جووتیارانیان ناردووە بۆ بەغدا، کە نزیکەی 2000 جووتیار لە سنووری کەلار هەن، بەڵام دەبێت تاوەکو مانگی حوزەیران چاوەڕوانی دەستپێکردنی وەرگرتنی گەنم بکەن.