پۆلیسی سلێمانی: ئەو کەسەمان دەستگیر کرد کە ئەمڕۆ لە زەڕایەن کەسێکی کوشت
رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، کەسێکیان بە تۆمەتی کوشتنی ئەو کەسە دەستگیر کردووە کە ئەمڕۆ لە ناحیەی زەڕایەن بە گولـلە کوژرا و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستیپێکردووە.
کاژێر 04:45ی ئێوارەی ئەمڕۆ رووداوێکی کوشتن لە زەڕایەن تۆمار کرا؛ نەخۆشخانەی شەهید رەئوف بەگ لە شارەزوور بە رووداوی راگەیاند، "تەرمی کەسێکی 45 بۆ 50 ساڵ گەیێندرایە نەخۆشخانەکەمان کە شوێنەواری 4 فیشەکی پێوەیە." دواتر تەرمەکە رەوانەی داد پزیشکیی سلێمانی کراوە.
بەپێی راگەیێندراوی پۆلیسی سلێمانی، مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی زەڕایەنی سەر بە بەشی پۆلیسی شارەزوور ئەو تۆمەتبارەیان دەستگیرکردووە کە لە ناحیەی زەڕایەن تەقەی لە کەسێک کردووە و کوشتوویەتی.
تۆمەتبارەکە دوای کوشتنی ئەو کەسە، بۆ شوێنێکی نادیار هەڵاتبوو، بەڵام پۆلیسی سلێمانی دەڵێت، دەستبەجێ هێزەکانی پۆلیس گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و لێکۆڵینەوە دەستیپێکرد.
پاش گەیشتنە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان و وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، وەکو پۆلیسی سلێمانی دەڵێت، توانراوە لە ماوەی کەمتر لە کاژێرێکدا تۆمەتبار بدۆزرێتەوە و لەلایەن مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی زەڕایەنەوە دەستگیر بکرێت.
ئێستادا تاوانبار (م، ع، س) کە لەدایکبووی 1983یە، بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادان راگیراوە و لێکۆڵینەوە بەردەوامە.