کۆنتڕۆڵی کارەبای هەڵەبجە: کارەبای نیشتمانی لە 18 کاژێرەوە بووەتە 5 کاژێر

 
رووداو دیجیتاڵ

هێرشەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر بووە هۆی کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی کارەبای هەڵەبجەش دەڵێت، "پێدانی کارەبا لە 18 کاژێرەوە بووەتە 5 کاژێری پچڕپچڕ."
 
ئەمڕۆ سێشەممە 30ی نیسانی 2024 نەورۆز جەمال، بەڕێوەبەری کۆنتڕۆڵی کارەبای هەڵەبجە لە بوولتەنی کاژێر 10:00دا بە رووداوی گوت، "پێش هێرشەکەی سەر کۆرمۆر بەرهەمهێنانی کارەبا باش بوو، خواستیش کەم بوو. رۆژانە 16 تاوەکو 18 کاژێر کارەبا بە هاونیشتمانیان دەدرا. بەڵام ئێستا 5 بۆ 6 کاژێر کارەبا دەدرێت، ئەویش بە شێوەیەکی پچڕپچڕ نەک بەسەریەکەوە."
 
لەبارەی کەمیی بەرهەمهێنانی کارەباوە بەڕێوەبەری کۆنتڕۆڵی کارەبای هەڵەبجە دەڵێت، "بە ناچاری دەست بە بەرهەمهێنانی کارەبا کراوە لە دەریاچەی دووکان و ئاوی دەربەندیخان. دووکان پێنج تۆڕباینی هەیە و هەریەکەیان نزیکەی 80 مێگاوات کارەبای بەرهەم دەهێنا، بەڵام ئێستا بەهۆی کۆنیی تۆڕباینەکانەوە ناگاتە 60 مێگاوات. بە هەمان شێوە لە ئاوی دەربەندیخانیش سێ تۆڕباین هەبوون، یەکێکیان لەکارکەوتووە، ئێستا دوو دانەیان ئیش دەکەن؛ بەڵام خۆشبەختانە لە ئاستی پێویستی خۆیەتی و 167 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنن."
 
ئەو وێستگانەی بە نەوتی رەش و گازوایل کار دەکەن، خورمەڵە، خەبات، تاسڵوجە و گەرمیان 2600 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنن؛ بۆ ئەوەی کوژانەوەی گشتی روونەدات، هەوڵدراوە نزیکەی 1500 – 1600 مێگاوات کارەبا لە رێگەی ئەو شوێنانە، بەرهەم بهێندرێت.
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی کۆنترۆڵی کارەبای هەڵەبجە، تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێک لەبارەی دروستکردنی وێستگەی نوێ نەدراوە؛ ئەو بڕە کارەبایەی هەیانە، لە رێگەی سیستمی کارەبای سلێمانییەوە بۆیان دابین دەکرێت. دەشڵێت، "ئێستا لەنێو شار 5 کاژێر کارەبا دەدرێت و شەشیش لە گوندەکان. بەرنامەی مۆلیدەکانیش دیاریکراوە، بەیانییان لە کاژێر 07:00 بۆ 08:30 کارەبا دەدرێت. لە یازدەوە بۆ یەک و لە کاژێر 4ی ئێوارە تاوەکو یەکی شەو کارەبا بە هاونیشتمانیان دەدرێت."
 
بەر لە هێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر وەزارەتی کارەبا 3500 مێگاوات کارەبای بەرهەمدەهێنا. رۆژی سێشەممە 30ی نیسانی 2024 ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە رۆژی یەکەمی هێرشەکە بەرهەمهێنانی کارەبا گەیشتە کەمتر لە هەزار مێگاوات، بەڵام دواتر هەندێک رێکارمان لە وێستگەکان گرتەبەر و بە پاڵپشتی وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبای خورمەڵە کە بە گازی کۆرمۆر کار ناکات، وێستگەکانی باعەدرێ، تاسڵووجە و خەبات کە بە نەوتی رەش کار دەکەن و هەر سێ وێستگەی دهۆک و بەنداوەکانی دووکان و دەربەندیخان، بەرهەمهێنانی کارەبا بگەیەنینەوە 1600 مێگاوات."