وەزارەتی کارەبا بۆ رووداو: رۆژانە 5 بۆ 6 کاژێر کارەبا دەدەینە هاوبەشانمان

رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی کارەباش دەڵێت، ئێستا رۆژانە لە نێوان پێنج بۆ شەش کاژێر کارەبای نیشتمانی دەدەنە هاوبەشانیان.
 
لەدوای هێرشەکەی رۆژی هەینیی رابردوو بۆ سەر کێڵگەی کۆرمۆر، بەرهەمهێنانی گاز لەو کێڵگەیە وەستاوە و بەهۆیەوە بەرهەمهێنانی کارەبا لە سێ هەزار و 500 مێگاواتەوە دابەزی بۆ کەمتر لە هەزار مێگاوات. 
 
رۆژی سێشەممە، 30ـی نیسانی 2024، ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هێرشەکەی رۆژی هەینی سەر کێڵگەی کۆرمۆر، جگە لە وەستاندنی بەرهەمهێنانی گاز، سیستمی بەرهەمهێنانی کارەبای لە هەرێمی کوردستان رووبەڕووی مەترسییەکی رژد کردەوە، بەڵام بە هەوڵی سەرجەم بەشەکانی وەزارەت، توانرا بارودۆخەکە کۆنتڕۆڵ بکرێت و ئەو وێستگانەی گازیان لێ بڕا، بە سەلامەتی رزگار بکرێن".
 
بەر لە هێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر وەزارەتی کارەبا سێ هەزار و 500 مێگاوات کارەبای بەرهەمدەهێنا، ئومێد ئەحمەد دەڵێت، لە رۆژی یەکەمی هێرشەکە بەرهەمهێنانی کارەبا گەیشتە کەمتر لە هەزار مێگاوات، بەڵام دواتر هەندێک رێکارمان لە وێستگەکان گرتەبەر و بە پاڵپشتی وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبای خورمەڵە کە بە گازی کۆرمۆر کار ناکات، وێستگەکانی باعەدرێ، تاسلووجە و خەبات کە بە نەوتی رەش کار دەکەن و هەر سێ وێستگەی دهۆک و بەنداوەکانی دووکان و دەربەندیخان، بەرهەمهێنانی کارەبا بگەیەنینەوە هەزار و 600 مێگاوات".
 
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا دەشڵێت، ئەو بڕە کارەبایەی ئێستا بەرهەمدێت، لەچاو پێداویستیی هەرێمی کوردستان زۆر کەمە، بۆیە هەوڵیانداوە کارەبای بەشێکی پیشەسازی و کارگە ناپێویستەکان ببڕن و بیدەنە ماڵان و نەخۆشخانە و پرۆژەکانی ئاو و ئێستا رۆژانە لەنێوان پێنج بۆ شەش کاژێر کارەبا دەدەنە ماڵان.
 
لەبارەی ئاساییبوونەوەی دۆخی کارەبای هەرێمی کوردستان و گەڕانەوەی بۆ ئاستی پێش هێرشەکەی کۆرمۆرت، ئومێد ئەحمەد گوتی: "هەرکاتێک کێڵگەی کۆرمۆر دەستبکاتەوە بە بەرهەمهێنانی گاز، دوای 24 کاژێر دۆخی کارەبا دەگەڕێتەوە باری ئاسایی خۆی".