قەرەبووی بەشێک لە کارەبای کەمبووەوە بەهۆی هێرشەکەی سەر کۆرمۆر دەکرێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی کارەبا بەشێک لەو کارەبایەی قەرەبوو کردووەتەوە، کە بەهۆی هێرشە درۆنییەکەی رۆژی هەینیی رابردوو بۆ سەر کێڵگەی کۆرمۆر کەمبووەوە و بەرهەمهێنانی لە هەزار مێگاواتەوە بۆ 1600 مێگاوات زیادکردووە.
 
هێرشەکەی رۆژی هەینیی رابردوو (26ـی نیسان)ی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە قەزای چەمچەماڵ، بەرهەمهێنانی کارەبای هەرێمی کوردستانی لە نزیکەی 3500 مێگاواتەوە بۆ 1000 مێگاوات کەمکردەوە، وەزارەتی کارەبا لە رێگەی بەگەڕخستنی وێستگە و بەنداوەکانی دیکەوە بەشێک لەو کارەبا لەدەستچووەی قەرەبوو دەکاتەوە.
 
ئەندازیار ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان، بە رووداوی گوت: "لە رۆژی هەینییەوە هاتنی گاز بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا سفر بووەتەوە، بەو پێیە 2500 مێگاوات کارەبا کەمبووەتەوە."
 
وەزارەتی کارەبا هەوڵدەدات کە قەرەبووی ئەو کەمبوونەوەیە بکاتەوە. ئومێد ئەحمەد گوتی: "ئێمە جارێکی دیکە خۆمان رێکخستەوە و لە رێگەی بەکارهێنان و بەگەڕخستنەوەی بەشێکی دیکەی سەرچاوەکانی دیکە بەشێک لەو کورتهێنانەمان قەرەبوو کردووەتەوە."
 
هێرشە درۆنییەکە کە یەکەمجار نییە دەکرێتە سەر کێڵگەکە کە سەرچاوەیەکی سەرەکیی گازی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبایە لە کوردستان، هیچ گرووپێک بەرپرسیارێتیی لە ئەستۆ نەگرتووە، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا باسی قەرەبووکردنەوەی بەشێک لە کارەبای لەدەستچوو دەکات.
 
ئومێد ئەحمەد دەڵێت: "وێستگەکانی خورمەڵەی گازی، گەرمیانی گازی، لەگەڵ هەموو وێستگەکانی دیکە کە بە نەوتی رەش و گازوایل کاردەکەن، هەروەها بەنداوەکانی دووکان و دەربەندیخانمان بەگەڕخستەوە، کە بە سوپاسەوە و بە هاوکاریی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بەنداوەکان توانیمان وێستگەکانی کارۆئاوی کارپێبکەین، هەموو ئەوانە وایکرد بەرهەمهێنانی کارەبا بگەیەنینە نزیکەی 1600 مێگاوات."
 
بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان 3500 مێگاواتە لە کاتی ئاساییدا، لەکاتێکدا لە وەرزە گەرم و ساردەکاندا خواست لەسەر کارەبا دەگاتە 7 هەزار مێگاوات.
 
گوتەبێژی وەزارتی کارەبا دەڵێت: "لەگەڵ کەمبوونەوەی پێدانی کارەبا بەکارهێنانی زیاد دەبێت، بۆیە لە دوای هێرشەکەوە بەکارهێنانی کارەبا زیادیکردووە." 
 
کۆمپانیای دانە گاز کە وەبەرهێنەری کێڵگەی کۆرمۆرە، رۆژی دووشەممە، 29ـی نیسان رایگەیاند بە لێکەوتەی هێرشەکەی هەینی "هەرچەندە زیانی کەم بە دامەزراوەکان و کەرەستەکان کەوتووە، بەڵام بەرهەمهێنانمان بە شێوازی کاتی وەستاندووە و رێوشوێنەکانی کارکردنمان گۆڕیوە."
 
پێش هێرشەکەی رۆژی هەینیی رابردوو، وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان رۆژانە بە تێکڕا نزیکەی 18 کاژێر کارەبای دەدایە هاونیشتمانییان، بەڵام ئێستا چوار بۆ پێنج کاژێر کەمبووەتەوە.