شارەزایەکی بوومەلەرزە لە تورکیا: تۆکمەیی باڵەخانەکان بکەنە مەرجی دەنگدان

30-04-2023
هێمن عەساف
نیشانەکردن بوومەلەرزە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

شارەزایەکی بەنێوبانگی بوومەلەرزە لە تورکیا، داوا لە دەنگدەرانی تورکیا و باکووری کوردستان دەکات، گوشار بخەنە سەر بەربژێرەکانی سەرۆککۆمار و لایەنە سیاسییەکان بۆ پەرلەمانی تورکیا بۆ ئەوەی پلانی تۆکمە دابڕێژن بۆ بەرەنگاربوونەوەی بوومەلەرزە لە رێگەی دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوونی کوالێتیی بەرز. 
 
پرۆفیسۆر د. ناجی گۆرور، کە یەکێکە لە زانا هەرە بەناوبانگەکانی بواری جیۆفیزیک و بوومەلەرزە و کارەساتە سرووشتییەکان و هەمیشە زۆربەی پێشبینییەکانی لەبارەی بوومەلەرزەوە راست دەردەچن، ئامۆژگاری دەنگدەران دەکات. 
 
گۆرور لە توویتێکدا نووسیوویەتی: داوا لە دەنگدەرە بەڕێزەکان دەکەم، بیر لە داهاتووی خۆیان و نەوەکانیشیان بکەنەوە. هەموو بەڵێنەکان وەلابنێن و گوشار بخەنە سەر دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن بە بەربژێرەکانی سەرۆککۆمار و ئەو لایەنە سیاسییانەی دەیانەوێ کورسی لە پەرلەمان بەدەستبهێنن. داوایان لێبکەن یەکەی نیشتەجێبوونی کوالێتی بەرزتان بۆ دروست بکەن.
 
ناجی گۆرور زیاتر نووسیوویەتی: "هەر لایەنێک و بەربژێرێک باس لە مەترسییەکانی بوومەلەرزە نەکات، گوێی پێمەدەن. گوشاری تووند بخەنە سەریان بۆ ئەوەی لە کارنامەکانیاندا یەکەی نیشتەجێبوونی کوالێتی بەرز دروست بکەن. یەکە نیشتەجێبووەکان لانیکەم بەرگەی 8 پلەی رێختەر بگرێت بۆ ئەوەی بکرێتە سیاسەتێکی فەرمیی دەوڵەت و یاسای تایبەتی بۆ دابڕێژرێت". 
 
کاژێر 04:17 خولەکی بەرەبەیانی رۆژی 6ـی شوباتی 2023، بوومەلەرزەیەک بەگوڕی 7.7 پلەی رێختەر، کە چەقەکەی مەرەشی باکووری کوردستان بوو، 11 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستانی هەژاند. بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، 50 هەزار و 783 کەس لە باکووری کوردستان و تورکیا گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 107 هەزار 204 کەس برینداربوون.
 
بەگوێرەی رۆژژمێری هەڵبژاردن، رۆژی 14ـی ئایاری 2023 هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و پەرلەمانیی تورکیا دەکرێت. 36 پارتی سیاسی مافی بەشداریکردنیان لەم هەڵبژاردنانەدا هەیە. 24 پارتی سیاسیی لیستی بەربژێریان بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان هەیە و 12 پارتەکەی دیکەش بەناوی هاوپەیمانییەوە دەچنە هەڵبژاردنەکان.
 
هەر لەم هەڵبژاردنەدا 64 ملیۆن و 113 هەزار و 941 کەس مافی دەنگدانیان هەیە. 60 ملیۆن و 697 هەزار و 843 دەنگدەر لەناوخۆی تورکیا و 3 ملیۆن و 416 هەزار و 98 دەنگدەریش  لە دەرەوە.  
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کۆمەڵی دادگەری

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان 59 بەربژێری بۆ پەرلەمانی کوردستان هەیە

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان 59 بەربژێری لە هەر 4 بازنەکەی هەرێمی کوردستان بۆ پەرلەمانی کوردستان هەیە. سەرۆکی لیستی ئەو حیزبە لە بازنەی هەولێر دەڵێت، خەڵک لە دەرەوەی کۆمەڵیش ویستبێتی لەسەر لیستی ئەوان خۆی بەربژێر بکات، پەسندیان کردووە.