بەرپرسیار؛ تۆمەتبارێک لە هەولێر 23 هەزار دۆلاری دوو هاوژین دەبات
رووداو دیجیتاڵ
ژنێکی ئۆکراینی لە هەولێر، بووەتە کەفیلی پیاوێک بۆ کڕینی ئۆتۆمبێلێکی جۆری تۆیۆتا هایلۆکس مۆدێل 2016 بە بڕی 27 هەزار دۆلار بە قیست، بەڵام پیاوەکە پارەکەی نەداوە؛ ئەویش سکاڵای تۆمارکردووە. ژنە ئۆکراینییەکە پێنج ساڵە ژیانی هاوژینی لەگەڵ کوڕێکی کورد پێکهێناوە و لە هەرێمی کوردستان دەژین.
هەرچەندە تۆمەتبارەکە پەیوەندیی دۆستایەتیی لەگەڵیاندا هەبووە، بەڵام قیستی ئۆتۆمبێلەکەی نەداوە، ئەوانیش بە ناچاری خۆیان پارەکەیان داوە.
"ئۆتۆمبێلەکەی لە قوماردا دۆڕاندووە"
رۆژی یەکشەممە 30-04-2023، هاوژینی ئەو ژنە ئۆکراینییەی کە بووەتە کەفیلی سکاڵالێکراو، لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، سەبارەت بە ناسینی سکاڵالێکراو دەڵێت: "ئێمە لێرە نەبووین، ماوەیەکی زۆر لە ئۆکراینا بووین کە هاتینەوە بینیم و پرسیاری کەسوکاری یەکدیمان کرد، دەرکەوت کە پێش 20 ساڵێک ئامۆزای یەکدی دەناسین."
هاوژینی ژنە ئۆکراینییەکە دەڵێت، "برادەری سکاڵالێکراو هاتە لام و گوتی: ویژدانم قبووڵ ناکات پارەی ئێوە ببات، ئۆتۆمبێلەکەی لە قومار دۆڕاندووە. ئەو پارەیەی کە ئێمە لە ئۆکراینا هێنامان ویستمان پڕۆژەی جوان لە هەرێمی کوردستان بکەین، هەموو پڕۆژەکانمان تێکچوون. زێڕ و کەلوپەلی نێو ماڵمان بە هەرزان فرۆشت و پارەی ئۆتۆمبێلەکەمان دایەوە. کەسی ئەوروپین و ڤیزای هەموو وڵاتێکمان هەیە، بەڵام ناڕۆین و حەزمان لە کوردستانە."
وەک ئەو سکاڵاکارە باسی دەکات، چەند جارێک چوونەتە بەردەم ماڵی باوکی سکاڵالێکراو و داوای پارەکەیان کردووەتەوە، بەڵام باوکی پێیانی گوتووە، "ئەگەر نەڕۆن لێرە، دوو کەسم کوشتووە، دەیکەمە چوار."
"هەڕەشەی کوشتنمان لێدەکات"
سکاڵالێکراو لە بەرواری 23-08-2021 بەڵێننامەی لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی گشتیی هەولێر پڕکردووەتەوە و دانی بەوەدا ناوە کە بڕی 275 هەزار دۆلار "27 وەرەقەی" ئەو ماڵباتە ئۆکراینییە قەرزارە، هەروەها بەڵێنیشی داوە کە نەبێتە هەڕەشە لەسەر ژیانی ئەو دوو هاوژینە.
ژنە ئۆکراینییەکە کە بووەتە کەفیلی سکاڵالێکراو لە کۆمپانیایەک کە تۆیۆتا هایلۆکسێکی بە قیست هێناوە و ئەو ژنە پارەکەی قیستەکەی داوەتەوە بە رووداوی گوت: "من دەترسم لە ماڵەکەی خۆم بمێنمەوە، ئەو هەڕەشەی کوشتنمان لێدەکات، نازانم پەیوەندی بە کێ-وە بکەم، داوای هاوکاری لە کێ بکەم، بەهۆی شەڕی ئۆکراینا کەسوکارم لەوێ پێویستییان بە هاوکاری منە، بەڵام من ناتوانم هیچ هاوکارییان بکەم، چونکە ئەو پیاوە هەموو پارەکەمانی دزی، هەرچیمان هەبوو فرۆشتمان، من داوای هاوکاری لە هەرکەسێک دەکەم کە بتوانێ هاوکاریمان بکات، تکام لە سەرۆک و لە ئاسایش و لە هەمووانە."
هاوژینی ژنە ئۆکراینییەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت، گوتی، "خزمێکی سکاڵالێکراو هاتە نێو بابەتەکە و گوتمان: حەزناکەین بابەتەکە گەورەبێت و تووشی کێشە بێت. هات 6500 دۆلاری هێنا و گوتی، ئەوەی دیکە چەند مانگێکی دیکە بۆتانی دەهێنینەوە. بەڵام کاتێک داوای پارەم لێی کردەوە، پێم رادەبوێرێت."
"مارسیدسەکەم بایی 45 هەزار دۆلار بوو، بردی"
یەکێک لە سکاڵاکارانی دیکە لە بەرنامەی بەرپرسیار کە ئۆتۆمبێلێکی جۆری مارسیدیس LS500ی لای سکاڵالێکراوە و لە ساڵی 2021 بردوویەتی، گوتی: "بەهای ئۆتۆمبێلەکەم 45000 دۆلارە، زۆرجار ئۆتۆمبێلم پێی داوە و کێشەم نەبووە، بەڵام ئەمجارە بردی و نەیهێنایەوە."
ئەو سکاڵاکارە باسی چۆنێتی بردنی ئۆتۆمبێلەکەی لەلایەن تۆمەتبارەوە دەکات و دەڵێت: گەشتمکرد بۆ دوبەی، پێش ئەوەی بڕۆم ئۆتۆمبێلەکەم پێیدا. لە گەشتەکەم هەفتەیەکم پێچوو کە گەڕامەوە داوای ئۆتۆمبێلەکەم کرد، گوتی، هەر چوار دەبڵی ئۆتۆمبێلەکە تەقیوە دەیبەم چاکی دەکەم. بردی بۆ لای هاوڕێیەکم کە فیتەرە کە چاکی کردەوە و پارەکەیشی نەدابوو، تەلەفۆنم بۆ فیتەرەکە کرد، گوتی، بردوویەتی. تەلەفۆنم بۆ کرد و گوتم، کوا ئۆتۆمبێلەکەم؟، هەر دەیگوت، ئەمڕۆ یان سبەی بۆت دەهێنم. هاوڕێیەکم لە زیندان ئازادبوو چووم پێشوازیم لێکرد، گوتی، کەسێک گیراوە کە بووەتە کەفیلی ئەو کەسەی ئۆتۆمبێلەکەت پێیداوە، ئەو کەسەی گیرابوو ببووە کەفیلی کڕینی تۆیۆتا لاندکرۆزەرێک، بەڵام براکەی پارەی "وەنەوشەکەی" دا ئینجا ئازادبوو. واتە ئەو کەسە پارەی کەسی دیکەشی لایە.
"سکاڵالێکراو فەرمانی گرتنی هەیە و لە یاسا هەڵدێت"
پارێزەر کاروان نازم لە بەرنامەی بەرپرسیاردا گوتی:" نزیکەی دوو ساڵە سکاڵالێکراو فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە و یاسا کاری خۆی کردووە، بەڵام تۆمەتبار ئامادەنییە خۆی رادەست بکات و نایەتە بەردەم دادگە."
وەک ئەو پارێزەرە دەڵێت، سکاڵالێکراو لە دادگە هەڵاتووە، رۆژی دادگە دەستنیشانکراوە بە "غیاب" حوکم دەدرێت بە ماددەی 453 لە یاسای سزادانی عێراقی. "چەند جارێک پۆلیس بە فەرمانی دادوەر چوونەتە سەر مالەکەیان، بەڵام لە ماڵ نییە."
"دانپێدانانم هەیە و پارەی خێزانە ئۆکراینییەکە دەگەڕێنمەوە"
ئەو کەسەی کە تۆمەتبارە بە بردنی پارەی ئەو دوو هاوژینە ئۆکراینییە و بردنی ئۆتۆمبێلە مارسیدسەکە، پەیوەندی بە بەرنامەی بەرپرسیار کرد و دانی بەوەدا نا کە پارەی ئەو دوو هاوژینەی بردووە و لە کۆتایی مانگی ئایار پارەکەیان بۆ دەگەڕێنێتەوە.
سکاڵالێکراو گوتی: "ئەو کەسانە بە ریبا و فائیز کاریان لەگەڵم کردووە و قازانجیان وەرگرتووە. لە مامەڵەیەک لەگەڵ ئەو خێزانە ئۆکراینییە 275 وەرەقە ماوە و ئەویشیان بۆ دەگەڕێنمەوە. لە ئاسایش دانپێدانانم هەیە کە پارەکە دەگەڕێنمەوە، دۆخێکم هاتە پێش بۆیە نەمتوانی پارەکە بگەڕێنمەوە."
لەبارەی ئۆتۆمبێلی سکاڵاکارەکەی دیکە، تۆمەتبار دەڵێت: "پەیوەندی پێوە نەکردووم، ماوەیەک لەمەوپێش تەلەفۆنی کرد، مامەڵەمان کرد و پێکهاتین، دۆخم تێکچوو ئینجا داوای ئۆتۆمبێلەکەی کردەوە. پێمگوتووە پارەت دەوێت یان ئۆتۆمبێلەکە."
"کارەکانم چارەسەر دەکەم و دەچمە بەردەم یاسا"
لەبارەی هۆکاری خۆ رادەستنەکردنی، تۆمەتبارەکە گوتی: "فەرمانی دەستگیرکردنم هەیە، یاسا سەروەرە و ملم لە موو باریکترە، کارەکانم چارەسەر دەکەم، ئێستا لە دەرەوەی هەولێرم، شتەکانم ئامادە دەکەم و دەچمە بەردەم یاسا."
ئەو کەسەی کە ئۆتۆمبێلەکەی بە سکاڵالێکراو داوە، دەڵێت: "بەڵگەم هەیە کە ئەو ئۆتۆمبێلەی بردووە و رەهنی کردووە، ساحێبی ئەو زمانەیە کە خەڵک هەڵدەخەڵەتێنێت."
پارێزەرەکە رێنمایی هاونیشتمانییان دەکات لە کاتی پێدانی بڕە پارەیەک بە کەسێک بەڵگەیەکی یاسایی لەنێوانیان هەبێت وەک بەڵگە.
دوو هاوژینەکە لە دوای رووداوەکە سکاڵایان لای ئاسایشی گشتیی هەرێمی کوردستان تۆمارکردووە و تۆمەتبار بەڵێننامەشی لێوەرگیراوە کە نەبێتە هەڕەشە لەسەر ژیانی ئەو دوو هاوژینە، بەڵام ئەوە بۆ دوو ساڵ دەڕوات ئەم کێشەیە چارەسەر نەبووە و ئەم دوو هاوژینە لە ترسی گیانیان ماوەیەکە ماڵەکەشیان چۆڵکردووە.
عەقید سەباح خدر، گوتەبێژی ئاسایشی هەولێر بە رووداوی گوت: "ئەو دوو هاوژینە دەتوانن سبەی بێنە لامان و هەر سکاڵایەک یان هەڕەشەیەک لەسەریان هەیە ئامادەین بەدواداچوون بکەین."