دادگەی فیدراڵیی عێراق لەبارەی دوو سکاڵا لەسەر هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
رۆژی چوارشەممەی داهاتوو، دادگەی فیدراڵیی عێراق بۆ یەکلاییکردنەوەی دوو سکاڵا کە لەسەر هەرێمی کوردستان تۆمارکراون کۆدەبێتەوە؛ یەکێکیان پەیوەندیی بە درێژکردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستانەوە هەیە. راوێژکارێکی یاسایی پەرلەمانی کوردستانیش دەڵێت: ئەگەر بڕیار لەسەر هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری درێژکردنەوەی وادەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان بدرێت، دەبێت وادەیەکی نزیکتر بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری بکرێت.
ئەگەر دادگە درێژکردنەوەی وادەی یاسایی پەرلەمان رەتبکاتەوە چی دەبێت؟
بەگوێرەی خشتەی کۆبوونەوەکانی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق، بڕیارە دادگەکە رۆژی چوارشەممە 3ـی ئایاری 2023، لەبارەی دوو دۆسیەوە کۆببێتەوە. یەکێکیان پەیوەندیی بە سکاڵایەکەوە هەیە تایبەت بە درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان کە تائێستا شەش دانیشتن کراون، بەڵام بڕیار نەدراوە. دوایین جار رۆژی 28ـی ئاداری ئەمساڵ دادگەکە کۆبوونەوەکەی دواخست. سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستانیش دوو جار داوای لە شاندی راوێژکاران و تیمی یاسایی کردبوو بەشداریی دانیشتنەکان نەکەن.
رۆژی یەکشەممە 30-4-2023، وەعد مزووری، راوێژکاری یاسایی پەرلەمانی کورستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هێشتا دیار نییە ئێمە وەکو تیمی یاسایی و راوێژکارانی پەرلەمانی کوردستان لە دانیشتنەکە ئامادە دەبین یان نا، هەموو بەڵگەنامە و شتەکانی دیکە پێشکێشکراون، تەنیا بڕیاردانی ماوە، هێشتا دیارنییە بڕیارەکە چۆن دەبێت، بەڵام ئەگەر بڕیارەکە بە رەتکردنەوەی یاسای درێژکردنەوەی وادەی یاسایی پەرلەمان بێت، ئەوا هەرێمی کوردستان دەکەوێتە بۆشایی یاسایی و حکومەتیش دەبێت بە کاربەڕێکەر، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا دیارنییە بڕیارەکە چۆن دەبێت."
هەروەها روونیکردەوە، "ئەگەر بڕیارەکە بە رەتکردنەوەی یاسای درێژکردنەوەی وادەی یاسایی پەرلەمان بێت، ئەو کات دەبێت بەپێی یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە ماوەیەکی نزیکتر لەوەی دیاریکراوە وادەیەکی نوێ (کە دوو سێ مانگێکە) دەبێت هەڵبژاردن بکرێت."
لە سکاڵاکەدا؛ سکاڵاکار داوای هەڵوەشاندنەوەی یاسای ژمارە 12ـی رۆژی 09-10-2022ـی تایبەت بە درێژکردنەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان دەکات بە پاساوی ئەوەی پێچەوانەی هەردوو مادەکانی 5 و 20ـی دەستووری عێراقە. جگە لەوەش لە داواکەدا هاتووە ئەو هەنگاوە، "مافی دەستووریی دیاریکراو لە مادەی 51ـی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە 1ـی ساڵی 1992 پێشێل دەکات."
سکاڵاکە لەسەر رێواز فایەق، سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان و دژى درێژکردنەوەى تەمەنى پەرلەمان لەلایەن هەریەک لە سروە عەبدولواحید، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق، شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ، یوسف محەممەد سادق، سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان و کاوە عەبدولقادر، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستانەوە تۆمارکراون.
ئەو سکاڵایە رۆژی 9-10-2022 دژی یاسای درێژکردنەوەی وادەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکرا، کە بەهۆیەوە بۆ یەک ساڵ و تاوەکو کۆتایی وەرزی یاسادانانی ئەمساڵ بەردەوامبوونی پەرلەمان درێژکرایەوە.
رۆژی 9ـى تشرینى یەکەمى 2022 پەرلەمانى کوردستان بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران، تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمانى تاوەکو کۆتایی ساڵی 2023 درێژکردەوە.
رۆژی یەکشەممە 26-03-2023، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا راگەیاند، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بەپێی یاسای ژمارە یەکی ساڵی 2005ـی هەمووارکراو کە یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانە، رۆژی 18-11-2023ـی وەکو رۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمان دیاریکردووە.
گوتەبێژی کۆمیسیۆن: کێشە بۆ دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان دروستدەبێت
شیروان زرار، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، "ئەگەر بڕیارێکی وا دەربچێت کێشە بۆ هەرێمی کوردستان و دامەزراوەکانیشی دروست دەبێت، چونکە ئەو کات حکومەت و سەرۆکایەتیی پەرلەمانیش دەکەونە بۆشایی یاساییەوە، دیاریش نییە ئەگەر بڕیارەکە بەو شێوەیە بێت کە درێژکردنەوەکە نایاساییە، ئایا سەرجەم کارەکانی پەرلەمان لە دوای کۆتاییهاتنی وادەی یاسایی دەگرێتەوە یان لە دوای رۆژی 3ـی ئایار کە بڕیاری تێدا دەدرێت."
گوتیشی، "رەنگە دادگەی باڵای فیدراڵی بۆ ئەوەی کێشەکە زۆر گەورە نەبێت، بڕیاربدات دەسەڵات بدرێتە پەرلەمان تەنیا بۆ کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن."
سکاڵایەکی دیکە کە پێنج جار دواخراوە
بەگوێرەی خشتەی کۆبوونەوەکانی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق، بڕیارە رۆژی سێشەممە دادگەکە لەبارەی سکاڵایەک بۆ پابەندکردنی هەرێمی کوردستان بە پێدانی پارەی فرۆشتنی یەکەکانی کۆبۆنی خۆراک لەماوەی 1-1-2004 تاوەکو 30-9-2021 کۆببێتەوە.
سکاڵاکە لەلایەن بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بازرگانیی خۆراکی عێراقەوە لەسەر هەریەک لە کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان و نەوزاد کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی ئەو وەزارەتە تۆمارکراوە.
سکاڵاکە تاوەکو ئێستا پێنج جار دواخراوە، تێیدا سکاڵاکار داوای پارەی 18 ساڵی فرۆشتنی یەکەکانی خۆراک لەلایەن بریکارەکانی خۆراکەوە لە هەرێمی کوردستان دەکات، بەڵام وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی کوردستان پێیوایە سکاڵاکە ئەنجامی نابێت.
نەوزاد کامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانیی وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی هەرێمی کوردستان لەبارەی سکاڵاکەوە بە رووداوی گوت، "ئێمە لەگەڵ وەزارەتی بازرگانیی عێراق لە کۆتایی ساڵی رابردوو رێککەوتووین و پێشبینی دەکەم دانیشتنەکە دوابخرێت و بڕیاری تێدا نەدرێت."