هاتووچۆی هەولێر: سەرپێچیی بەکارهێنانی مۆبایل و نەبەستنی پشتێنی سەلامەتی لە کامێراکانەوە کارا دەکرێت


رووداو دیجیتاڵ

لە سبەینێوە سەرپێچیی بەکارهێنانی مۆبایل لەکاتی شۆفێری و هەروەها نەبەستنی پشتوێنی سەلامەتی لە شاری هەولێر لە کامێراکانی تۆمارکردنی خێراییەوە کارا دەکرێت. گوتەبێژی هاتووچۆ دەڵێت، ئەو دوو سەرپێچییە لە رێگەی سەرجەم کامێراکانی ناوشار تۆمار دەکرێن.
 
رۆژی یەکشەممە، 30ـی نیسانی 2023، فازڵ حاجی، گوتەبێژی هاتووچۆی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە سبەی 1ـی ئایارەوە لەنێو شاری هەولێر هەرکەسێک پشوتێنی سەلامەتی نەبەستێت، یان مۆبایل بەکاربهێنێت لە کامێراکانی نێو شارەوە تۆمار دەکرێت و سزا دەدرێت."
 
ماوەیەکە لە بەشێکی هەولێر کامێرای تۆمارکردنی تیژڕۆیی خاڵ بۆ خاڵ (پۆینت تو پۆینت) دانراوە و کاری پێدەکرێت؛ فازڵ حاجی گوتی، نەوەک تەنیا ئەو کامێرایانە، بەڵکو هەموو کامێراکانی هاتووچۆ لە هەولێر سەرپێچیی نەبەستنی پشتوێنی سەلامەتی و بەکارهێنانی مۆبایل تۆمار دەکەن.
 
سزا مادییەکان بۆ سەرپێچییەکانی هاتووچۆ جیاوازن؛ گوتەبێژی هاتووچۆی هەولێر رایگەیاند، "بۆ نموونە کەسێک لەکاتی شۆفێریدا مۆبایل بەکاربهێنێت بە 40 هەزار دینار سزا دەدرێت".
 
تاوەکو ئەمڕۆ لە پارێزگاکانی سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە ئەم بڕیارە نەدراوە. هاوکات هیچ کامێرایەکی خاڵ بۆ خاڵ لەو پارێزگایانە نەکەوتوونەتە کار.