نرخی پیاز دادەبەزێت؛ کیلۆیەکی لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بە 500 دینارە

30-04-2023
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەرهەمی نێوخۆی کولەکە و خەیار کەوتوونەتە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستانە و سەرۆکی ئەنجوومەنی عەلوەی هەولێر دەڵێت، نرخەکان هەرزانن و تاوەکو بەرەو هاوینیش بچن هەرزانتر دەبێت. دەشڵێت، نرخی پیاز هەرزان بووە و کیلۆی بە 300 دینارە.

رۆژی یەکشەممە، 30ـی نیسانی 2023، رەجەب حاجی عەزیز، سەرۆکی ئەنجوومەنی عەلوەی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە هەرێمی کوردستان تاوەکو نزیک بینەوە لە هاوین نرخی سەوزە و میوە هەرزانتر دەبێت، چونکەی کاتی پێگەیشتنی بەرهەمی نێوخۆییە."
 
سەرۆکی ئەنجوومەنی عەلوەی هەولێر گوتیشی، کولەکە و خەیاری نێوخۆیی گەیشتوونەتە بازاڕەکان و لە عەلوەی هەولێر کیلۆیەک کولەکە بە 350 دینار و خەیار بە 300 دینارە.
 
بەهۆی پێگەیشتنی بەرهەمی نێوخۆییەوە؛ هاوردەکردنی کولەکە و خەیار قەدەخە کراوە؛ لە بازاڕەکاندا کیلۆیەک کولەکە بە 500 دینارە و خەیاریش بە هەمان نرخە.
 
مانگی شوبات تاوەکو سەرەتای مانگی ئاداریش نرخی پیاز لە کوردستان و ناوچەکە بەرزبووەوە، بەجۆرێک کیلۆیەک پیاز لە هەرێمی کوردستان گەیشتە دوو هەزار و 500 دینار، رەجەب حاجی عەزیز دەڵێت، پیاز هەرزان بووە و ئێستا لە عەلوە کیلۆی بە 300 دینارە.
 
پیاز لە بازاڕەکانیشدا کیلۆی بووەتە 500 دینار، سەرۆکی ئەنجوومەنی عەلوەی هەولێر دەڵێت، ئەو پیازەی ئێستا لە بازاڕدایە زیاتر پیازی ئێرانی و پارێزگاکانی دیکەی عێراقن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە