لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە عەربەت دوو کەس گیانیان لەدەستدا


رووداو دیجیتاڵ

لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە ناحیەی عەربەت لە سنووری پارێزگای سلێمانی، دوو کەس گیانیان لەدەستدا و دووانی دیکەش بریندار بوون.
 
رۆژی یەکشەممە، 30ـی نیسانی 2023، بەختیار محەممەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی هاتووچۆی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئۆتۆمبێلێکی پیکاب وەرگەڕاوە و تێیدا دوو کەس گیانیان لەدەستداوە و دووانی دیکەش بریندار بوون.
 
رووداوەکە لە ناحیەی عەربەت لە پارێزگای سلێمانی روویداوە. بەختیار محەممەد گوتی، رێگەکە دووسایدە و هۆکاری وەرگەڕانەکە خێرا لێخوڕین بووە.
 
بە گوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان؛ ئەو دوو کەسی گیانیان لەدەستداوە هاوژینی یەکدین.

 

ساڵی رابردوو لە هەرێمی کوردستان 3,706 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە؛ کە 2,909 رووداو بەهۆی پێکدادانی ئۆتۆمبێلەوە بووە، 773 رووداوی وەرگەڕان و 438 رووداوی شێلانیش هەبووە. بەهۆی ئەو رووداوانەوە 445 کەس گیانیان لەدەستداوە، کە 78یان ئافرەت بوون، هەروەها 7,250 کەسیش بریندار بوون.