محەممەد شوکری: مانگی ئایار دەست بە دروستکردنی 20 هەزار یەکەی نیشتەجێبوونەکان دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان دەڵێت، بڕیارە لە 1ـی ئایار تاوەکو 30ـی ئایار، کارکردن لە سەرجەم ئەو 20 هەزار یەکەی نیشتەجێبوونە دەستپێبکات، کە بۆ کەمدەرامەت و کرێچییەکان دروست دەکرێن.
 
رۆژی شەممە 29-04-2023، د. محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "لە زۆربەی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان، زەوی بۆ 20 هەزار یەکەی نیشتەجێبوونەکان دابین کراوە و وەبەرهێنەریش دیاریکراوە. رێنمایی دەستبەکاربوونیش بۆ پارێزگا و ئیدارەسەربەخۆکان نێردراوە و هەوڵدەدەین مانگی داهاتوو دەست بە دروستکردنیان بکرێت".
 
پشکی هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لەو 20 هەزار یەکەی نیشتەجێبوونە، شەش هەزار و 800 یەکەیە، پشکی پارێزگای سلێمانی، پێنج هەزار و 200 یەکەیە، پشکی دهۆک چوار هەزار و 500 یەکەیە، پشکی پارێزگای هەڵەبجە 440 یەکە و گەرمیان هەزار و 500 یەکەی نیشتەجێبوونی بەردەکەوێت.
 
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان هەروەها گوتی "حکومەتی هەرێمی کوردستان لەرێگەی سندووقی وەبەرهێنانەوە یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئەوەی خزمەتگوزارییەکان جێبەجێبکرێن و هەوڵدەدەین لەماوەی یەک ساڵدا ئەو پڕۆژەیە تەواوبکەین".
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مانگی ئایاری 2022 بڕیاری دروستکردنی 20 هەزار یەکەی نیشتەجێبوونی بۆ کەمدرامەتان دەرکرد. رۆژی 31-05-2022 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەوبارەوە سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی کرد و لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپارد، لە زووترین کاتدا دەست بە رێکارەکانی دروستکردنی ئەو یەکانە بکرێت.