رووداو دیجیتاڵ
بزووتنەوەی گۆڕان بە فەرمی دوو پەرلەمانتاری فراکسیۆنەکەی ئاگادارکردووەتەوە کە دەستلەکاربکێشنەوە بۆ ئەوەی دوو کەسی دیکە لە بزووتنەوەکە بخاتە شوێنیان، بڕیاردەری لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی کوردستانیش دەڵێت، حیزب ناتوانێت پەرلەمانتار ناچار بکات بە دەستلەکارکێشانەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو کە زیاتر لە دوو سەرچاوەوە پشتڕاستیکردوونەتەوە، بزووتنەوەی گۆڕان بە فەرمی داوای لە دوو پەرلەمانتاری فراکسیۆنەکەی کردووە کە دەستلەکاربکێشنەوە بۆ ئەوەی دوو کەسی دیکە بخرێتە شوێنەکانیان، ئەوانیش هەریەکە لە عەلی حەمەساڵح و دابان محەممەدن.
رۆژی شەممە 30ـی نیسانی 2022، جەلال محەممەد، بڕیاردەری لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەگوێرەی پەیڕەوی نێوخۆی پەرلەمان، لە هیچ حاڵەتێکدا حیزب ناتوانێت پەرلەمانتار ناچاری دەستلەکارکێشانەوە بکات و بۆ گۆڕینی پەرلەمانتاریش دوو رێگە هەیە. یەکەم، رێککەوتن لەگەڵ پەرلەمانتارەکە خۆی دەستلەکاربکێشێتەوە. دووەم، رێککەوتنێکی سیاسیی فراکسیۆنەکان کە لە پەرلەمان پارێزبەندی لێوەربگرنەوە و لە پەرلەمانتاری دووری بخەنەوە".
جەلال محەممەد کە پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕانە ئاماژەی بەوەش کرد: "ئەگەر شتێکی لەو جۆرە بە کاک دابان و کاک عەلی گوترابێت، پێموانییە بگاتە ئەوەی لە پەرلەماندا پارێزبەندییان لێوەربگیرێتەوە؛ ئەو شتێکە لەگەڵ خۆیاندا گفتوگۆ دەکرێت".
تاوەکو ئەمڕۆ شەممە بە فەرمی هیچ کام لەو دوو پەرلەمانتارە دەستیان لە فراکسیۆنی گۆڕان نەکێشاوەتەوە و فراکسیۆنەکەش ئەوانی بە فەرمی دوورنەخستووەتەوە، بەڵام لە زۆرینەی چالاکی و لێدوانەکانیاندا جیاوازتر لە فراکسیۆنەکەیان دەرکەوتوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ