کوڕ و باوکێک لە ماوەی 10 مانگدا بە مین گیانیان لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
بنه‌ماڵه‌ی شێخه‌پوور، هێشتا تەعزێباری کوڕه گه‌نجه‌که‌یان بوون که به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌ی مین گیانی له‌ده‌ستدابوو، 10 مانگ دوای ئەویش، له ئێواره‌یه‌کی هاویندا، ئەو بنەماڵەیە هه‌واڵێکی دڵته‌زێنتریان لە مەرگی کوڕەکەیان پێگەیشت، ئەویش گیانلەدەستدانی باوکی کوڕەکە بوو لە هەمان شوێن و بە هەمان هۆکار.
زانیار شێخەپوور کوڕی ئەو بنەماڵەیەیە و تەمەنی 35 ساڵانە، ئەو دکتۆرای لەبواری به‌ڕێوه‌به‌ریدا بەدەستهێناوە و ئێستا لە تاران دەژی، بۆ سەردانی دایک و براو خوشکەکانی چووەتەوە گوندی بێوران لە سەردەشت و لەوێ باسی ئەو رووداوەی بەسەر خێزانەکەیان هاتووە، بۆ رووداو کرد. گوتی، "ئێمه پێنج برا و دوو خوشک بووین، بنه‌ماڵه‌که‌م سه‌رقاڵی ئاژه‌ڵداری بوون، دۆخی ئابووریمان باش بوو، بۆ ئاژه‌ڵه‌کانمان شوانمان گرتبوو و هه‌ندێکجار خۆمانیش سه‌ردانیمان ده‌کردن."
ئەو رۆژەی زانای برای گیانلەدەست دەدات، بە گوتەی زانیار شێخەپوور، 15ـی سێپتێمبەری ساڵی 2004 بووە، دەڵێت "زانا و باوکم رۆیشتن بۆ لای شوانه‌کان له کوێستانێک به ناوی "دووپه‌زه"، زانا ویستی هاوکاری شوانەکە بکات پشوویەک وەربگرێت، بۆیە بۆ ماوەیەکی کەم ویستی ئاژەڵەکان بلەوەڕێنێت، بەڵام مینێک پێیدا تەقییەوە، دوای نیوکاژێریش پێش ئەوەی بگەیێندرێتە نەخۆشخانە، گیانی لەدەستدا."
ئەوکاتەی رووداوەکە روویداوە، زانیار پۆلی سێی ناوەندی بووە، دەڵێت "ئێواره من له یانه‌یه‌کی وه‌رزشی تۆپی پێم ده‌کرد، که هاوڕێکانم بێ ئه‌وه‌ی پێم بڵێن هێنامیانه‌وه، گه‌یشتینه پێش مزگه‌وتی بێوران، بینیم بنه‌ماڵه و خزم و که‌سی ئێمه له‌وێن، هه‌موویان ده‌گریان، ئیدی زانیم ئه‌ندامێکی بنه‌ماڵه‌یه‌کی من گیانی لەده‌ستداوه و یه‌ک به یه‌ک به سه‌ریانم ده‌کرده‌وه تاوەکو بزانم کامیان دیارنین، دواتر ته‌نیا زانام نه‌دیت، ئه‌و شته‌ی که ده‌ترسام به سه‌رماندا هات، زانا که برای بچکۆله‌م بوو و زۆرمان خۆشده‌ویست، به مین گیانی له‌ده‌ستدابوو."
زانیار باسی لەوەشکرد، مه‌رگی زانای برای "که کوڕێکی خوێن‌شیرین و له‌به‌ردڵان بوو، بنه‌ماڵه‌که‌مانی تووشی خه‌مێکی قورس کرد، له هه‌موویان زیاتر ناڕه‌حه‌تیی باوکم بوو، چونکه له پێش چاوی خۆی گیانی له‌ده‌ستدابوو و زۆر به ئازار بوو بۆی، لەبه‌رئه‌وه‌ی ئێمه خه‌مبار نه‌بین، له ماڵه‌وه نه‌ده‌گریا، به‌ڵام که جارجار له گه‌ڵی ده‌ڕۆیشتمه‌ده‌رێ، ده‌مزانی له ته‌نیایدا ده‌گری.. دایکم، هێزی له‌به‌ردانه‌مابوو، ئه‌وه‌نده ده‌گریا و ناڕه‌حه‌ت بوو، شه‌وانه چاوه‌کانی هه‌موو سوور هه‌ڵده‌گه‌ڕان، به‌ڵام ئێمه نه‌مانده‌زانی ئه‌وه سه‌ره‌تای لێقه‌ومانێکی دڵهه‌ژێنی بنه‌ماڵه‌که‌مانه."
10 مانگ دوای گیانلەدەستدانی کوڕەکەی، وەکو زانیار باسی کرد، ئیسماعیل شێخه‌پووری باوکی به‌یانییەک بۆ خوێدانی مه‌ڕه‌کانی ده‌چێته ئه‌و کوێستانه‌ی که کوڕه‌که‌ی تێیدا به مین گیانی له‌ده‌ستدابوو، لەوێ شوانێکی به ناوی "ره‌حمان چه‌کۆیی" له‌گه‌ڵ ده‌بێت، به‌ڵام به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌ی مینێک، ئیسماعیل و شوانه‌که گیانله‌ده‌ست ده‌ده‌ن.
زانیار خەمی لەدەستدانی باوکی لە گێڕانەوەی چیرۆکەکە کەمێک وەستانی، دواتر گوتی "ئه‌و رۆژه من له‌سه‌ر مه‌زرا بووم و سەرقاڵی ئاودێری بووم، ته‌له‌فۆنیان بۆ کردم و گوتیان شوانه‌که‌تان برینداره، به‌ڵام که رۆیشتمه نەخۆشخانەی سه‌رده‌شت، هه‌مان دیمه‌نی گیانله‌ده‌ستدانی زانای برام هاته پێش چاوم، دیسان بنه‌ماڵه و خزم و که‌سم به گریانه‌وه بینی، کاتێک زانیم باوکیشم به هه‌مان چاره‌نووسی زانا چووه، بێ هۆش که‌وتم."
بە گوتەی زانیار، بنه‌ماڵه‌که‌یان هەرگیز بیریان له وه‌ها رۆژێکی ترسناک نه‌کردبووه‌وه، "له که‌متر له ساڵێکدا برا و باوکم گیانیان لەدەستدا، دواتریش ئازارێکی بێوینه دایگرتین، وای لێهات ئه‌مجاره دایکم دڵی ئێمه‌ی ده‌دایه‌وه، جاری واهه‌بوو به چه‌ندین کاژێر هه‌موومان داده‌نیشتین و که‌سمان قسه‌مان نه‌ده‌کرد، خه‌مێکی قورس ته‌واوی بنه‌ماڵه‌که‌مانی ته‌نیبوو. ئێستا که بیر له‌و کاته ده‌که‌مه‌وه گیانم ده‌هه‌ژێت، ئێمه پێش کاره‌ساته‌که بنه‌ماڵه‌یه‌کی ده‌وڵه‌مه‌ند بووین، به‌ڵام پاش ئه‌وه‌ی باوکم و براکه‌م گیانیان له‌ده‌ستدا، جیا له گوشاری رووحی، له باری ئابووریشه‌وه لاواز بووین."
دوای لەدەستدانی باوک و براکەیان، ئەرکی بەخێوکردنی خێزانەکە کەوتووەتە سەر دایکی و براگەورەکەی، ساڵێک دوای ئەو رووداوە زانیار و یەکێکی دیکە لە براکانی بۆ زانکۆ چوونە، زانیار بۆ زانکۆی ورمێ و براکەیشی بۆ زانکۆی مهاباد. دەڵێت، "خەرجیمان زۆر بوو، لەکاتێکدا باری داراییمان خراپبوو." بۆیە دایکیان ناچار دەبێت ئاژەڵەکانیان بفرۆشێت و چەند ساڵێک بە پارەکەی ژیاون، "بەڵام پاش ئەوە خۆمان ناچار بووین لەگەڵ خوێندن کار بکەین."
زانیار ئیدی کوێستانه‌کانی خۆش ناوێت
بنه‌ماڵه‌ی زانا پاش "چه‌رمه‌سه‌ری و هاتووچۆیەکی زۆر توانییان قه‌ره‌بووی زانای برای وه‌ربگرن و مووچه‌یه‌ک بۆ دایکی ببڕێته‌وه، به‌ڵام تاوەکو ئێستا و پاش 16 ساڵ له روودانی کاره‌ساته‌که، هێشتا که‌یسی قه‌ره‌بووکردنه‌وه‌ی باوکی نه‌گه‌یشتووەته ئه‌نجام."
زانیار به دڵگرانییه‌وه ده‌ڵێت "زۆر به‌داخه‌وه ئه‌م ناوچه سنوورییانه زۆر بنه‌ماڵه‌ی وه‌ک ئێمه‌ی تێدایه که ته‌قینه‌وه‌ی مین بنه‌ماڵه‌کانیانی تێک‌وپێک داوه، له لایه‌کی دیکەوە قه‌ره‌بوونه‌کردنه‌وه‌ی قوربانیان که هه‌ندێکیان خۆی له 30 ساڵ ده‌دات، ئازارێکی زۆر قورس‌تر له‌ده‌ستدانی ئه‌ندامێکی جه‌سته ده‌خاته سه‌ر جه‌سته و رووحی قوربانیان."
دایکی زانیار که 63 ساڵانه، ئێستا دوو ساڵه تووشی شێرپه‌نجه بووە، زانیار ته‌نیا هۆکاری بۆ ئه‌و شێرپه‌نجه‌یه ئازاره رووحییه‌کان ئه‌و لێقه‌ومانە دەگەڕێنێتەوە کە بەسەر دایکی هاتووە، "دایکم پاش کاره‌ساته‌که به‌رده‌وام دۆخی رووحی و جه‌سته‌یی خراپتر ده‌بوو، دوو ساڵ پێش ئێستا زانیمان شێرپه‌نجه‌ی خوێنی هه‌یه، که هه‌مووی ئه‌مانه به‌رهه‌می ئه‌و ئازارانه بوو که مین به‌سه‌رماندا هێنای."