رابەری گشتیی بزووتنەوە: دەستوەردان لە کاری دادگاکانی تورکیادا ناکەین


رووداو دیجیتاڵ

رابەری گشتیی بزووتنەوەی ئیسلامی پەیوەندییەکانی حیزبەکەی لەگەڵ وڵاتی تورکیا بە "پەیوەندیی مێژوویی" پێناسە دەکات، لە وەڵامی گوتەبێژی حیزبەکەشیدا کە لەماوەی رابردوودا داوای ئازادکردنی ئۆجەلان-ی کردبوو، دەڵێ "ئەوە بۆچوونی تایبەتی خۆیەتی".
 
رۆژی پێنجشەممە لەلایەن نووسینگەکەیەوە، بەشێک لە هەڤپەیڤینێکی عیرفان عەلی عەبدولعەزیز، رابەری گشتیی بزووتنەوەی ئیسلامی، لە لاپەڕەی فەرمی خۆی بڵاوکرایەوە، کە لەگەڵ ئاژانسی ئەنادۆڵو ئەنجامیداوە. لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا رای ئەوان چییە لەسەر قسەکانی گوتەبێژی حیزبەکەی کە داوای ئازادکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستانی کردبوو، دەڵێت "هەڵوێستی فەرمی بزووتنەوە نییە، ئێمە تورکیا بە دۆستی خۆمان دەزانین و لە سەردەمی خوالێخۆشبوو تۆرگوت ئۆزالەوە پەیوەندیمان سرووشتییە و نوێتەرایەتیمان هەیە، ئێمە دەستوەردان لە کاروباری دادگاکانی تورکیا ناکەین".
 
رابەری گشتیی بزووتنەوەی ئیسلامی هەروەها دەڵێت "ئەوەی گوتەبێژ نووسیویەتی، بۆچوونی تیایبەتی خۆیەتی و تەنیا لە لاپەڕەی تایبەتی خۆیشی نووسیویەتی و بۆچوونی فەرمی بزووتنەوەی ئیسلامی نییە".
 
عەبدوڵڵا وەرتی، گوتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی، سەرەتای ئەم مانگە لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی داوای کردبوو، تورکیا عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئازادبکات. دواتر لە 9ی نیسان روونکردنەوەیەکی لە هەمان لاپەڕەی خۆی بڵاوکردەوە و نووسی :"لە پرس و بابەتە سیاسییەکان زۆر قسەدەکەم، راستە گوتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستانم، بەڵام مەرج نییە هەموو لێدوان و قسە و گفتوگۆکانم تەعبیر بێت لە رای گشتیی حیزبەکەم". 
 
لەبارەی قسەکانیشی لەسەر ئازادیی عەبدوڵڵا ئۆجەلان نووسیویەتی: "لەسەر ئازادیی ئۆجەلان بەشێکیان نوێن و بەشێکیشیان کۆنن، بەداخەوە هەندێک لایەنی نابەرپرس بۆ ئامانجی خراپ بەکاریدەهێنن، وەک هاووڵاتیەکی کورد بە مافی خۆمی دەزانم هەر لێدوان و نووسینێک بڵاوبکەمەوە، ئەوەش تەعبیرە لە رای خۆم نەک حیزبەکەم".
 
عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە 15ی شوباتی 1999 لە کینیا دەستگیرکرا و گوازرایەوە تورکیا. رۆژی 29ی حوزەیرانی 1999 دادگایی کرا و فەرمانی لە سێدارەدانی بۆ دەرچوو. لە ئابی 2002،تورکیا سزای لە سێدارەدانی لە وڵاتەکەی نەهێشت، بۆیە سزای ئۆجەلانیش گۆڕدرا بۆ زیندانی هەتاهەتایی. 
 
دوایین جار کە زانیاریی لەبارەی ئۆجەلانەوە گوترابێ، رۆژی پێنجشەممە 25ی ئاداری 2021 بوو، کە دوای هەشت مانگ بێدەنگیی، محەممەد ئۆجەلان پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە ئەنجامدا، عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە پەیوەندییەکەدا بە براکەی گوتووە، "22 ساڵە لە زیندانم، مافی ئەوەم هەیە چاوپێکەوتن لەگەڵ پارێزەرەکانم ئەنجام بدەم". 
 
محەممەد ئۆجەلان، برای عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەبارەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی لەگەڵ براکەی دەڵێت، نزیکەی پێنج خولەکی خایاندووە.