رەنجی شەهیدان، چاكەی نیشتمانی یان تاقیكردنەوەی ویژدان

هاوڕێ تۆفیق

ئەو هەڵمەتەی رەنجی شەهیدان دەستیپێكردوە گومانی تیانییە چالاكیەكی نەتەوەیی ومرۆڤایەتی ناوازەیە. دیارە دەبێت بڵێین كە خەڵكانی تر و چاكەخوازانی تری ئەم وڵاتە، ئەوانیش لە دوای رووداوەكانی دوژمنكاری چەتەكانی داعش بۆ سەر كوردستان، لای خۆیانەوە قۆڵی چاكەیان لێ هەڵماڵیوەو چاكەی نیشتیمانی خۆیان كردوە. بەڵام نرخی ئەم هەڵمەتە، ئەوەیە كە چەند رەهەندێكی گرنگی نەتەوەیی و مرۆڤایەتی هەیە. بە تایبەت كە هەڵمەتەكە لەڕێگای دامودەزگایی میدیاییەوە روماڵ دەكرێت و بەو هۆیەوە دەچێتە ناو هەموو ماڵێك، لە ویژدانی هەموو مرۆڤێك ئەدات.

 ئەوەی خواپێدراو و سەرمایەدارە، ویژدانی خۆی پرسیاری لێ دەكات؟ لە كوێت بوو ئەو سامانە؟ لە كام وڵات پەیدات كردوە؟ لە بەرپرسی ئەم وڵاتە ئەپرسێت ،كاتی نەهاتووە سیستەمی باجی كۆمپانیاكان پێداچوونەوەی پێبكریت و لە ڕێگای دابینكردنی كۆمەڵایەتییەوە هاوكاری كۆمەڵگای پێ مسۆگەربكرێت؟ ئەمانەو چەندینی تر.

لە راستیدا ئەم هەڵمەتە تەنها نرخێكی دارایی نییە بۆ پیشگیری كەسوكاری شەهیدان، بەڵكو زیاتر لەوە هەوڵێكە بۆ ئەوەی لە ناو ئەو هەموو پانتاییە لە رقی حزبی، ناوچەیی، خەیاڵی لۆكاڵی . جارێكی دیکە لە ڕێگای چاكەی نیشتیمانەوە كۆمان بكاتەوەو هەستی نەتەوەیی و خاك پارێزی لە ناومانا بەهێزبكاتەوە. بیرمانبخاتەوە ئێمە هەتاوەكو ئێستاش لەبەر كوردبوون دەكوژرێین، هاتوەكو ئێستاش باجی كوردبوونمان ئەدەین . زۆر كات رۆیشتوە ، بەڵام رۆژی تەگبیرە .

تەگبیر بۆ خاك و نەتەوە ، خاكێكی بە پیت و بەرەكەت ، بەڵام داخ خۆمان هێشتا لە رووی فەرهەنگی و سیاسیەوە، پیویستیمان بە راچڵكینە! پیویستیمان بە چەندین هەوڵی جدی  هەیە، هەتاوەكو  مرۆڤی كورد لەم پارچە پارچەبوونی رووحی و ویژدانیە رزگاربكەین .هێواش هێواش نەتەوەیەكی بە هێزی بە مانای ژیاری و فەرهەنگی بینا بكەین.

خاڵێكی تر ئەم هەڵمەتە كە پێویستە ئاماژەی بۆ بكەین، لێرەو لەوێ ،هەندێ خەڵك دەڵێن، دەوڵەت دەبوایە لە ڕێگای باجەوە ئەمە رێكبخات و پارە لە كۆمپانیاكان بسەنێت. روون و ئاشكرایە لە وڵاتانی پێشكەوتووی سەرمایەداری خورئاوادا، دەوڵەت لەڕێگەی سیستەمێكی باجی هەمەلایەنەوە قازانج دەكات و داهات بەدەست دەهێنێت و بەو پارەداركردنەش خەرجی كۆمەڵایەتی بۆ لێقەوماو و بیكار و هەروەها  بۆ لە ناوبردنی نەخۆشی  ودابینكردنی ژیان بۆ خەڵكانی بەساڵاچوان فەراهەم دەكات.

 بە كورتیەكەی لەو جۆرە سیستەمانەدا كۆمپیانیاكان چالاكی ئابوری هەمەجۆر ئەنجام ئەدەن، بەڵام لە ڕێگەی باجەوە دەوڵەت زۆرترین قازانج و سەرمایەدار كەمترین دەكات. كە ئەمەش جەوهەری دادی كۆمەڵایەتیە لەو وڵاتانەدا.

بە پێچەوانەوە لە كۆمەڵگاكانی رۆژهەڵات، لەگەڵ ئەوەی  بۆ ڕێزگرتن لە باوەری ئاینی و داب و نەریت، خێر دەكرێت، بەڵام خێركردن دەردی هەژاری وبرسێتی چارەسەر نەكردوە. بەڵام وەكو ئاشكرایە لە ئێستادا وڵاتەكەمان لەشەڕدایەو خاوەن سیستەمی هاوشێوەی ئەو وڵاتانەی نییە، ئەمە جگە لەوەی لە لایەكی ترەوە ئەو راستیە روونە كە لە پاڵ ئەوەی سەرمایەدار، بە یاسا باجی زۆرەمڵێی لێ دەسێنرێت، بەڵام   بە خۆویستانە باجی ویژدانیش دەدات، ئەمریكا كە هەزاران میل لە ئەفریقاوە دورە، بەڵام بۆ دەوڵەمەندەكان پارە بو لەناوبردنی نەخۆشی جۆراو جۆر لە ئەفریقایا دەبەخشنەوە؟ لە راسیتدا هیچ شتێك ناچاریان ناكات ئەو پارەیە بدەن. جگە لە  ویژدانی مرۆڤایەتی خۆیان نەبێت. بۆیە ئەم هەڵمەتە جگە لەو خاڵانەی باسمكرد، هەوڵێكە بۆ ئەوەی پەیوەندی سەرمایەدار و وڵات . پارەو نیشتیمان بدۆزینەوە. بزانین ئینتیما بۆ ئەم وڵاتە، بۆ ئەم خاكە پیرۆزە چەندە. چاوەڕێ ئەكەین.