رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ناڕەزایی لە بەرامبەر حکومەتی نوێی سووریا رادەگەیێنێت و دەڵێت، بڕیارەکانی جێبەجێ ناکات، چونکە "زۆر لە حکومەتەکانی پێشوو دەچێت."
رۆژی یەکشەممە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "ئەو حکومەتەی کە ئێوارەی شەممە 29ی ئادار لە دیمەشق راگەیێندرا، زۆر لە حکومەتەکانی پێشوو دەچێت لە رووی پشتگوێخستنی فرەڕەنگیی سووریا و بەردەوامبوون لە قۆرخکردنی دەسەڵات لەلایەن یەک لایەنەوە و نەبوونی نوێنەرایەتییەکی دادپەروەرانە و راستەقینە بۆ هەموو پێکهاتەکانی گەلی سووریا".
ئەم هەڵوێستەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر رۆژێک دوای ئەوە دێت کە ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری قۆناخی راگوزەری سووریا، کابینەیەکی نوێی بێ سەرۆکوەزیران راگەیاند، کە وەزارەتە گرنگەکانی دراونەتە کەسایەتییەکانی نزیک لە شەرع، لە کۆی 23 وەزیر تەنیا یەکیان کوردە کە نوێنەرایەتیی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ناکات، یەک وەزیری ژن، یەکی دورزی و یەکێکی عەلەوی تێدایە.
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەڵێت: "ئەم سیاسەتانەی کە حکومەتی دیمەشق سوورە لەسەر پەیڕەوکردنیان، دەمانگەڕێننەوە بۆ خاڵی سەرەتا، لە رووی قۆرخکردنی دەسەڵات لەلایەن یەک لایەنەوە و دوورخستنەوەی چین و پێکهاتە جیاوازەکانی سووریا لە پرۆسەی سیاسی و بەڕێوەبردنی کاروباری وڵات، ئەمەش بە تەواوی پێچەوانەی ئەو ئامانجانەیە کە سووریاییەکان شۆڕشیان بۆ کرد و پێچەوانەی ئەو گۆڕانکارییەیە کە ئاواتیان پێوە دەخواست".
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر جەختدەکاتەوە کە "هەر حکومەتێک گوزارشت لە فرەڕەنگی و فرەلایەنیی سووریا نەکات، ناتوانێت وڵات بە شێوەیەکی دروست بەڕێوەببات و لە قەیرانەکانی رزگار بکات، بەڵکو قەیرانەکان قووڵتر دەکاتەوە و هۆکارەکانی هەڵگیرسانی ناسڕێتەوە."
دەشڵێت: "ئێمە پابەند نابین بە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی، چونکە ئەم پێداگرییە لەسەر دووبارەکردنەوەی هەڵەکانی رابردوو زیان بە سووریاییەکان دەگەیەنێت و هەرگیز نابێتە هۆی دەستپێکردنی پرۆسەیەکی سیاسی گشتگیر، کە بتوانێت چارەسەری کێشە هەڵپەسێردراوەکان و قەیرانەکانی سووریا بکات."
پێکهێنانی حکومەتەکە هاوکات بوو لەگەڵ بانگەوازە نێودەوڵەتییەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی راگوزەری نوێی فرەلایەن لە دوای شەڕ و پێکدادانە خوێناوییە تائیفییەکانی سەرەتای ئادار لە ناوچە کەنارییەکانی سووریا.
د. محەممەد عەبدولرەحمان تورکۆ، کوردی خەڵکی عەفرینی رۆژئاوای کوردستان، کە پێشتر مامۆستای کۆلێژی یاسای زانکۆی دیمەشق بووە، بە وەزیری پەروەردە دەستنیشانکراوە.
وەزیرەکە لە سەردەمی دەسەڵاتی ئەسەد، جێگری سەرۆکی زانکۆی دیمەشق بووە، پۆستێک کە تەنیا بە دڵسۆزانی بەعس دەدرا.
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەڵێت: "دووپاتی دەکەینەوە کە ئێمە پابەندین بەو داواکارییە سەرەکییانەی کە سووریاییەکان سەرهەڵدانیان بۆ کرد، کە ئەویش بنیاتنانی سووریایەکی دیموکرات، فرەلایەن و لامەرکەزییە کە مافی هاووڵاتیبوون و بەشداریکردنی دادپەروەرانە لە هەموو بوارەکانی ژیانی سیاسی بۆ هەمووان دەستەبەر بکات، هەروەها رێگری بکات لە قۆرخکردنی دەسەڵات و بەڕێوەبردنی سووریا لەلایەن یەک لایەن یان گرووپێکەوە، بۆیە داوا دەکەین واز لە سیاسەتی پەراوێزخستن و دوورخستنەوە بهێنرێت و روو بکرێتە لەخۆگرتنی هەموو پێکهاتە، ئایین و تایفەکانی گەلی سووریا."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ