رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتی دەڵێت، نەیارانی هەرێمی کوردستان و مادەی 140، لە بەغدا لە سەردەمی رژێمی بەعس زیاترن؛ گوتیشی، ''تەنیا چارەسەر بۆ بەرەنگاربوونەوەی نەیاران، پێکەوەیی کوردە.''
ئەمڕۆ (یەکشەممە، 30-03-2025) شێرکۆ میروەیس، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو کە ئارێز خالید پێشکێشیکرد، لەبارەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ''هەموو گەشبینین، ئومێد دەکەین بتوانین لە زووترین کاتدا حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکبهێنین.''
زیاتر لە پێنج مانگە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچووە، چەندین جار پارتی و یەکێتی کۆبوونەوەیان کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکنەهێنراوە.
شێرکۆ میروەیس ئاماژەی بەوە دا، لە کۆبوونەوەکاندا هێشتا باسی دابەشکردنی پۆستەکان نەکراوە، ''بەڵکو زیاتر لەسەر کۆی دۆخەکە و پێویستیی پێکهێنانی کابینەی نوێ، گفتوگۆ کراوە.''
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی یەکێتی گوتی، پێویستە حیزبەکەی، بە قورسایی راستەقینەی خۆی لە حکومەت بەشدار بێت؛ ''ئێمە نامانەوێت بەشداریپێکراو بین، بەڵکو هاوبەشیمان دەوێت، ئەمە بۆ ئێمە بنەمایە.''
شێرکۆ میروەیس باس لەوە دەکات، پێویستە لە داهاتوودا بۆچوونی هاوبەشیان بۆ بەڕێوەبردنی هەرێمی کوردستان هەبێت، ''چونکە لە رابردوودا بۆچوونی حیزبی زاڵ بووە و سەبارەت بەو بابەتانەی پەیوەندیان بە بەغداوە هەبووە، [لەگەڵ پارتی] هەمووکات دوو تێڕوانینی جیاوازمان هەبوو''.
تاوەکو ئێستا جیا لە کۆبوونەوەی لیژنەی تەکنیکی و شاندی دانوستاندنی هەردوولا بۆ پێکهێنانی حکومەت، دوو جار مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرۆکی حکومەت، لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبوونەتەوە.
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی یەکێتی پێوایە، لە رابردوودا دەسەڵاتی وەزیرەکان رۆتینی بوون، ''ئێستا زیاتر باس لەوە دەکرێت رۆڵی راستەقینە بدرێتەوە بە وەزیران و حکومەت دەسەڵاتەکان شۆڕبکاتەوە، بۆ ئەوەی هەموو بابەتەکان نەچنەوە دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران.''
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کە 20-10-2024 بەڕێوەچوو، پارتی دیموکراتی کوردستان زۆرترین کورسیی بەدەستهێنا کە 39 کورسی بوو، دوای ئەویش یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 23 کورسی و بەدوایدا نەوەی نوێ 15 کورسییان بەدەستهێنا.
''پێکەوەیی، کورد لە بەغدا بەهێز دەکات''
بەگوتەی شێرکۆ میروەیس، رێککەوتن و گفتوگۆکانی پارتی و یەکێتی بۆ پێکهێنانی حکومەت، پرسی ناوچە کێشەلەسەرەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانیش دەگرنەوە؛ ''ئێمە لە ناوچە دابڕاوەکان گرفتی زۆر گەورەمان هەیە کە بەغدا هۆکاری سەرەکییە، بەڵام بەشێکیشی ئەوەیە کە ماڵی کورد پەرتەوازەیە.''
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی یەکێتی زیاتر باس لە گرنگیی رێکخستنی نێو ماڵی کورد دەکات و دەڵێت، ''ئەگەر لە بەغدا ساڵێک یان دوو ساڵ سەقامگیری هەبێت و رێگە راستەقینەکەی خۆی بدۆزێتەوە، یەکەم دۆسیە کە دەستی بۆ دەبات، دەستوورە. مادەی 140، هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتەکانی، یەکێکن لەوانەی کە ئەگەر نەیاریان لە سەردەمی سەدام زیاتر نەبێت، کەمتریش نییە، دەیانەوێت پاشەکشەی گەورەی پێبکەن، وڵاتانی دەوروبەریش هاوکارن بۆ ئەم بابەتە.''
شێرکۆ میروەیس تەنیا چارەسەر بۆ بەرەنگاربوونەوەی نەیارانی هەرێمی کوردستان و مادەی 140بە ''پێکەوەیی کورد'' دەزانێت و گوتیشی، ''دۆستی زۆرمان لە رۆژئاوا، ئەمریکا و وڵاتانی دەوروبەر هەیە، پێکەوەیی کورد و هاوکاریی ئەوان، دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی گوشارەکان''
جەختیشی لەوە کردەوە، ''ئەگەر هێزە سیاسییە کوردستانییەکان بتوانن پێداچوونەوەی جدی بە سیاسەتی خۆیاندا بکەن، بۆچوونی نیشتمانی زاڵ بێت بەسەر بۆچوونی حیزبیدا، پێموایە هێشتا ئەگەری بەهێزبوونمان زۆرە لە بەغدا.''
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ