رووداو دیجیتاڵ
هەردوو پێکهاتەی کوردی ئێزدی و عەرەب ئەمڕۆ (شەممە) لەسەر ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی لە باکووری شنگال رێککەوتن و پارێزگاری نەینەوا رێککەوتنەکەی بە مێژوویی وەسفکرد و پەسندی کرد.
عەبدولقادر دەخیل، پارێزگاری نەینەوا لەکاتی واژۆکردنی رێککەوتننامەکە گوتی، "پرۆژەیەکی تەواو دەدەینە سەرۆکوەزیرانی عێراق، کە خزمەتگوزاری بۆ هەموو ناوچە بەشخوراوەکان لە ناوچەکانی رۆژئاوای نەینەوا بەتایبەتی قەزاکانی تەلەعفەر، شنگال و بەعاج دەگرێتەوە."
پارێزگاری نەینەوا رێککەوتنەکەی بە "مێژوویی" چوواند و گوتی، "پاش 10 ساڵ لە ئۆپەراسیۆنی رزگارکردن، رێکخراوە تیرۆریستییەکان هەوڵیان دا ئاژاوە لەنێوان پێکهاتەکانی نەینەوا بنێنەوە و تەونی کۆمەڵایەتی لەبەریەک هەڵبوەشێننەوە، ئەوەش لە رێگەی چاندنی بیری رق و کینە و دەمارگیری؛ بەڵام رۆژ دوای رۆژ، نەینەوا سەلماندی کە شاری شارستانی و مێژووە و گەلەکەی پەیوەستە بە خاکەکەیەوە."
عەبدولقادر دەخیل، جەختی لەوە کردەوە، دوای 10 ساڵ ئەرکیانە کوردانی ئێزدی بە شکۆوە بگەڕێننەوە شنگال، متمانەیان بە هۆزە ئێزدی و عەرەبەکانە و هەنگاوی رەسەنانەیان ناوە و لەگەڵ حکومەتی خۆجێیش پێکەوە کاردەکەن، تاوەکو ئەوپەڕی هەوڵبدرێت هەموو ئاستەنگەکان لەبەردەم گەڕانەوەی ئێزدییەکان و پێکهاتەکانی دیکە بۆ شنگال لاببرێن.
رۆژی 30ـی ئاداری 2024 سەرکردەی پێکهاتەکانی کوردانی ئێزدی و عەرەب کۆبوونەوە و رێککەوتنی ئاشتیی کۆمەڵایەتییان لە باکووری شنگال پەسندکرد، لە رێگەی ئەو رێککەوتنەوە پابەندبوونی خۆیان راگەیاند بە وەلانانی تووندتیژی، تووندئاژۆیی، هەروەها پیشتوانیکردنی رێکارەکانی دەوڵەت و دامودەزگاکانی و پەنابردن بۆ سەروەریی یاسا بۆ یەکلاکردنەوەی ناکۆکییەکان و گرفتەکانیان، هەروەک داوا لە لایەنە حکومییە چالاکەکان دەکەن، ئیدارەی خۆجێی شنگال و پێکهاتە ئەمنییەکانی یەکبخەن و بەپەلە پرۆسەی قەرەبووکردنەوەی ئەوانە تەواوبکەن، کە کەسوکاریان لە شەڕی داعش، یاخود لەکاتی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لەدەستداوە.
بەشداربووانی کۆبوونەوەکە پابەندبوونی خۆیان دووپاتکردەوە بەوەی:
- پشتیوانی دەسەڵاتی دەوڵەت و کارکردنی پێکەوەیی بۆ پشتیوانی لە دامەزراوەکانی دەوڵەت، تاوەکو پێویستییەکانی خەڵکی خۆجێی بەدیبهێنێت و فریای پێویستییەکان بکەوێت.
- پشتیوانی دەسەڵاتی یاسا، بکرێتە مەرجەعی سەرەکی بۆ بەڕێوەبردنی هەموو کاروبارەکان، پەنا نەبردن و رازبوون بە هەر کارێک، کە لەگەڵ هێزی یاسا یەکناگرێتەوە.
- پشتیوانیی هێزە ئەمییەکان و پەرەپێدانی هەستی بەرپرسیاریێتی لای تاکی ناوچەکە.
- بڵاوکردنەوەی گیانی خۆشەویستی، لێبوردەیی، پێکەوەژیانی هاوبەش، رۆشنبیریی را و رای بەرامبەر قبوڵ بکات، زمانی دیالۆگ سەردار بێت بۆ گەیشتن بە زەمینەسازی هاوبەش.
- وەلانانی تووندتیژی بە هەموو شێوەیەک، ئەوەش لە رێگەی بیری دروست و میانڕەویی، دەرفەتیش بە دروستبوونی هیچ بیرێکی رادیکاڵی نەدرێت.
- بەرپەرچدانەوەی هەر هەوڵێک بۆ نانەوەی ئاشووب، دووبەرەکی و هەڕەشەکردن لە هاوسۆزی کۆمەڵایەتی.
هەر لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لەپێناو پشتیوانیکردن لە پابەندبوونەکانی کۆمەڵایەتی کە لەسەرەوە باسکراون و پشتیوانی لە پێکەوە هەڵکردنی کۆمەڵایەتی لە باکووری شنگال، بەشداربووانی کۆبوونەوەکە داوای پشتیوانی لە دامەزراوەکانی دەوڵەتی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەن بۆ جێبەجێکردنی راسپاردەکانیان کە بریتین لە:
- یەکلاکردنەوەی دۆسیەی ئیدارەی شنگال و کۆتاییهاتنی مەینەتی دانیشتوانەکەی کە خەرجی و سەختییەکی زۆر زۆر دەکێشن بەدەست هاتووچۆکردن بۆ شوێنی دوور، بەمەبەستی راییکردنی مامەڵە پێویستەکانیان، چونکە یەکەی کارگێڕیی ئێستا لە دەرەوەی جوگرافیای ناوچەکەیە و زۆر دوورە.
- یەکخستنی دۆسیەی ئەمنی، هەموو هێزە ئەمنییەکان بەیەک ئیدارەوە گرێبدرێن، فەرمان لە حکومەت وەربگرن و کارەکان لە چوارچێوەی پەیڕەوی ئەمنی رایی بکەن.
- رێکخستنی هەڵمەتی فریاکەوتنی شنگال، کە رووبەڕووی وێرانەیی بووەتەوە لە سەردەمی داعش، یان لەکاتی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان، قەبارەی پشتیوانی و پاڵپشتییەکان لە بواری ئاوەدانکردنەوەی شنگال جێگەی شەرمەزارییە، لەگەڵ قەبارەی وێرانەیی شنگال ناگونجێت.
- بە پەلە مامەڵەی قەرەبووکردنەوە، شایستەی شەهیدان و شوێنبرزبووان تەواو بکرێن، کە لە ئەنجامی تیرۆر، یان لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکانی رزگارکردن بوونەتە قوربانی، تائێستا زۆربەی هەر زۆری خەڵکی باکووری شنگال قەرەبووی گونجاو نەکراونەتەوە کە شایستەی وێرانەیی موڵک و ماڵیان بێت، ئەمانە رووبەڕووی ئاڵنگاری و رێکارە رۆتینەکان دەبنەوە، ئەوەش وایکردووە شایستەکانیان وەرنەگرن، باشترین بژارەش ئاسانکاریی یاساییە بۆ تەواوکردنی مامەڵەکانیان و بە خێرایی قەرەبوو کردنەوەیانە.
- بە لەبەرچاوگرتنی گۆڕانی کەشوهەوا وهەڕەشەی بژێوی کە ناوچەکە بەدەستییەوە دەناڵێنێت، داوا لە حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی خۆجیی دەکەن فریای دانیشتوانی ناوچەکە بکەوێت، پرۆژەی گەیاندنی ئاوی خواردنەوە و پرۆژەی ئاودێریی ئەنجام بدەن، کە ناوچەیەکی فراوان بۆ کشتوکاڵ لێی سوومەند دەبێت، ئەوەش لە چەندین بواردا سوودی بۆ ئابووریی نیشتمانی دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ