لە لوڕستان دەست بەسەر 345 کیلۆگرام تریاکدا گیرا

رووداو دیجیتاڵ

لە شاری پۆلدۆختەری سەر بە پارێزگای لوڕستانی رۆژهەڵاتی کوردستان، دەست بەسەر 345 کیلۆگرام مادەی هۆشبەر لە جۆری تریاکدا گیرا، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگاکە دەڵێت، ''لە پارێزگاکانی باشووری ئێرانەوە هێنراوە.''
 
ئەمڕۆ (شەممە 30-03-2024) یەحیا ئیلاهی، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای لوڕستانی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، لەلایەن تیمەکانی بەرەنگاربوونەوە و نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان لە شاری پۆلدۆختەری سەر بە پارێزگاکە، بارهەڵگرێک راگیراوە کە دوای پشکنینی ورد، دەرکەوت 345 کیلۆگرام مادەی هۆشبەری لە جۆری تریاک تێدا بووە و دەستی بەسەردا گیراوە. 
 
یەحیا ئیلاهی گوتی، پەیوەست بە دۆسیەکە دەست بەسەر بارهەڵگرەکەدا گیراوە و شۆفێرەکەشی دەستیگرکراوە، کە دوای کردنەوەی پەڕاوی لێکۆڵینەوە، رادەستی دەسەڵاتی دادی پارێزگاکە دەکرێت.
 
بەگوتەی بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگاکە، ئەو بڕە تریاکە لە پارێزگاکانی باشووری ئێرانەوە هێنراوەتە لوڕستان و لەوێوە هەوڵی گواستنەوەی بۆ پارێزگاکانی دیکەش دراوە. 
 
وەک یەحیا ئیلاهی ئاماژەی دا، تیمەکانیان بەدواداچوونی ورد بۆ سەرچاوەی سەرەکیی هێنانی مادە هۆشبەرەکە دەکەن و لەوبارەوە لەگەڵ پۆلیسی پارێزگاکانی دیکەش لە پەیوەندیی چڕدان.
 
رۆژی 23-03-2024 بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی لوڕستان رایگەیاند، ''مانگی رابردوو لەو پارێزگایە دەست بەسەر 395 کیلۆگرام مادەی هۆشبەر و چوار هەزار و 774 حەبی کارلێکەرە عەقڵییەکاندا گیراوە و 220 کەسیش دەستگیرکراون.''