104 گرووپ لە فێستیڤاڵی یارییە کۆنە کوردەوارییەکانی رەبەت بەشدار بوون

رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی کۆتاییهاتنی پێنجەمین فێستیڤاڵی یارییە خۆماڵییەکان لە رەبەتی رۆژهەڵاتی کوردستان، رێوڕەسمێک بەڕێوەچوو. پێنجەمین خولی فێستیڤاڵەکە مانگێک درێژەی کێشا و هەینی (29-3-2024) تەواو بوو.
 
104 گرووپ لە فێستیڤاڵی یارییە کۆنە کوردەوارییەکانی رەبەت بەشدار بوون و، گرووپ و یاریزانانی براوە لە سێ بەشی جۆرابێن، تاوڵە و دۆمینە خەڵاتکران.
 
رەسوول فەهر، بەرپرسی دەستەی یارییە خۆماڵییەکانی سەردەشت دەڵێ "هیوادارم ئەو یارییە کۆنانەی لە باب و باپیرانمانەوە بۆمان بەجێماون، بتوانین بیانگەیێنینە دەستی منداڵەکانمان و نەوەکانمان و بتوانین ئەو یارییانە هەمیشە بە زیندوویی رابگرین."
 
لە جۆرابێندا گرووپەکانی سەقز و رەبەت و میراوێ پلەی یەکەم تاوەکو سێیەمیان بەدەستهێنا. لە دۆمینەشدا یاریزانانی رەبەت و کەماڵ کەمانیش پلەی یەکەمی تاوڵەی بەدەستهێنا.
 
بەها ئاڵتوون، براوەی خەڵاتی باشترین یاریزانی جۆرابێن لە فێستیڤاڵی رەبەت دەڵێ "جۆرابێن 150 خاڵە، هەرکەسێک بتوانێت زووتر ئەو 150 خاڵە بەدەستبهێنێت، براوەیە."
 
خەلیل رەسوولی، بەشداربووی فێستیڤاڵی یارییە خۆماڵییەکان لە رەبەت بە رووداوی گوت "هەموو ساڵێک لە وەرزی زستاندا لە هەموو شارەکان پێشبڕکێ دەکرێت، شاری وا هەیە هەتاوەکو 170 تیمی هەیە، لە سەقز 256 تیم بەشداری ئەو یارییە بوون." 
 
ئەمساڵ ژمارەی گرووپ و یاریزانانی جۆرابێن لە پار کەمتر بوو، بەڵام یاریزانانی بەشدار دەڵێن، ئاستی یاریزانان بەرزتر بوو بەراورد بە ساڵانی رابردوو.