کارەبای گەرمیان: 75 مێگاوات کارەبا لە وێستگەی گازی حەسیرە کەمی کردووە


رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای گەرمیان دەڵێت، بەهۆی راگرتنی هەناردەکردن و بەرهەمهێنانی نەوتەوە لەم هەفتەیەدا ئەو بڕە کارەبایەی لە وێستگەی گازی حەسیرە بەرهەم دەهات، لە 100 مێگاواتەوە بۆ تەنیا 25 مێگاوات کەمی کردووە. دەشڵێت، "هێشتا دیار نییە کەمبوونەوەکە بەهۆی چییەوەیە، بەڵام لەدوای بڕیاری راگرتنی نەوتی کوردستان بە سێ رۆژ ئەو کێشەیە دروستبووە."
 
رۆژی پێنجشەممە، 30-3-2023، ئەندازیار حازم کەریم، بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، " ماوەی دوو بۆ سێ رۆژ دوای بڕیاری راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان، رێژەی بەرهەمهێنانی کارەبا لە وێستگەکە، کە 100 مێگاوات بوو، بۆ 25-30 مێگاوات کەمی کردووە، واتە 70-75 مێگاوات کارەبامان کەمی کردووە، ئیدی نازانین ئەو 25 مێگاواتەی ماوە هی تانکییە یەدەگەکانە کە گازیان تێدا ماوە یان نا."
 
بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای گەرمیان دەڵێت، "ئەگەر بەرهەمهێنانی نەوت بەتەواوەتی رابگیرێت، بەرهەمهێنانی کارەبا لەو وێستگەیە دەبێتە سفر، چونکە ئەو وێستگە گازییە و پشت بە گازی هاوەڵ دەبەستێت کە لەگەڵ دەرهێنانی نەوت دەردەهێنرێت."
 
ئەندازیار حازم کەریم لەبارەی کاریگەریی کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی کارەبا لە وێستگەی حەسیرە ئاشکرایکرد، "لە کۆی ئەو کارەبایەی لە هەرێمی کوردستان بەرهەم دەهێنرێت 120 مێگاواتمان بەردەکەوێت کە دەکاتە رێژەی 4.7٪، واتە ئەگەر ئەو 100 مێگاواتەی لە وێستگەی گازی حەسیرە بەتەواوەتی نەمێنێت، ئەوا ئێمە لەو 120 مێگاواتەی پشکی ئیدارەی گەرمیانە بەڕێژەی 4.7 کەمدەبێتەوە."
 
بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای گەرمیان باسی لەوەش کرد، ئێستا لە گەرمیان لە 24 کاژێردا 21 بۆ 22 کاژێر کارەبای نیشتمانی بە هاونیشتمانییان دەدرێت.
 
وێستگەی کارەبای 165 مێگاواتی گەرمیان، کە لە گازی بەفیڕۆچووی بیرە نەوتییەکانی حەسیرە کارەبا بەرهەمدەهێنێت، ساڵی 2021 کارەکانی دروستکردنی تەواو بووە و دەستی بە بەرهەمهێنانی کارەبا کردووە. رووبەری وێستگەکە 35 دۆنم زەوییە و پێکهاتووە لە 180 موەلیدە و 45 گۆڕەڕ، توانای بەرهەمی کارەبای هەر موەلیدەیەکیش 0.9 مێگاواتە، ئەمە جگە لەوەی کە بەرهەمی رۆژانەی ئەو وێستگەیە، زیاتر لە 100 مێگاواتە و هەوڵەکانیش بۆ زیادکردنی ئەو رێژەیە بەردەوامن.
 
شەوی پێنجشەممەی هەفتەی رابردوو دەستەی نێوبژیوانی لە دادگەی ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتی لە پاریس، تورکیا و عێراقی لە بڕیاری تایبەت بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانی ئاگادارکردەوە. کاژێر 12:00ـی رۆژی هەینی، 24-03-2023، تورکیا هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانی راگرت، وەکو پابەندبوونێک بە بڕیاری دادگەکە، کە پشتئەستوورە بە "رێککەوتننامەی هێڵی بۆرییەکانی نەوتی خاو"ـی نێوان عێراق و تورکیا.
 
بەهۆی بڕیارەکەوە ژمارەیەک کۆمپانیا بەرهەمهێنانی نەوتیان لە کێڵگە نەوتییەکانی کوردستان راگرتووە، بەهۆی نەبوونی عەمباری نەوت ناتوانرێت نەوت بەرهەمبهێنرێت.