وەزارەتی کارەبا: لە 25ـی ئەم مانگەوە رۆژانە زیاتر لە 20 کاژێر کارەبا بە هاونیشتمانییان دراوە


رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هێشتا راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و بەرهەمهێانی لە بەشێک لە کێڵگەکان کاریگەریی لەسەر رەوشی کارەبا نەبووە. دەشڵێت، لە 25ـی مانگەوە تاوەکو ئەمڕۆ رۆژانە زیاتر لە 20 کاژێر کارەبای نیشتمانی بە هاونیشتمانییان دراوە.
 
رۆژی پێنجشەممە، 30-3-2023، ئەردەڵان شوکری، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی کارەبا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "راگرتنی هەناردەکردنی نەوت و راگرتنی نەوت لە بەشێک لە کێڵگەکان کاریگەریی لەسەر بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان نەبووە، بەپێی ئەو خشتەیەی لەبەردەستی ئێمەدایە لە مانگی رەمەزاندا کارەبا زیاتر بە هاونیشتمانییان دەدەرێت، لە رۆژی 25ـی ئاداریشەوە رۆژانە بڕی زیاتر لە 20 کاژێر کارەبای نیشتمانی دراوە."
 
بە گوتەی ئەو بەڕێوەبەرە، "یەکێک لە هۆکارەکانی زیادبوونی پێدانی کارەبای نیشتمانی بۆ گۆڕینی وەرز و باشتر مامەڵەکردنی خەڵکە لەگەڵ کارەبا و کەمبوونەوەی رێژەی بەکارهێنانی زۆری کارەبا دەگەڕێتەوە."
 
سەبارەت بە بڕی بەرهەمهێنانی ئێستای کارەبا لەلایەن وەزارەتەکەیانەوە، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی کارەبا دەڵێت، " وەزارەتی کارەبا بڕی 3800 مێگاوات کارەبا بەرهەمهدەهێنێت، توانای بەرهەمهێنانی 7 هەزار مێگاواتی هەیە کە خواستی هاونیشتمانییانە، بەڵام بەهۆی کەمیی سووتەمەنییەوە ناتوانرێت ئەو 7 هەزار مێگاواتە بەرهەم بهێنرێت."
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو؛ ژمارەی هاوبەشانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 1 ملیۆن و 800 هەزار هاوبەش دەبێت، وەزارەتی کارەبا لە سەرەتای مانگی رەمەزان رایگەیاند، لەم مانگەدا رۆژانە 18 بۆ 19 کاژێر کارەبای نیشتمانی بە هاونیشتمانییان دەدرێت.
 
رۆژی 25ـی ئەم مانگە، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بە کاریگەریی بڕیاری دەستەی نێوبژیوانیی پاریس راگیرا، بڕیارەکە دوای ئەوە دێت کە عێراق لەو دەستەیە لە دژی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان سکاڵای تۆمارکردبوو، بەشێک لەو کارەبایەی لە هەرێمی کوردستانیش بەرهەمدەهێنرێت لە رێگەی گازەوەیە کە لە کێڵگەکان بەرهەم دەهێنرێت.