شەپۆلێکی بەفربارین و سەرما کوردستان دەگرێتەوە

30-03-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
نیشانەکردن بەفر سەرما
A+ A-
رووداو  دیجیتاڵ
 
شەپۆلی سەرما و بەفربارین، لەهەندێک شوێنیش رەشەبا و بارانی بەلێزمە پارچەکانی کوردستان دەگرێتەوە و پلەی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو دادەبەزێت.
 
لە هەرێمی کوردستان تاوەکو شەممە شەپۆلی سەرما بەردەوام دەبێت 
 
عامر جابری، بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی گشتیی تۆمارکردنی کەشوهەوا و بوومەلەرزەزانیی عێراق ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 30-03-2023) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لەمڕۆوە شەپۆلێکی سەرما و سۆڵە عێراق و هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، تاوەکو رۆژی شەممە بەردەوام دەبێت و پلەی گەرما 3 بۆ 6 پلە دادەبەزێت، لە هەندێک ناوچەشدا باران دەبارێت".
 
هاوکات گوتیشی: خۆڵبارین ناوچەکانی عێراق جگە لە هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و لە هەندێک ناوچەی هەرێمی کوردستاندا بارانیش دەبارێت. 
 
 
لە چەند پارێزگایەکی باکووری کوردستان سەرما بووەتە هۆی داخستنی دەرگای قوتابخانەکان 
 
شەپۆلێکی بەفر و باران باکووری کوردستان و تورکیای گرتووەتەوە و بەهۆیەوە ئەمڕۆ لە نۆ پارێزگادا لە خوێندنگەکان کرایە پشوو.
 
بەهۆی شەپۆلە چاوەڕوانکراوەکەی بەفر و باران، ئەمڕۆ لە تەواوی خوێندنگەکانی پارێزگاکانی مووش، سێواز، نەڤشەهیر، گوموشهانە، گیرەسوون، بایبورت، یۆزگات، سامسوون و ئۆردوو پشووی فەرمییە. هەروەها لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا فەرمانبەرانی دووگیان و خاوەن پێداویستیی تایبەت پشووی کارگێڕییان پێدراوە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی رۆژی چوارشەممە، 29-3-2023 لەلایەن دەزگای کەشناسییەوە شەپۆلێکی تووندتری بەفر و باران بەڕێوەیە کە تاوەکو پێنج رۆژ بەردەوام دەبێت.
 
بەگوێرەی بەڕێوەبەرایەتیی کەشوهەوا لەم چەند رۆژەدا بە شێوەی تێکڕا، پلەی گەرما لەنێوان 8 بۆ 15 پلەی سیلیزی دادەبەزێت و کاریگەرییەکانی رەشەباش بەردەوام دەبن، بە جۆرێک خێرایی با (50-70 کیلۆمەتر/کاژێر) دەبێت و ئەو خێراییە لە هەندێک شوێندا تا (70-100 کیلۆمەتر/کاژێر) دەبێت.
 
لە رۆژهەڵاتی کوردستان سەرما مەترسی بۆ سەر کشتووکاڵ دروست دەکات 
 
کەشناسییەکانی پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان پێشبینی دەکەن شەپۆلێکی هەوای زۆر سارد لە رۆژانی داهاتوودا روو لەو پارێزگایانە بکات و هۆشدارییان بە خاوەن باخەکان داوە رێوشوێنی پێویست بگرنەبەر بۆ ئەوەی باخەکانیان شەختە نەیبات.
 
بەپێی راگەیەنراوی کەشناسیی پارێزگای ورمێ، لە دوانیوەڕۆی رۆژی هەینییەوە تاوەکو نێوەڕاستەکانی هەفتەی داهاتوو بەفر دەبارێت و سەهۆڵبەندان دەبێت، لە رۆژانی شەممە و یەکشەممەشدا پلەکانی گەرما تاوەکو 10 پلەی ژێر سفری سیلیزی دادەبەزن.
 
کەشناسیی پارێزگای لوڕستانیش پێشبینی دەکات لە رۆژانی هەینی و شەممەدا شەپۆلێکی هەوای سارد ئەم پارێزگایە بگرێتەوە و پلەی گەرما بۆ ژێر سفر دابەزێت، بەم پێیەش ئەگەری هەیە زەرەر و زیان بە باخ و کشتوکاڵی خەڵک بگات.
 
کامران پیرزادی، لە بەرپرسانی رێکخراوی کشتوکاڵی پارێزگای لوڕستان، داوای لە  باخدارەکان، جوتیاران و خاوەن خانووە پلاستیکییەکان کرد، رێوشوێنی پێویست بگرنەبەر بۆ ئەوەی زیانیان پێنەگات.
 
کەشناسیی پارێزگای سنەش، دەڵێ بارینی باران لە رۆژی هەینییەوە دەستپێدەکات، بەڵام لە ناوچە شاخاوییەکاندا بەفر دەبارێت. لەم پارێزگایەشدا پلەکانی گەرما 6 تاوەکو 9 پلە دادەبەزن.
 

 

نوێدەکرێتەوە...

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

پارتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان 190 بەربژێری دەبێت و زۆرترینیان لە سلێمانییە

پارتی دیموکراتی کوردستان لە دوایین رۆژی دیاریکراو بۆ پێشکێشکردنی لیستی ناوی بەربژێران، لیستەکەی رادەستی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دەکات. 190 بەربژێری دەبێت و زۆرترین بەربژێری لە پارێزگای سلێمانییە.