لە چوارقوڕنە هاونیشمانییەک لەکاتی پەڕینەوە بارهەڵگرێک لێی دەدات و گیان لەدەستدەدات

 
رووداو دیجیتاڵ

لە ناحیەی چوارقوڕنە ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر لە جۆری "میکسەر" لە هاونیشتمانییەک دەدات، لە کاتێکدا ویستوویەتی لە شەقامەکە بپەڕێتەوە، بەو هۆیەوە هاونیشتمانییەکە گیانی لەدەستداوە.
 
رۆژی چوارشەممە 30-03-2022 عەلی عەبدوڵڵا، گوتەبێژی هاتووچۆی راپەڕین بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "کاژێر 07:30ی بەیانیی ئەمڕۆ، ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگری جۆری میکسەر کاتێک گڵۆپی ترافیک لایت سەوز بووە، رۆشتووە؛ بەڵام لەوکاتەدا هاونیشتمانییەکە پەڕیوەتەوە، میکسەرەکە لێی داوە و دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە".
 
گوتەبێژی هاتووچۆی راپەڕین ئاماژە بەوەش دەکات، "بەگوێرەی یاسا، ئەگەر گڵۆپی هاتووچۆ سەوزیش بێت، دەبێت ئۆتۆمبێل بۆ پیادە رابوەستێت، بە پێچەوانەوە شۆفێر تۆمەتبارە، چونکە پیادە هەیە منداڵ یان بەخشراوە و هیچ لە یاساکان نازانێت".
 
بەگوێرەی ئامارەکانی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان، ساڵی 2021 لە هەرێمی کوردستان 4119 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە و بەهۆیانەوە 662 کەس گیانیان لەدەستداوە و 7121 کەسی دیکەش بریندار بوون.