پۆلیسی سلێمانی: لە قەرەداخ تۆمەتبارێک دەستگیرکرا کە تەقەی لە باوکی کردبوو

 

رووداو - هەولێر 

پۆلیسی سلێمانی رایدەگەیێنێت، مەفرەزەكانی بەشی پۆلیسی قەرەداخ تۆمەتبارێكیان دەستگیركرد كە تەقەی لە باوكی كردبوو و هەڵاتبوو. ئەمە یەكەم رووداوە كە لە رۆژی قەدەی هاتووچۆوە تۆماردەكرێت.
 
لە راگەیێندراوێکدا کە ئەمڕۆ دووشەممە 30-03-2020 پۆلیسی سلێمانی بڵاویکردووەتەوە هاتووە "پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ بەشی پۆلیسی قەرەداخ ئاگاداركرایەوە لە بوونی رووداوێكی تەقەكردن لە گوندێكی سنووری قەزای قەرەداخ ، دەستبەجێ‌ مەفرەزەكانی بەشی پۆلیسی قەرەداخ بە هەمئاهەنگی لەگەڵ ئاسایشی سنوورەكە گەیشتنە شوێنی مەبەست و كەشف و هێڵكاری شوێنی رووداوەكە كراو دەركەوت كە تۆمەتبار باوكی بە فیشەك برینداركردووە و هەڵاتووە".
 
پۆلیسی سلێمانی ئاماژە بەوە دەدات، "تۆمەتبارەکە دەستگیرکراوە و دەستیش بەسەر چەکێک لە جۆری کڵاشینکۆڤدا گیراوە کە تۆمەتبار بەکاریهێناوە". 
 
وەک پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بە ناوەکەی کردووە و تێیدا هاتووە "تۆمەتبار (ب، س، ج) لەدایكبووی 1999، دانیشتووی گوندی تلەزەیت لە سنووری قەزای قەرەداخ ، بەبڕیاری بەڕێز دادوەر و بەپێی ماددەی 405-31 لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراوە".