بۆ پاراستنی تەقتەق لە لافاو، دیوارێکی هەزار و 670 مەتری دروستدەکرێت

رووداو - تەقتەق

سێ دەیەیە ئاستی ئاوی زێی بچووک بەشێوەی ئەمساڵ زیادی نەکردووە. لە شارۆچکەی تەقتەق کە کەوتووەتە سەر زێی بچووک، ئامادەکاری بۆ رێگری لە لافاو و دوورخستنەوەی مەترسییەکانی بەرزبوونەوەی ئاوی رووبارەکە دەکرێت.

هۆشداری بەرپرسانی کۆیە بۆ دوو رۆژی داهاتووە، چونکە پێشبینی بارانێکی بەخوڕ دەکرێت کە دەبێتە هۆی لافاو.

حاکم تارق حەیدەری، قایمقامی کۆیە دەڵێت "گەڕەکێک لە تەقتەق و پڕۆژەی ئاوی کۆیەش مەترسیان لەسەرە، بۆیە بەدرێژایی هەزار و 670 مەتر دیوارێک دروستدەکرێ بۆ ئەوەی ماڵەکان بپارێزین. پارێزگار هەولێر بەخێرایی رەزامەندی لەسەر ئەوە داوە کە 31 ملیۆن دینار بۆ دیوارە راگرەکە خەرجبکرێت".

تاوەکو ئێستا لە سنووری تەقتەق زیاتر لە 50 دۆنم زەوی کشتوکاڵی و چوار پڕۆژەی گەشتیاری ژێر ئاو کەوتوون، بەشێک لە خەڵکیش کەلوپەلی نێو ماڵەکانیان گواستووەتەوە.

مەترسییەکانی دروستبوونی لافاو و بەرزبوونەوەی زیاتری ئاوی زێی بچووک، دوای ئەوە زیاتر بوون کە بەنداوی دووکان تەنیا مەترێک و 30 سانتیمەری ماوە پڕبێت و لەسەری بڕژێت.


لە بەنداوی دووکانەوە بە درێژایی زیاتر لە 200 کیلۆمەتر لە کەنارەکانی زێی بچووک لە هەر سێ سنووری سلێمانی، هەولێر و کەرکووک تاوەکو زێیەکە دەڕژێتە رووباری دیجلە و مەترسی بەرزبوونەوەی ئاوی زێی بچووک و لافاو هەیە.

كەشناسیی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، لە ئێوارەی رۆژی شەممەوە بارانبارینی بەلێزمە دەستپێدەكات ‌و تاوەكو نیوەڕۆی رۆژی دووشەممە دەخایەنێت‌.